گەر بمانەوێ پێناسەیەکی سادە بۆ تاکتیک و ستراتیژ بکەین، ئەوا ستراتیژ مانای دانانی بەرنامەو پلانێکی درێژ خایەن بۆ مەوداییەکی دوور و چۆنیەتی کارکردن و بریاردان لە سەری بەئامانجی جێبەجێکردنی.
بەڵام تاکتیک شیوازیکی کردەییە بۆ گەیشتن بەیەکێک لە ئامانجەکانی ئەو ستراتیژەی کە تێکوشان و کاری بۆ دەکرێت کەواتا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجێک پێویستییت بە ستراتیژە و بۆ بەکردەیی کردنی ئەو ئامانجە ڕەوایە پێویستییت بەتاکتیک ھەیە،ئەویش بەمەبەستی جێبەجێکردنی قوناغ بە قوناغ، تاکتیک هەردەم لە خزمەتی ستراتیژدایەو دەشێ و دەکرێ بە پێی دۆخ و زەمەن و پێشهاتی کووتووپڕ تاکتیک گۆڕانکاری بەسەردابێت،واتە تاکتیک بگۆڕەو ستراتیژ نەگۆڕ.
تاکتیک و ستراتیژ دوو چەمکی فکری و سیاسیین، لەکاری حزبیدا و پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیەو گریدراون بەیەکترەوە، ھەروەھا ھەردوو چەمک ڕۆڵی کاریگەریان ھەیە لە ژیانی فیکری و سیاسی و ڕیکخستنی حزبایەتیدا ، بۆیە واپێویست دەکات پەیوەندییەکانی ئەم دوو چەمکە بریتی بێت لە کۆمەک و خزمەتکردن، نابێت و ناکرێت ستراتیژ ببێتە قوربانی تاکتیک ،واتا ھەردوو چەمک پارێزگاری خەسڵەت و سیفەتە بنچینییەکانی خۆیان دەکەن و لە دەستی نادەن.
لەم بارودۆخەدا لەلای حزبی سیاسی یان سەرکردە بەهۆی نەبوونی تێڕوانینی بابەتییانە بۆ ئیدارەدانی ئەو دووچەمکە ،هاوکات لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیژ و ڕوئیایەکی ڕوون لە بواری فیکری و سیاسی و کاری حزبیدا، ھەردوو چەمک تێکەڵ دەکرێت و ھێچ کام لەو دووانە کاریگەری و ڕۆڵی خۆی نابینی و دەبنە قوربانی یەکتر ، لە ئەنجامدا بەزیان دەگەڕیتەوە بۆ ئەو حزبە سیاسییە .
حزبی سیاسی پێویستە خۆیندنەوەی ھەبێت بۆ ئەوھەڵ و مەرجەی لە واقیعدا بوونی ھەیە بە دیاریکردنی بەڕنامەو دروشمەکانی، دوور لەبازدان بە سەر واقعدا ، ناکریت بەپێچەوانەی ئەو شەپولەوە کاربکەیت کە توانای جێبەجێکردنیت نییە.
بۆ نموونە ، ڕوونە لامان کەحزبی شیوعی خەباتی نیشتمانی و چینایەتی گریداوە بەیەکترەوە و داکوکی کردن لەمافەکانی کریکاران و جوتیاران بەئەرکی سەرەکی دەزانی ، کاتیک ئەندامی حزب یان سەرکردەی حزب ئەو دروشمە بەھەند وەر ناگرێت و پشتگوێی دەخات و دەیکاتە قوربانی دروشمی نەتەوایەتی بێ ناوەڕۆک ،ئیتر ھیچ مانایەک ناھێڵیتەوە بۆ بەکارھێنانی تاکتیک لە خزمەتی ستراتێژدا .خۆ ئەگەر وابێت و بە پێی ئەو پێودانگە گشتییە بێت ئەوا دروشمەکانی پاسۆک(کوردستانیکی ئازادو گەلێکی بەختیار) زیاتر لە جێی خۆید دەبێت لە دروشمی حزبمان(نیشتمانیکی ئازادو گەلیکی بە ختیار) .
ڕوونتر بڵێم کاتیک گەلی کوردستان خەبات دەکات بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی کە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، ناکریت دوور لەبیر کردنەوەو دیاریکردنی ھوکاری خۆدی و بابەتی کە لەبارنیین بۆ جێبەجیکردنی ئەو دروشمە، ڕۆژانە وەک بنێشتە خۆشە بیجوێنی و بەمەش کاری تاکتیکی حزبی سیاسیی لەبیر دەکەیت ، شتێک ناھێڵیتەوە بۆ ڕۆڵی تاکتیک لە خزمەتی ستراتێژدا کە ئەویش دەوڵەتی کوردستانیە ، چونکە کەسیک لە کوردستان شکنابەم بەتایبەتیش شیوعی و چەپەکان، بیرکردنەوەو خولیای دەوڵەتی کوردستانییان نەبێت .
دیارە ستراتیژو ئامانج ھیوایەکی دوور مەودایە و گەیشتن بەو ئامانجە تاکتیکی عەقڵانی و ھەنگاوی ژیرانەی دەوێ ، ھەر بۆیە و ناکرێت خۆمان بخزینینە شەڕیکەوە مێکانیزم و کەرەسەی ئەو شەڕەمان لەبەردەستدا نەبێت.
ئاشکرایە لای ھەمووان کە دروشم و کاریگەری ڕیبازیک پەیوەندی نییە بەوەی کە تاچەند بەڕنامەو پەیرەوی ناوخۆکەی لەڕووی داڕشتن و نووسینەوەوە دەوڵەمەندە و دروشمی جوراوجوری تیدایە و دروشمەکان لە خزمەتی خەڵکدان ، بەڵکو عیبرەت لەوەدایە کە مێکانیزمی کارکردنت و زەمینە سازی و بە پراکتیک کردنی ئەو دروشمانە مەیسەر بکرێن.
بەڕوونی و راشکاوانە دەڵێم ، تا ئیستا ھوکارە دەرەکیەکان و سیاسەتی وەڵاتانی زلھێز ،ڕوڵی گەورە و سەرەکیان ھەیە لە دروستکردن و پێگەیاندن و ڕێکخستنی ھۆکارە نێوخۆییەکان، بەمەبەستی جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان .بۆیە ناکریت و لە توانامەندا نییە بە پێچەوانەی ئەو شەپولانەوە مەلە بکەین ، باشترە تاکتێک بەکار بهێنیین بۆ خزمەتی ستراتیژەکەمان لە مەودای دووردا.