ئێستا دارشەقێک نیشتیمانمە

عەزیز رەئوف
یەکەم: شتەکان چەند بچوک بن بەهای خۆیان هەیە. بۆ من لە ئێستادا دارشەقێک لە هەموو شت گرنگترە. بۆ من لە ئێستادا تەنها توانینی هەستان لە جێگە تەواو دڵخۆشم دەکا. شتەکان بەهای خۆیان هەیە. زۆر دەبێ شتەکان لە شوێنی خۆیان و لە کاتی خۆیاندا ببینین. بۆیە گەر تەماشای عەرەبانەیەکی کەمئەندامانت کرد بێ بەها تێی مەڕوانە و ئەگەری ئەوەی هەیە وەک چۆن من ئێستا پێویستم بە دارشەقێکە تۆش پێویستت بە عەرەبانەیەک بێت. کە کەسێک دەمرێ هەموو هۆڵی ئەوەیان لێدێ کە چۆن خامی سپی پەیدا بکەن ئاخر خامی سپی بۆ مردویەک لە هەموو شتێ گرنگترە، تابوتێک باشترین وەسیلەی دنیایە بۆ گواستنەوەی تەرمێک. شتەکان گرنگن و بەهای خۆیان هەیە.

دووەم: دۆخی ئازار و چاوەڕوانی چاکبوونەوە سەختترین دۆخن کە مرۆڤ لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە. بۆ من دەبێ ئەم چەند ڕۆژە بەڕێ بکەم. دۆخی ئازار دەبێ تێپەڕێنی چونە دۆخی چێژوەرگرتن نیە هێندەی دۆخێکی دژوار و سەختە. لە دەرەوە دەنگی مۆسیقای قالە مەڕە دێت، غازفرۆشەکە بەهیوایە بتڵی غازەکانمان زوو تەواو بێت و منیش هیوا دەخوازم ئەم چەند ڕۆژە پڕ ئازارەم لێ بڕوا. من و غازفرۆشەکە هەردوکمان چاوەڕێین چاوەڕوانیەکی جیاواز. ئەو کاتەی لە ئازاردا دەژی بەهای شتەکان دەزانی. بۆ من لە ئیستادا پیاسەیەک لە هەموو شت گرنگترە. برۆکس لە فلمی shawshank redemption دا لە زینداندا زیاتر چێژ لە شتەکان دەبینێت. ئەو پێی وایە لە دۆخی دەرەوەی زیندان شتەکان قەدری نیە و خۆر هەڵاتن هیچ گرنگی پێ نادرێ لە کاتێکدا لە زینداندا کە زیندانیەکان دەبرێنە بەر هەتاو، هەتاو بۆخۆی چێژی خۆی هەیە. ئێمە لە دەرەوە یاخود لە ژیانی ئاساییدا قەدری شتەکان نازانین. من هەرگیز بیرم لە گرنگی قاچ بۆ مرۆڤ نەکردۆتەوە و بارتەقای ئێستا بەهای پێیەکانم نەزانیوە.

سێیەم: پێشتر لە ماڵەوە زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد. پاوڵۆ کۆیلۆ دەڵێ من وەک نوسەرێکی بەناوبانگی جیهان جاری وایە هەست بە تەنیایی دەکەم و کەس سەردانم ناکا و کەس زەنگێ لێنادا. بۆ منیش ئەمە ڕاست بوو. هەستم بە تەنیاییەکی زۆر دەکرد. بەڵام ئەم دۆخەی کە تێیکەوتم هەستم کرد عەزیزانێکی زۆرم هەن. هەستم کرد پەرۆشی برا و خزم و دۆستان و هاوڕێیان بۆ من تەواو چێژبەخشە. بەتەنگەوە هاتنی دۆستان خۆی بۆخۆی جۆرێک لە جوانی دنیای ئێمەیە کە شایەنی دڵخۆشیە.

24/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر