دیموكراتیەت و ھەڵبژاردن

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

یەكێك لە پایەكانی دیموكراسی ھەڵبژاردنە ، دەسەڵاتی كوردستانی یەك ھەڵبژاردن نەبووە لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدات ، ماوەیەكی زۆرە خودی بلاسخارت و یوئێن ھەوڵدەدەن ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدەن ، سەردانی سەرجەم بەرپرس و حیزبەكانیان كرد بۆ مەبەستی ھەڵبژاردن، ھەردوو حیزبەكەی دەسەڵات لە ژێر پاساوی جیا جیادا مل نادەن، تازە بەتازە دەڵێن بەربەستەكانی بەردەم ھەڵبژاردن لادەدەن.

 

لە خولی یەكەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دونیایەك ساختەكاریان كرد ، ھەموو حیزبەكانی بەشدار بوو بەپارتی و یەكێتی یەوە دونیایەك بەڵگەنامەی ساختەكاری یەكتریان خستە ڕوو ، نامەو بروسكەكانی مام جەلال یادی بەخێرو كاك مسعود بارزانی و لێژنەكانی ھەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستییەن ، بە پێی ئەو ھەڵبژاردنە ساختەكاریە پەرلەمان و حكومەت پێكھات ، لە ئەنجامی ڕێككەوتنی ھەردوو حیزب ، كەواتا بنەمای دامەزراندنی ئەم دەسەڵاتە لەسەر بڕوا بوونیان بە  دیموكراسی و ھەڵبژاردن نەبووە ، بۆیە ھەڵبژاردن دوا دەخەن و ساختەكاریش بەردەوام دەبێ.

 

لە ئەنجامی ئەو ناڕەزاییەی لایەنەكان لە سەر تەزویری ھەڵبژاردنەكان  ،  پارتی و یەكێتی لە ١٩٩٢/٥/٢٢ ڕێككەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:-

 

١- ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی داھاتوو لە ١٩٩٢/١٠/١٥

 

٢- ھەڵبژاردنی ڕابەر دوای دوو مانگ بكرێتەوە

 

٣- ئەنجومەنی نیشتیمانی پێكەوە لەنێوان ھەردوولا بەیەكسانی پێك بێ

 

٤- سەرۆكی ئەنجومەنی پەرلەمانی پارتی بێت و جێگرەكەی یەكێتی

 

٥- سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن یەكێتی بێ و جێگر پارتی

 

٦- ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بەیەكسانی دابەش بكرێت

 

٧- دژی یەكتر ھیچ جۆرە تحالفێك نەكەن

 

٨- ھەڤاڵان مام جلال و كاك مسعود بەیانێك دەربكەن دەربارەی ھەڵبژاردنی ڕابەر

 

٩- لە ئێستاوە ھەردوولا ھەوڵی یەكخستنی داو دەزگاكانی شوڕش ئەدەن

 

١٠- اعلانی نتائجی ھەڵبژاردن لەلایەن لیژنەی باڵا ئەكرێ وەك ھەیەو لەگەلیا بەیانێكی موشتەرەكی نێوان پارتی و یەكێتی دەرئەچێ

 

١١- ھەر بریارێك لە ئەنجومەنی پەرلەمان دەرچوو بەڕەزامەندی ھەردوولا ئەبێ.

 

بەڵێ ئەوەیە دیموكراتیەت و ھەڵبژاردن لە عقلیەتی حیزبەكانی دەسەڵاتەوە بۆیە خەڵك بەشدار نابێ، تاكو گوڕانكاری لەو عقلیەتە نەكرێ ، نەھەڵبژاردن جێی خۆی دەگرێتەوە و نە زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان بەشداری دەكات ، ئەوان بەتەزویر بێت یان بەھێزی چەك و پارە بێت ھەڵبژاردنی شكلی دەكەن و لەدەسەڵاتیش دەمێننەوە.


12/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر