نازانم (پەکەکە) تێناگات یان بریاریداوە تێنەگات!
لوقمان غەفور
سمسته‌ری رابردوو له زانكۆ، مامۆستایه‌كم هه‌بوو به‌ناوی مارك جۆنسن، ئه‌م پرۆفیسۆره قاڵبووی ته‌مه‌نێكی زۆری سیاسه‌ت بوو. تێڕوانییه‌كانی وردبوون، جێگه‌ی ئه‌وه‌بوو هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌م مامۆستا ئه‌مریكییه سه‌رسامبوو به په‌كه‌كه و هه‌میشه تێروانینێكی پۆزه‌تیفانه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر ژیانی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و پلاتفۆرمی گشتی په‌كه‌كه.
به‌ڵام له‌زۆربه‌ی گفتووگۆكانماندا له‌یه‌ك خاڵدا هه‌ڵوێسته‌یه‌كی ئه‌كرد، ئه‌ویش ئه‌وه بوو ئه‌یوت په‌كه‌كه نه‌یتوانیوه خۆی ده‌ركێشێته ده‌ره‌وه له لیستی تیرۆری مه‌حفه‌لی ده‌ولیدا.
ره‌نگه تێڕوانینه‌كانی مارك له‌به‌رئه‌وه‌ی تێروته‌واو ئه‌كادیمی بوو زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای "ئاپۆیزم" گه‌شه‌ی كردبوو له‌م وتاره جێگه‌ی نه‌بێته‌وه، به‌ڵام نه‌یئه‌شارده‌وه كه عه‌بدوڵڵا ئۆجالان نه‌یتوانیوه له‌دوای خۆی كه‌سێك بنیاد بنێت وه‌ك خۆی كه به‌بڕوای ئه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد په‌كه‌كه نه‌توانێت خه‌باته‌كه‌ی وه‌ك ساڵی نه‌وه‌ده‌كان پڕ كلپه بێت. به‌ڵام من هه‌میشه ئه‌موت تێكچوونی ئه‌و هێزو بازووه‌ی په‌كه‌كه بۆ تێكچوونی لانه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سوریا-یه.
له‌دوای كه‌وتنی سوریا له 2011، شوێنێك نه‌ما به ته‌واوی شوێنێكی ئارام بێت بۆ په‌كه‌كه، تا ئێستا ئه‌م هێزه نه‌یتوانیوه شوێنێكی ئارام بدۆزێته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی ئارامی ئه‌م هێزه بێت. ئێستا هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارام نییه بۆ په‌كه‌كه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م هێزه لێی شه‌هید ئه‌بێت ئه‌وه‌نده زیان و جه‌ربه‌زه‌ی نه‌گه‌یاندووه به هێزی توركیا له‌و سنووره‌وه.
لێره‌دا له دواهه‌مین رووداوه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م كه له‌گوندی سه‌فره‌ی ناحیه‌ی ماوه‌ت رویدا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، پێشتریش له شاخی ئه‌زمر و دڵنیاشم كاركردنی په‌كه‌كه به‌م شێوازه زیانی گه‌وره‌تری به‌رئه‌وێت.
ئه‌م هێزه هێزێكی پارتیزانه، تا ئێستا له‌قۆناغی خه‌باتی نیشتمانیدایه، راسته تێده‌كۆشێت بۆ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، به‌ڵام دوژمنی سه‌ره‌كی توركیایه. نه رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بانگه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌كات كه دوژمنی ئه‌م هێزه‌یه نه ئێران و نه هه‌رێمی كوردستان.
كه‌واته، له خه‌باتی پارتیزانیدا ئه‌بێت مردنی دوژمن ده ئه‌وه‌نده‌ی قوربانی تۆ بێت، كه‌چی به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له نێوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، چونكه توركیا ده‌ستی بردووه بۆ ساخته‌چێتییه‌كی دیكه له‌دژی ئه‌م هێزه، ئه‌ویش لێدان و شه‌هیدكردنی خافڵگیرانه‌یه كه تائێستا زیانی گه‌وره‌ی لێداون.
من پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده‌م كه قه‌ندیل شوێنی په‌كه‌كه نییه، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌م كه ئه‌ڵێن په‌كه‌كه چی كردووه له‌ماوه‌ت. به‌ڵام به‌ده‌نگێكی به‌رز ئه‌ڵێم په‌كه‌كه تێناگات له‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی ئارام نییه بۆ ئه‌وان و پێویسته بیر له شوێنێكی ئارام بكه‌نه‌وه، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌ندێك جموجول و هاتووچۆ كه‌مكه‌نه‌وه. ئه‌بێت په‌كه‌كه له‌وه بگات كه توركیا ئه‌توانێت له‌ناو هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان زیانی گیانی به‌په‌كه‌كه بگه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌وڵه‌ت نییه، بۆیه ناتوانێت سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی بپارێزێت له بڕینی سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه.
دیقه‌ت بده! به‌پێی سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی، توركیا له‌ماوه‌ی 2015 تا 2020، 76 بۆردمانی ئامانجداری كردووه به فرۆكه‌ی به‌فرۆكه‌وان و بێ فرۆكه‌وان له هه‌رێمی كوردستان، ئاكام 90 گه‌ریلا شه‌هید بووه له‌به‌رامبه‌ردا له ئه‌نحامی ئه‌و كێوماڵه سه‌ربازییه‌ی توركیا لەھەرێم كردوویه‌تی 11 سه‌ربازی تورك كوژراوه. ئه‌م به‌راورده زۆر ناقۆڵایه بۆ هێزێك له‌خه‌باتی پارتیزانیدا بێت، ئه‌م هه‌موو خوێنه بڕژێت و كه‌مترین زیانی گیانی له دوژمنه‌كه‌ی بده‌یت.
هه‌رێمی كوردستان دوو هێزی سیاسی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) ئه‌یبات به‌رێوه. ئه‌م دوو هێزه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌یان لێ تێكنه‌چێت، پێویستی كردووه له‌گه‌ڵ دراوسێكانیان هاوسۆزبن. نه یه‌كێتی ئه‌یشارێته‌وه دۆستی وڵاتانی دراوسێكانی بێت و نه پارتی. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆستایه‌ته بمێنێته‌وه وایكردووه رێگه به چالاكی په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێم نه‌ده‌ن. ئه‌م دوو هێزه رازی بن یان رازی نه‌بن، توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی خۆی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌دات.
رۆژ به رۆژیش ئه‌م هێزه زیانی گیانی به‌ره‌كه‌وێت، چونكه ئاماره‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن.
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ساڵی پار یه‌كێك له په‌یپه‌ره‌كانم له‌سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو له توركیا، گه‌ڕانێكی زۆرم كرد به سه‌رچاوه زانستییه‌كان له ئه‌مریكا. ئامارێكی خراپم هاته به‌رچاو ئه‌ویش ئه‌وه بووه. رێژه‌ی زیانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له ساڵی 2016، 1.65% بووه، 2017 بووه به 2.22%، ساڵی 2018 بووه 3.22%، له ساڵی 2019 بووه به 3.36%. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه رێژه‌ی زیانی هێزه‌كانی توركیا كه‌میكردووه. كه ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه توركیا شێوازی تاكتیكی شه‌ڕی گۆڕیوه له دانیشتنه‌وه بۆ هێرش و كێوماڵ، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه نه‌یتوانیوه ئه‌مه پێچه‌وانه كاته‌وه.
سه‌رئه‌نجام ئه‌ی په‌كه‌كه چی بكات باشه؟ به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه ئه‌مه‌وێت خاڵێك رونكه‌مه‌وه كه بوونی پژاك-ه، به‌رای من یه‌كه‌م كاری خراپ كه په‌كه‌كه كردی له 2005 دروستكردنی پژاك بوو كه بووه ئه‌ڵقه‌ی لێكترازانی ئێران و په‌كه‌كه-یه. به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بووه رێگه‌ی دیپلۆماتی وا بوایه ئه‌م وڵاته په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بووایه بۆ په‌كه‌كه. بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه كه په‌كه‌كه ساڵ به‌ساڵ په‌ناگه ئارامه‌كانی له خۆی شێواندووه به‌ناوی دروستكردنی هێزێكه‌وه.
ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ مێدیا تی ڤی، كه ساڵی نه‌وه‌ده‌كان له ئه‌وروپا، كردوویه‌تی، باسی له په‌یوه‌ندی هه‌رێمایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان و ئه‌ڵێت: "ئێمه بڕیارماننه‌داوه تا سه‌ر دۆستی هیچ ده‌وڵه‌تێك بین، له كوێدا پێویستی كردبێت دۆستایه‌تیمان كردووه و له كوێدا ویستبێتمان پچڕاندومانه". كه‌واته په‌كه‌كه چۆن ئه‌توانێت جگه له هه‌رێمی كوردستان، ئێران و ئه‌رمینیا كه هاوسنوری توركیایه به‌كاربهێنێت بۆ چالاكی.
ئه‌م تێڕوانییه تێڕوانینێكی به‌جێیه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا په‌كه‌كه ناتوانێت نه‌هجێكی نوێی هه‌بێت بۆ فراوانكردنی به‌ره‌ی شه‌ڕ. خه‌ریكه تێڕوانیمان وا لێئه‌كه‌ن كه ته‌نیا په‌كه‌كه له قه‌ندیل ببینین و وابزانین ئه‌م هێزه ئه‌وه‌تی دروستبووه هه‌ر له‌وێدا بووه و هه‌ر له‌وێدا ئه‌مێنێته‌وه. له‌كاتێكدا په‌كه‌كه سنورێكی گه‌وره‌و فراوانی له‌ئێران و ئه‌رمینیا به‌ده‌سته‌وه‌یه.
توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ردۆگان، توانیویه‌تی دۆستی ئێران و روسیا و هه‌رێمی كوردستان بێت. به‌ڵام دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا وه‌ك پێویست نییه كه جگه له هه‌رێم، ئێران و ئه‌رمینیا دوو په‌ناگه‌ی به‌هێزن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا په‌كه‌كه نه‌یتوانیوه ئه‌مه له‌چنگی توركیا ده‌ركێشێته ده‌ره‌وه و ئه‌م دۆستایه‌تییه لاسه‌نگ بكات و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ خۆی بنیات‌بنێت.
له‌م قۆناغه‌دا په‌كه‌كه پێویستی به دوو هێزی نێوده‌وڵه‌تییه یان ئه‌مریكا یان روسیا. بۆئه‌وه‌ی دۆستایه‌تی هه‌ر یه‌كێك له‌و دوو هێزه نێوده‌وڵه‌تییه بكات پێویسته به‌جێگۆڕكێیه له چالاكی سیاسی‌دا و ته‌نانه‌ت گۆڕان له پرۆگرامی سیاسی.
سه‌باره‌ت به ئه‌مریكا زۆر زه‌حمه‌ته چونكه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دۆستایه‌تی ئه‌مریكا بكات ئه‌بێت ده‌ستكاری په‌یڕه‌و پرۆگرامی حزبی بكات. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ روسیا قوڵكاته‌وه، كه ئێستا له جێی نه‌بوانه، ئه‌بێت دۆستایه‌تییه‌كی پارێزراو بێت. سنوورێكی له ئه‌رمینیا بۆ بكاته‌وه چالاكییه‌كانی تێدا فراوان بكات له دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌رمینیا و روسیا لە 2019 ەوە روو له باشیه.
هه‌رچه‌نده روسیا هیچ سنورێكی زه‌مینی هاویه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا نییه وه‌ك یەكێتی سۆڤیه‌تی جاران، به‌ڵام پێویسته په‌كه‌كه هه‌موو هه‌وڵێكی گێڕانه‌وه بێت بۆ سه‌رده‌می 1990-1999ی په‌یوه‌ندی نێوان روسیا و په‌كه‌كه. له 1992 په‌كه‌كه ئه‌یتوانی به ئاشكرا له‌ناو مۆسكۆ-دا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ببه‌ستێت و به‌ئاشكرا باسیان له‌وه ده‌كرد كه هه‌نگاوی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی نراوه بۆ ئه‌وه‌ی روسیا دۆستی گه‌وه‌ره‌ی په‌كه‌كه بێت، له‌كاتێكدا له‌سه‌رده‌می پرۆسترۆیكا-دا روسیا زۆر پێویستی به توركیا زیاتر بوو بۆ بنیاتنانه‌وه وه‌ك له ئێستا كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه بۆ وا بچوكبۆته‌وه ئه‌م ده‌وڵه‌ته نه‌توانێت لانه‌یه‌ك بۆ ئه‌م هێزه بنیات بنێت.
ته‌نانه‌ت ساڵی 1996 و 1997 چه‌ندین جار تانسۆ چیلله‌ر سه‌ردانی روسیای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا كۆبووه‌وه كه ده‌ستبه‌رداری په‌كه‌كه ببێت به‌ڵام روسیا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی نه‌دا، كه‌چی به‌داخه‌وه ئێستا كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی له گوندێكی وه‌ك سه‌فره له‌ماوه‌ت خه‌ڵكی لێ شه‌هید ببێت و جێگه‌یه‌ك نه‌بێت ئارامی تێدا بدات.
به‌كورتی ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له سنوری قه‌ندیله‌وه زیانێك له توركیا بدات، پێویسته له سنووری ئێران و ئه‌رمینیاوه دوو چالاكی گورچكبڕ له توركیا بدات ئه‌گینا به‌م شێوازی و فۆرمه‌ی ئێستا رۆژ به‌رۆژ ئه‌م هێزه زیانی گیانی گەورەی بەرەکەوێت.
28/05/2020
وتارەکانی تری نوسەر