خەنجەرەكەی ناو پەرلەمان

هەندرێن شێخ راغب

دوای پەسەندكردنی یاسای قەرز لەپەرلەمانی عێراق، مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا گوتی سونەو شیعەكان خەنجەریان لەپشتی كورد دا. لەوەتەی عێراق دروست بووە عەرەب و ئینگلیزو تورك‌و فارس درێغیان نەكردووە لە خەنجەر وەشاندن لە پشتی كورد. لای من شتێكي تازە نیەو توشی نائومێدیشم ناكات. ئەوەی ئازارم دەدات‌و پشتی كورد دەشكێنێ، ئەو خەنجەرەیە كە كورد لە پشتی خۆی دەدات. خەڵك گەیشتە سەر مەریخ، كەچی ئێوە تازە بەتازە خەریكی شەڕی نەبڕاوەی جەلالی و مەلایین..ئاخر چۆن خەنجەر لەپشتی كورد نادرێت كە یەكیەتی ئێرانی پێ لە پارتی باشتر بێت‌و، پارتیش توركیای لە یەكیەتی پێ باشتر بێت!.

 

عەرەب چۆن لە بەغدا خەنجەرت لێ نادات، كە لەهەولێر رێزی سەرۆك كۆمار ناگرن‌و، لە سلێمانیش رێزی جێگری سەرۆك پەرلەمان‌و وەزیری دەرەوە ناگرن(مەبەستم شەخس نیە، پۆستی ئیستحقاقی كوردییە)؟؟. عەرەب چۆن گرەوت لێ ناباتەوە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشی‌و موچەشت پێ نادرێت؟؟..

 

گومرگ‌و خاڵە سنوریەكان‌و داهاتی ناوخۆت نەك هەر دیار نیە، بەڵكو هێشتا عەقڵیەتی سیاسی كوردی خەریكی سنوری دێگەڵەیە!. تادێت كورد رۆڵی كەمتر دەبێتەوە‌و كێشە رەواكەی بچوك دەبێتەوە، كەچی تاز بەتازە خەریكی شەڕە پۆستی فەیسبوكن..! 

 

كورد كوشتەی دەستی خۆیەتی، نەك عەرەبەكانی پەرلەمانی بەغدا، ئەوان دیارە ناحەزن‌و كار بۆ ئەوە دەكەن كورد هاوڵاتی پلە دووی دوای ئەوان بێت. نایشارنەوە كە دژی كیان و قەوارەو سەربەخۆیی كوردن. خەنجەر وەشاندنی ئەوان شتێكی تازە نیە. بەڵام دەردەكە خەنجەرەكەی دەستی كورد خۆیەتی. كە رووەو سنگی یەكتر گرتومانە. 

 

ئێستاش چارەسەر لە بەغدا نیە، چارەسەر لە كوردستانە، ئەگەر بمانەوێت داهاتوو سەركەوتوو بین‌و بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین، پێویستە چەند هەنگاوێك بنێین:

 

یەكەم: پێویستە پارتی‌و یەكیەتی، پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكەنەوەو راست و رەوان تەنازولی نیشتمانی بۆ یەكتر بكەن. 

 

دووەم: هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەستی حزبایەتی و دابەشكاری سیاسی دوور بخەنەوەو گرفتە سەرەكیەكانی ناو هێزی پێشمەرگە چارەسەر بكەن. هێزێكی ئامادە سازی نیشتمانی رێكبخەن.

 

سێیەم: داهاتەكانی كوردستان بگەڕێننەوە بۆ گیرفانی وەزارەتی دارایی.. نەوت و داهات و گومرگەكان بخەنە بەردەست وەزارەتی دارایی. 

 

چوارەم: بڕیارێكی ئازایانەو نیشتمانی و یەكلاكەرەوە، لەسەر دۆسیەی نەوت بدەن، مەلەفی نەوت وا بڕوات سەری هەرێمی كوردستان دەخوات. ئیش كردن بەم عەقڵیەتە تاڵانیە لەگەڵ نەوت، ماڵی كورد دەسوتێنێت. 

 

پێنجەم: بگەڕێنەوە بۆ دیموكراسی، رێزی راوبۆچونی خەڵكی نارازی‌و هێزو لایەنە جیاوازەكانی دیكە لەبەرچاو بگرن، لەبری وەڵام و وەڵامكاری، سەردان‌و دانیشتن‌و گفتوگۆو پێكەوە كاركردن ئەركی ئەم قۆناغەیە. دەبێت هەموان پێكەوە روبەروی ئەم قۆناغە سەختە بینەوە، نەك خەڵك لە دۆڵێك‌و دەسەڵاتی كوردیش لە دۆڵێك.

 

سەردەمی سەغڵەت بوون بەرامبەر یەكتر بوەستێنن، ئاساییە جیاوازی سیاسی و رای دژ، لەبری ئەوە دەبێت خاڵە نیشتمانی‌و كوردستانیەكان جێگای خۆیان بگرن.


14/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر