هەفتەیەک و حەوت هەڵوێست

عەزیز رەئوف
شەممە

دروست کردنی خێزان و هاوسەرگیری لەنێوان دوو ڕەگەزدا کردەیەکی تاکەکەسیە و پەیوەندی بە هیچ کەسێکی ترەوە نیە. تەداخولکردنی مەلا و سیاسی و خێڵ و هەر پێدراوێکی تر لە پەیوەندی خێزانەکان ئیشکالی گەورەیە و ئەوەی بە نهێنی دەبێ بمێنێتەوە پەیوەندی هاوسەرەکانن. ئەودیوی دێوارەکان پڕە لە نهێنی جوتبوون و عەشق و وردە شەڕ و خواپەرستی و خوانەپەرستی. پەیوەندی هاوسەرەکان، دەبێ بە نهێنی بمێنێتەوە. کەسی سێیەم لەنێوان دوو هاوسەردا جگە لە ژەهری جیابوونەوە زیاتر هیچی تر نیە.

یەک شەممە

ڕێکەوتنی سیاسی بەمانای مردنی دیموکراسیە. ترس لە هەڵبژاردن بۆخۆی ترسە لە دەنگی خەڵک و متمانەی خەڵک. دابەشکردنی کورسیەکان پێش هەڵبژاردن شپازلەیەکی گەورەیە لە بناگوێی ئەو ئەزموونەی کە ناوی ئەزموونی دیموکراسییە. ڕێکەوتنی کۆی هێزە سیاسیەکان و دابەشکردنی کورسیەکان لێکچوونی دەم و چاوکی کۆی هێزە سیاسیەکان پیشان دەدات. 

دوو شەممە

زۆربوونی پیاوی ئاینی و زیاد لە ڕێگەیەک بۆ خوداپەرستی و تەفسیری جیاوازی مەلاکان بەمانای ئیمانداری ڕاستەقینە نیە. لە هەر کوێ زیاد لە تەفسیرێک هەبوو بۆ ئایین ئەوا زیاد لە ڕێگەیەکیش هەیە بۆ گەشیتن بە خودا. ئەم هەموو ڕێگەیە بۆ گەشیتن بە خودا و ئەم هەموو ئامۆژگارییە بۆ شوێنکەوتووانی پەیامی خودا هیچ نیە جگە لە ڕێهەڵەکردن بۆ گەیشتن بە خودا. زۆری مەلا بەمانای کەمی ئیمانداری ڕۆحی دێت.

سێ شەممە

هیچ سەنگەرێکی ڕاستەقینە لە کوردستانی باشور نیە تا بگوازرێتەوە. ئەوە سەنگەر نیە دەگوازرێتەوە بەڵکو ئەوە بەرژەوەندی و تەماح و ئارەزووەکانە لە چاڵێکی حزبەوە دەچێتە چاڵێکی تر. ئەوە سەنگەر گواستنەوە نیە بەڵکو ئەوە پیساییەکە لە هەر زێرابێکدابێت بەرامەی پاک نابێـتەوە و هێلکەیەکی پیسە لەژێر هەر مریشکێکدا بێت هیچ هەڵناهێنێت.

چوار شەممە

دەنگەدەنگ و فیکەی ناو پارلەمان کردەی ناشرینی پێش هەڵبژاردنەو شایەنی سەرقاڵبوون نیە. پارلەمان لە کوردستان شایەنی بەزەییە و ئەوەی ئومێدی بە پارلەمان مابێت شایەنی بەزەیی زیاترە. هەموو پێکەوە حکومەتیان هەڵبژارد و هەمووشیان لەسەر بڕینی موچە کۆک بوون، لەسەروبەندی هەڵبژاردنیشدا زمانی حزب بە پارلەمانتارانەوە هەست پێ دەکرێ و ئەم دەنگەدەنگە شایەنی لەسەروەستان نیە.

پێنچ شەممە

ئەوە گەنجان نین خۆیان دەکوژن، ئەوە ئەو سیستەمەیە کە دەمێکە مردووە. نەوەیەکی نوێ لەناو ئەو سیستەمەدا ناتوانێ هەناسە بدا، جوانی لەو زێرابەی ئەم حزبانە دروستیان کردووە هەر شایەنی ژاکان و هەڵوەرەینە. ئەو سیستەمە حوکمڕانیە و ئەو سیستەمە پەروەردەی کە هەر دەرەجە دەدات و لە خەونەکانی خوێندکار تێناگا. ئەم ئەزموونە هەم خەونی تێدا دەمرێ هەم مرۆڤ. 

هەینی

چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان بەتەنها لەسەردەستی دەسەڵاتی کوردی دادگایی ناکرێن، بەڵکو ئەوە بێدەنگیە ئەوان دادگایی دەکا. هەموو سیستەمێکی حوکمڕانی خراپ لە بێدەنگیدا لەجیاتی باخچە زیندان دروست دەکات. دیواری زیندانەکان لە کوردستانی باشور تەنها بەدەستی دەسەڵاتداران دروست ناکرێ، بەڵکو ئەوە بێدەنگی کۆمەڵگەیە زیندان بەرهەم دێنێ.

11/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر