بۆ پەرلەمانتاری نوێ، تۆش خۆت مەفرۆشە

ئاسۆ عەبدولەتیف
پەرلەمانتاری بەرێز، بیرت بێت ئەم ساتەوەختەی پێش هەڵبژاردن، ئەها چۆن زەلیلی دەستی ئەم و ئەویت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی خەڵكی رەش و رووت، ئەها چۆن وەك دارتوو ئەیانتەكێنیت و بەرچنەی لێپڕئەكەیت، ئەها چۆن راویان ئەكەیت و تۆڕ دەكەیتە ملیان،  ئینجا خۆت بینیوە لەكاتی راوكردنا، چەند ناشیرین دێیتە سەر شاشەو دەچیتە ماڵان و وەك سمۆرە ئەم دوكان و ئەو دوكان، ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەكەیت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، ئەها خەڵكیش چەن سادەو خاكی و خانەخوێ و جوامێرە، كاتێ دەنگی خۆیت پێ ئەدا لەسەر سندوق، دە تۆش تۆزێ جوامێربەو وەفای دەنگدەرانت بیرنەچێ كە ئەچیتە سەر سندوقی ویژدان و كەرامەتی خۆت و كلیلی ئەم كەرامەتەی خۆت تەسلیمی كەس مەكە.

بیرت بێت ئەگەر خۆت بە مەردو مەردان دەزانیت و خۆت بە خان و خانەدان دەزانیت بەو كۆڵە شەهادەو حیكایەتە حیزبی و بەڵێنە زۆرانەوە كە دات بە گوێی دەنگدەردا، كە ئەچیتە بەغداد ئەمانەت بیر بێت و شەهامەتی پیاوەتی و ژنێتی خۆت مەگۆرەوە بە هیچ شتێك، ئەها چەند ناشیرین  هاوار دەكەیت بۆ دەنگ كۆكردنەوە، ئەم هاوارەت با بۆ راستی بێت، ئەم چوونە سەر پەیژەو عەموودە بەرزانەت با بۆ درۆ نەبێت، با بۆ سازش و خۆفرۆشی نەبێت، با تەنها بۆ گیرفانت نەبێت، ئێستا خەڵكی دەنگدەر دەزانن هاوار هاواری تۆ بۆ ئەوان نیە بۆ پارەو ئیمتیازەكەیە، بەڵام داخەكەم عەرەب دەوری داوین و دەنگدەر هیچ دەرفەتێكی تری لەبەردەمدا نیە تۆ نەبیت، تۆ كەسێكی ناچاریت ئەوەت بیرنەچێ كاتێ متمانە وەردەگریت لە دەنگدەر، بۆیە ناچار مەبە ملت و كەمەرت و سەرت بۆ هیچ نامەردێك شۆڕكەیتەوە.
 تەنها ئەوە بزانن، ئەم هەڵبژاردنەش هیچ ناگۆڕێت، خۆتێكدان و خۆسووركردنەوەی ناوێت، زۆر خۆت مەكە بە قەشمەرو جێگای پێكەنین و جنێودان بەیەكتری، تەشهیر بەیەك مەكەن با بوەستێ ئەم كەلتورە ناشیرینە، با سبەی لە بەغداد بتوانن مەرحەبایەكی یەكتر بكەن و شەرمەزاری یەك نەبن، هەر لە ئێستاوە بیر لە كەین و بەین و خۆدەوڵەمەندكردن و فێڵ مەكەرەوە بۆ شكاندنی پشتی خۆت و لێدان لە هاوزمانەكەت، تۆ دەزانیت هەڵبژاردنی عێراق شانۆگەرییەكی كۆمیدیە بۆ سیستمێكی  فاشیی و  بەرەڵاو هۆڤی و بەتاڵانبردنی هەموو شتێك،  تۆی كورد لەناو ئەو هەموو  تانجی و رێویەدا شێریش بیت هیچت پێ ناكرێ، بۆیە خۆت بە شێر لەقەڵەم مەدە، دەتوانی ئارام بیت و كەسایەتیەكەت بپارێزیت.
  لەو فەوزایەی بەغدادی نوێ كە كورد كەمینەیەكی بێهێزو بێ سەركردەو بێ رەمزە، چیتر كەس ناتوانێت وەك پاڵەوان خۆی نمایش بكات و  خۆی بنوێنێ وەك شێرو قارەمانی رزگاری نیشتیمانی و دروشم و درۆمان بۆ ریزبكات و  بڵێ "وەزعی ئابوری چاك دەكەم و شایستە داراییەكان دەگەرێنمەوەو مادەی سەدوچل جێبەجێ دەكەم وكەركوك و ناوچەدابراوەكان دەگەرێنمەوەو موچەی فەرمانبەران چاك دەكەم و كورد لە تەریكەوە ئەكەمەوە بە شەریك" 
زۆریش خۆتان سەخڵەت مەكەن و مەهێڵن ئەوەندە وەك لەیستۆك و بوكەڵە حیزبەكان بەكارتان بهێنن و سەرتان پێ گەرم بكەن و سەركردایەتی هاوبەشتان پێ دروست بكەن، تەنها ئێوە ویژدانێكی هاوبەشتان دەوێت لەسەر ئاستێكی زۆر سادەو خاكی، پێویستە ئەوانەتان كە ئێستا فشەمان بۆدەكەن و سبەی دەچنە بەغداد لەبری  قسەی زل و شتی لەم بابەتە و عێراقچێتی و نیشتمانپەروەرێتی و سەركردایەتی هاوبەش و قسەی بێماناو سواو ئەم كارانە بكەن بۆ ئەم خەڵكەو بەس:

یەكەمجار ئەوە بزانە، تۆ پەرلەمانتارێكی ناو كەمینەیەكی پەرت بووی شێواوی بێ سەرو بێ گوتارو بێ دیسپلینیت، یاسات پێدەرناكرێ و نیسابیشت پێ تەواو ناكرێ، ببڕو بكوژ خۆت نیت، باشتر وایە بەو بچوكیەی خۆتەوە دابنیشی بە ئاقڵی و چیت پێباش بوو دەنگی بۆ بدە لە قازانجی نەتەوەكەت، بەڵام دەنگت زوڵاڵ بێت و شەرمن مەبەو بیری گرێبەستی لابەلاو كۆكردنەوەی پارەو كڕینی شوقەو ژنی دووەم مەكەرەوە.
بیر لەوە مەكەرەوە دوای چوار ساڵی تر چەن پارەت كۆكردۆتەوەو چیت لێدێت لای حیزبەكەت و قەوارەكەت و ئایندەكەت چۆنە، بیر لەوە بكەرەوە سبەی دوای چوار ساڵ ئایا دەنگدەرەكانت لەباوەشت دەگرن، یان تف و نەعلەت و كۆمێنتی نەشیاوت تێدەگرن.
تۆ بەو بچوكیەی خۆتەوە جوانیت، بۆیە بەو بچوكیەش بمێنەرەوەو خۆت بە خۆت، مەبە بە سفر بۆ ژمارە گەورەكان، خۆت ژمارەبە لەپاڵ ژمارەكانی تردا، سێڵفی لەگەڵ كەس مەگرە، وێنەش بۆكەس مەگرە تۆ وێنەگرنیت، مەچۆ سەر سفرەو خوانە گەورەكانی دەسەڵات تۆ برسی نیت، دیاری وەرمەگرە تۆ سواڵكەر نیت، بچوكی هیچ عەیب و نەنگی نیە، بەڵكو گەورەی خۆفرۆش هەمیشە بچوكە، ئەگەر ئەتوانی بەو بچوكیەی خۆتەوە،  بەو گرام و میلیم و سانتیمەترەی خۆتەوە، كیلۆكان هاوسەنگ و تەوازون بكە بەلای نەتەوەكەتدا، مەهێڵە كەس غەش لە هاونیشتیمانیانت بكات، ئەگەر گرامی بچوك نەبێت، كیلۆ قیمەتی نیە، ئەگەر سانتیم نەبێت بزانە مەتر ئەهمیەتی نیە.
ئەوە بزانە هەر عیلاقەیەكی تۆ حسابە لەسەر دەنگدەرەكانت، لەسەر نیشتیمانەكەت، بۆیە وەك كوردی دۆنەدیو شوێن سێبەری ئەم و ئەو مەكەوە، تۆزێ شەخسیەتی خۆت بپارێزە، ژمارەی تەلەفۆنی خۆت بەكەس مەدە، كۆبونەوەی نهێنی لەگەڵ هیچ كەس مەكە، تۆ نوێنەری میللەتێكی برسی و بێ ئاڵاو بێ سەروەریت، هەوڵی سەروەری بدە، هەوڵی شكۆپارێزی بدە، نەك شكۆشكاندنی خۆت، ئەها ئەگەر نوكتەیان كرد لەسەر شكاندنی نەتەوەكەت بەدەمیانەوە پێمەكەنە.
سووك مەبەو خۆت مەفرۆشە بە لیستەگەورەكانی ناو پەرلەمان بۆ مشتێك پارەو دۆلار كە لە سوچی ئوتێلێكەوە وەری دەگریت،  ئەوە یەك جارە،  وەری دەگریت و ئەینێریتەوە بۆ مناڵەكانت و تەواو، ئەوكات بیر لە ویژدانی خۆت بكەرەوە كە چۆن دەنگت كۆدەكردەوە، بیر لە نەخۆشەكانی شێرپەنجەی هیوا بكەرەوە، بیر لە پێشمەرگەی برسی و كەم ئەندامان بكەرەوە، بیر بكەرەوە لەو كاتەوەی تۆ وا دەزانی دەوڵەمەند بوویت بە ناشەرعی ئەوە تۆ ووردو خاش بویت و هەرگیز چاك نابیتەوە، دەنگدەرەكانیشت پێت نەزانن تۆ خۆت لە ناخا هەستی پێدەكەی چەن شكاویت، بۆیە باشتر وایە واز لە كاری لەم جۆرە بهێنیت.
چۆن ئێستا بە دەنگدەری خۆت دەڵێیت دەبمە پارێزەرت، دەنگی تۆ متمانەیە بۆ من، ئاواش بیرت بێت دەنگی خۆت مەدە بە پرۆژە یاسایەكی نانیشتیمانی خۆت، دەنگی خۆت مەدە بە نەزعەی تائیفی و مەزهەبگەراو پرۆژەیەك كە دژی سەروەری خاكەكەت بێت، دەنگت با هەمیشە لە ویژدانتەوە بێت نەك بەپێی رق و كینەی حیزبایەتی، دەنگت مەدە بە حەشدی شەعبی و میلیشیاكان و مەرجەعەكان تەنها لە پێناو كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و سەفقەیەكی ژێربەژێردا.
پەرلەمانتاری سووخۆر مەبە، پێویستت بە راكێشانی پارەی بانكەكان نیە، ئەمە ئەگەر مەلایت یان مامۆستای زانكۆ یان بابایەكی حیزبی" كل قرچ جر نفعا، فهو  ربا" شەڕی دەستووریی و ئەم شتانە مەكە بەتۆ ناكرێ، دەزانی نایبەیتەوە، شەڕی بچوك بكەو براوە بیت، ئەوكاتەی دەزانی هیچت پێناكرێ وەرە دەرەوە لە پەرلەمان و توند هاوار بكەو بڵێ هیچم پێ ناكرێ، مەڵێ لە هەوڵداین لەگەڵ بەرێز فڵان بۆ چارەسەری دۆخەكە. ئەم قسە سواوانە مەكە بیرت بێت.
دواجار ئەگەر شەهامەتت هەیە هەموو ساڵێك سامان و داراییەكەت بۆ دەستەی نەزاهە ئاشكرا بكە، بزانین بەراست تۆ نوێنەری خەڵكیت یان نوێنەری خێزانەكەت.






08/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر