دیموکراسیەتی عەمامە ڕەش

ئاسۆ عەبدولەتیف

عێراقیزمیی موقتەدا، وەک ئێرانیزمی ڕەهبەریی


ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ شیعە لە هەردو دیوی عێراق و ئێراندا وەک ڕێککەوتنی ئیسرائیل فەلەستین و کێشەی دەسەڵاتگەریی خەلیفە یەزیدی کوڕی موعاویەو خەلیفە حوسێنی کوڕی عەلییە ڕەزای خوای لەسەر .

 

 

هیچکات عێراقێکی نوێ لەدایک نابێت لەسەر دەستی ئەو تایپە دەسەڵاتگەرەی شیعە، کە بۆ هەموو پرسێک دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی یەکتری سڕینەوە و هەڵدانەوەی پەڕەی کۆن.

 

 

عێراقی نوێ هێشتا لە چوارچێوەی ئەو دەق و کۆنتێکستە دەستووریی و دیموکراسیەتە ساختە گیری خواردوە. نەک وەهمێکی گەورەیە بگرە ئەستەمیشە وەدیهاتنی مافی ئەوانیتر  بەتایبەتی کورد.

 

 

کورد لەو عێراقەدا، لەسایەی خەلافەتی مەزهەبیی و سوڵتەویی و ویلایەتی فەقیەو تێزو بیرکردنەوەکانی مەرجەعیەتدا بارمتەیە و ئاسان نییە دەرچوون لەو تەون و دیدگا مەزهەبییە.

 

 

لە عێراق بنەمایەک چەسپیوە بۆ کارکردن وەک میکانیزمی نوێی دەوڵەتی دینیی، لەو بنەمایەدا کورد جێگای لەنگ و ناهاوسەنگەو لە هەرساتەوەختێکدا بێت دەیخەنە ژێر هەژموونی ئیرادەی زۆرینەوە بەناوی دیموکراسیەتەوە، ئیتر پێوەری دەنگ و کورسی تەوفیری نابێ و هەرگیز کورد نیسابی یاسایی پەڕلەمانیی پێ دروست ناکرێ و ناشتوانێ زۆرینە بێ، چوونە نێو هاوپەیمانێتییە گەورەکانیش ئەو لەنگییەمان هاوسەنگ ناکات و دەستوریش لەوە دەرچووە پارێزەریی ماف و ئازادیەکان بێت.

 

 

ئێستا ململانێکان لەو عێراقە لە نێوان کوردو شیعە نییە بەڵکو بلۆکی گەورەی شیعەی عێراقییە لەگەڵ بلۆکی گەورەی شیعەی ئێرانیی، کورد نەبۆتە لایەنێک لەو گەمەو ململانێیە، بۆیە ماف و خواستەکانی لەژێر هەژموون و بارمتەو ڕەهینەدایە بە پلەی یەک.

 

 

شیعەی قوم و تاران کە چۆن سەیری کوردانی ئێران_ڕۆژهەڵاتیی دەکەن و بە بەشێک لە ویسایەو قەڵەمڕەوی ئێرانیزم لێیان دەڕوانن و ئازادییان زەوتە و بارمتەی دەوڵەتن!  ئەوانەی عێراقیش خراپتر.

 

 

جیاوازییەکە ئەوەیە عێراقیزمی موقتەدایی هێشتا وەک خەلافەت و سیستمی رەهبەریی ئێران بەو قودرەسازییە گەورەیە گەشەی نەکردووە، ئێرانیزمی خامنەیی و رەهبەریی هەرگیز ڕازیی نییە بە خەونی عێراقیزمێک لە تەنیشتیدا بە سەپۆرتی سوننیزمی سعودیی و ئیماراتی و تورکیی لەدایک بێت و دامەزرێ و کەسێکی ڕاڕای وەک موقتەدا سەدریش ڕێبەرایەتی بکات. کوردی عێراقیش وەک بارمتە وان لە ئێستادا و دەبێ پێش خۆئامادەکردن بۆ بەشداریی و چوونەناو هەر جۆرە حکومەتێک، هەوڵی خۆدەربازکردن بدات لەو ویلایەتە مەزهەبیەو هیچ نەبێت هەرێمەکەی پارێزراو بێت و رەمزو سیمبولە بەهێزەکانی بە ئاسانی هەناردە نەکات بۆ چوارچێوەی ئەو عێراقیزمە مەزهەبییە، چونکە شیعەکان تا ئێستا لە ڕابردوودا دەژین، هەم شەڕی یەزیدو هەم ئیسرائیلیی و جوو،  بەکورد دەفرۆشن.

 

 

ئیجتیهادو فەتوای مەرجەعیەت و دیدگای عەمامە ڕەشەکانی عێراقیزم  لەبری تەشریع و دادوەریی ئێستا پشتگیریی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییان هەیەو کورد خەریکە لەو هاوکێشەیە بێئاگا دەکرێت بەهۆی دابەشکاریی پۆستەکانی بەغدادەوە.

 

 

ئەوە رەگ و ریشەی ویلایەتی فەقیهو شیعەی زاڵ و مەرجەعیەتی مەزهەبییە لەم ناوچەیەدا، دیسکۆرسی ئیجتیهادو فەتوا لەبری دیموکراسیی و کورسیکاریی و  "المذاهب الفقهية والتقليد" لەبریی دەزگا دیموکراسیی و دادوەرییەکان حوکم دەکەن. بیری ویلایەتی فەقیهیش دیارە ئەوکاتە سەری هەڵدا کە ئیمامی دوانزەیەمی شیعیی لە دوای دیارنەمانی لە ٣٢٩ ی کۆچی "الغيبه الكبرى" تەواوی کیان و حوکمرانیان لە خۆیان یاساغ و حەرام کردو کەوتنە شوێن ئەوانیتر، ئێستا موقتەدا سەدر دەیەوێت ئەو میتۆدە بچەسپێنێت بەسەر کوردو عێراقیەکاندا و بە خەڵکی بەهێز حوکم بچەسپێنێت و تەنانەت شیعەی ڕادیکاڵ و وەلائییش تێپەڕبکات و بەتۆپزیی موفتیی و جەڕێنەریی هەموو یاساو ڕێساو دۆخەکان بێت، بۆیە تەنانەت شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەک دەوڵەتی یاساو فەتح و هێزی دەوڵەت و عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵاییەکانی لوبنان و هەیئەتەکانی نوجەباو رەبعەڵاو حەشدی شەعبیی دەوری ئێرانیزم، ڕازی نین و دیدگایان جیاوازە، بەڵام زۆریش ناوێرن بکەونە بەرەی دژایەتی ئەو ڕەوت و مەرجەعیەتەوە چونکە:

 

 

یەکەم/ بۆیان یەکلایی نەبۆتەوە ئایندەیان چۆنەو چی لێ دێت و دەترسن گەمەیەکی ئێرانی ئەمریکی بێت و سەدر سەرکەوێت . دووەم / ڕوون نییە لایان ئایا جێگرەوەی مەرجەعی دوای ئایەتوڵا سیستانی کێیە؟ دەخوازن خۆیان بۆ ئەو دۆخە ساز بدەن، بۆیە کورد نابێ بکەوێتە ئەو گەمە مەترسیدارەوە.

 

 

بۆ گه‌لی كورد خۆبەستنەوە بە موقته‌دا سەدر و هەر مەرجەع و بلۆک و تیرەیەکی شیعییەوە خەون نییە بۆ گۆڕانکاریی و پاڵپشت نییە بۆ دیموکراسیی، بەڵکو دەبێ وەسوەسە بێت بۆ کورد.

 

 

هه‌میشه‌ ئەو فیگەرە عەمامە ڕەشە مانۆڕسازبوەو کوردی وەک پردی پەڕینەوە بۆ پرۆژە گەورەکە بەکار هێناوە،‌ چ له‌ سه‌روه‌ختی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری‌ 2005 تا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی لە ٢٠١٧ و روداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر کە دواتر پاشەکشەی کرد بە لیواو سەرایاکانی لە کەرکوک گوایه‌ نایه‌وێت له‌و پرسه‌وه‌ تێوه‌ بگلێت، لەکاتێکدا دەبوو وەک ڕیفۆرمخوازێک و هەڵگری تێزی دادگەریی و چاکەخوازیی! ڕۆڵی باشتری هەبوایە، دەی ئەو هەمیشە هه‌ناسه‌ی رق و تۆڵه‌و مانۆڕو موجامه‌لاتی تێكه‌ڵ كردوه‌و كاراكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ بۆ پرسه‌ سیاسیه‌كانی كورد بەڵکو سیناریستی لێدان بووە لە دۆزگەریی کوردیی بەرەو سەرخستنی خشت بۆ دیوارە گەورەکەی خۆی کە عێراقیزمی مەزهەبییە، له‌كاتێكدا كوردو پارته‌ سیاسیه‌كانی هه‌رگیز له‌و كه‌متریان نه‌كردووه‌ دژی فاشیزمی به‌عس و دیكتاتۆریه‌تی سه‌دام . بۆیە ئەو فیگەرە لە ئێستادا دیموکراسیەت بەکار دێنێ بۆ گەشتن بە پلیکانەکانی میمبەریی و ئایەتوڵاهیی و مەرجەعیەت و قسەکەرو خەتیبی یەکەم.

 

 

هه‌ركات خواسته‌ سیاسیه‌كه‌ی گونجاو بووبێت هێرشی توندی كردۆته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و توند یه‌خه‌ی پێگرتووه‌تا دیدگای بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەو ناوزەدکردنی بە میلیشیا. ئێستاش له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا كاتێك هێزو بلۆكه‌ سیاسیه‌كان تا راده‌یه‌ك نه‌یانتوانی بگەنە دەریچەو لێکتێگەیشتنێکی دیموکراسی په‌رله‌مانیی بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناكرێت وه‌ك فیگه‌رێكی ئاسان و ساف ته‌ماشای موقته‌دا بكرێت و ئومێدی له‌سه‌ر دابنرێت و ده‌بێت رابردووی له‌به‌رچاو بگیرێت کە هەگبەکەی چی تێدایەو هیواخوازیی چییە؟

 

 

كورد پێویستی به‌ راگرتنی باڵانس و یه‌ك ره‌هه‌ندیی سیاسیی distance politic هەیە بۆ دانوستان و پشتگیریی قوڵی سیاسیی و ستراتیژیی بۆ پرۆژه‌ دوورمه‌وداكه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تە، هیچکات مەزهەبگەرای سێنتراڵ و توند ناتوانێ دیموکراسیەت پەیڕەو بکات و خەونی خۆتی پێوە پەیوەست بکەیت.


08/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر