قادری حاجی عەلی چی فێركردین؟

عەزیز رەئوف

یەکەم: دەکرێ بێ کورسی بیت، دەکرێ بێ شوێن و هێز بیت، دەکرێ هەر خۆت بیت و جوانیش بیت. قادری حاجی عەلی ئەوەی جوانی کرد تارماییەکەی بوو، ئەوەی ئەم پیاوەی بە جوانی هێشتەوە ئەوە بوو وەک تارمایی مایەوە، تارماییەک پڕ لە ئومێد و هیوا.

 

دووەم: دەکرێ لەسەر ڕابردوی خۆت نەوەستی و چاوت لە ئایندە بێت. ئەم پیاوە لەناو ئەو هێزەی تەمەنی لەسەر دانا و دواتریش ئەو هێزەی بە ئومێدی گۆڕانکاری دروستی کرد، خۆی ڕاپچکاند و هاتە دەر و بەدوای ئاسمانێکی تردا دەگەڕا بۆ سیاسەت و فەزایەک بۆ نادادی و دنیایەک لانی کەم شایەنی ژیان بێت. 

سێیەم: ئەم پیاوە دنیایەک نهێنی لابوو، سندوقێک بوو لە نهێنی و هەموو نهێنیەکانی لەگەڵ خۆیدا ناشت. ئەم پیاوە تا ئەو چرکەساتەی کە زانی درکاندنی نهێنیەکان کۆمەک بەکەس ناکەن و بەردێ ناخەنە سەر بەردێ بۆ دنیای ئێمە، ئیدی بێدەنگی هەڵبژارد و دەکرێ بە پیاوی ناشتنی نهێنیەکان ناوزەندی بکەین، نهێنیگەلێک کە درکاندنی ئازاربەخش و نەدرکاندنی خەمێکی زیاتر.

چوارەم: کاک قادر نوێنەری سەردەمێک بوو پڕ پڕ لە تەنیایی و پەراوێزخستن و بێ ماڵی و پارچەپارچەبوون.  کاک قادر نوێنەری ڕۆحە تەنیاییەکەی ئێمە بوو. ئەو بە تەنیا مرد و دنیایەک ئینسانی تەنیا و پەراوێزخراوی لەدوای خۆی بۆ دنیایەکی تاریک و پڕ لە نادادی جێهێشت.

پێنجەم: کاک قادر ئەوەندەی دۆستەکانی ئازاریاندا و بە تەنیا جێیان هێشت، هێندە نەیارەکانی برینداریان نەکرد. ئەوەندەی هاوڕێکانی تیربارانیان کرد هێندە دوژمنەکانی شمشێریان لێ هەڵنەکێشا. ئازاری تیری دۆست بەسوێترە لە بیرینی تیری نەیار.  

شەشەم : لە کاک قادرەوە ئەو فێربووین دەکرێ ئەگەر هیچیش نەکەین خۆمان بین. کاک قادر فێریکردین لە دنیایەکی تاریکدا هیچت پێ نەکرێ خۆت بیت گەورەترین سەروەریە. خۆت بیت بە خۆت و خەم و تارمایی و ئومێدەکانتەوە گرنگترە لەوەی ئومێدی ساختە و هێزی ساختە و خاوەنی خودێکی ساختە بیت و لەگەڵ دۆخەکەدا خۆت ڕابێنیت. کاک قادر کوڕی ئەو سەردەمە تاریکە بوو کە بە تەنیا دەیتوانی تەنیا نەبێت و لەگەڵ هەموانیش بیت.


10/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر