هەست بە شتێكی دیكە دەكەم؟

هەندرێن شێخ راغب

ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە پەلەپروزێ جەیش و گروپە چەكدارەكانی كۆكردەوەو هەڕەشەی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد. 
گەورەترین و بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە جەهەپەیە لەسەر زاری لوتكەی دەسەڵاتیان گوتیان ئێمە بێینە جێگای ئەردۆغان قەندیل تەخت دەكەین. وەزیری بەرگری توركیاش گوتی شتێك نیە بەناوی كوردستان لە هیچ جوگرافیایەك. ئەڕشەد ساڵحیش گوتی كەركوك شارێكی توركی و ئەمانەتی كەمال ئەتاتوركە. ئەم هەموو جموجۆڵ و لێدوانەی توركیا بەرامبەر كورد چەند شتێكی لێ دەخوێنمەوە: 

یەكەم: دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان سوریاو رۆژئاوای كوردستان هەیە. روسیاو ئەمریكاش ئاگایان لێیە، وەزیری بەرگری ئەمریكاش دێتە رۆژئاوای كوردستان. ئەگەر دیمەشق مافێكی حوكمی زاتی بداتە كورد ئەوا زەبرێكی زۆر گەورەیە لە توركیا دەدرێت. چونكە كاریگەری راستەوخۆو ناراستەوخۆی لەسەر سیاسەتی توركیا هەیە.

دووەم: دوای كۆتایی پێهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیار وایە كورد پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە، ئەمە بە نسبەت توركیا شكستە، چونكە گەڕانەوەی كورد بۆ كەركوك و نەبونی توركمانێك بە پارێزگاری كەركوك، پاشەكشەی توركیایە، ئێران لەم هەڵبژاردنە شكستی هێناوە، ئەگەر پۆستی پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە كورد ئەوا لە ئێران نزیك دەبێت بەتایبەت ئەگەر برایانی یەكیەتی وەریبگرن، ئەمە بەمانای ئەوە نیە بڵێین یەكیەتی كلكی ئێرانەو قسەوقسەڵۆكی سیاسی بكەین، مەبەست ئەوەیە سنورو حەوزی سیاسی یەكیەتی زیاتر لە ئێران نزیكە نەك توركیا؟ وەك چۆن حەوزو سنوری پارتی لە توركیا نزیكە نەك ئێران؟. ئەم دابەشكارییە هەرێمیە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە. 

بۆیە ئەم تەنگاوبوونەی توركیاو ئەم هەموو لێدوانەی توركەكان، گومان دەكەم لەپشتی پەردەوە جموجۆڵی دیكە هەبێت كە توركیا ئاگای لێیەو بە دڵی ئەوو بەرژەوەندیەكانی نیە؟.

22/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر