دیسان پەرلەمان‌و پشتگوێخستنی یاسای خانەنشینی كەرتی تایبەت؟

ئاسۆ عەبدولەتیف



راستەوخۆ دانیشتنی ژمارە چواردەی ئاسایی خولی پایزەمان بینی لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەم، بەرنامەی كۆبونەوەكە بریتی بوو لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای"چاكسازیی لە خانەنشینی موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر" ئەمەش بەپێی حوكمی هەندێك لە مادەكانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان- عێراق.

 
 پرۆژە یاساكەو خوێندنەوەكان بەو شەفافیەتە وێڕای نانەوەی دەنگە دەنگ و ئانارشیزمی بێمانا، گرنگی خۆی هەبوو، ئەوە لەگەڵ سەرنجە رۆژنامەوانیەكانمان هەڵیدەگرین بۆ كاتی خۆی و ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە، دیسان لەبیرچون و پشتگوێخستنی  سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بوو، بۆ یاسای خانەنشینی كەرتی "مەبەست كۆمپانیا تایبەت و ئەهلییەكان" كە ئەمجارەش بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست پشتگوێخراو ئایندەی ئەم كەرتە درایەوە  دەست قەدەری بێمافی و بێ یاسایی!
لەو دوو دانیشتنەدا نە سەرۆكایەتی پەرلەمان و نە هیچ فراكسیۆن و پەرلەمانتارێك بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ئاماژەیان بە یاسایەك نەكرد بۆ كەرتی تایبەت، هیچ نەبێت دەبوو، بە مۆبایلەكەی دەستیان و ئۆتۆمبیلەكەی ژێریان و پلیتی فرۆكەكانیان و تیڤیەكان و سیتی و شوقەو فەیس بووك و ئاڵوگۆڕی گەرمی نامە ناردنەكانیان، ئاگاداری ئەوە بوونایە خەڵكانێك هەن لەم وڵاتە ئێشكگرن و بەدیارتانەوە دانیشتوون لە ئۆفیس و ماڵەكانیان و دەنگیان بە ئێوە بەخشیوەو  بیست ساڵە لەژێر چەتری یاسا قورسەكانی كەرتی تایبەت كاردەكەن و گەنجێتی خۆیان گوشیوە و یاسایەك نیە پارێزگاریان لێ بكات و ماف و ئیمتیازات و ماندووبونەكانیان بپارێزێت، ئەمە كەمتەرخەمی و جەهلێكی كوشندەیە میللەتێك چاوەروانی ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە بێت تاوەكو پرۆژە یاسایەكی عەقلانی و دادپەروەرو یەكسانیان بۆ پێشنیار بكات.
تەنانەت كارمەندانی ئەم كۆمپانیا ئەهلیانە مانگانە رسومات و زەمان دەبەخشن بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە رێژەی %17 ی موچەكانیان و دیاریش نییە ئەم پارەیە بە چ شێوەو میكانیزمێك ئەدرێتەوە بە كارمەندان بۆ ئێستاو ئایندە، ئەمە پێویستی بە كۆنترۆڵكردن و میكانیزمی گونجاو هەیە لە نێوان پەرلەمان و كۆمپانیاو وەزارەتی ناوبراو بۆ ئەوەی ئایندەی ئەم كەرتەش بە تاریكی نەمێنێتەوە.

 
نوسەری ئەم بابەتە بە سێ بەش و شەش مانگ بەر لە ئێستا، تەواوی وردەكاریەكانی خانەنشینی كەرتی تایبەتم بڵاو كردەوە لە رۆژنامەو سایتەكان و ئاگادارم كردنەوە لە خوێندنەوەو هەمواری یاساكەدا پێویستە پەرلەمان یاسای خانەنشینی "كەرتی تایبەت" ی بیرنەچێت و سەردانی پەرلەمانیشم كرد بۆ ئەو مەبەستەو تا ئێستا هیچ ناوەندو دەسەڵاتێك نەهاتۆتە وەڵام لەسەر ئەم كەیسە گرنگە.


ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە لە دوو دانیشتنی پەرلەمان نەتوانن بەندو بڕگەیەك جێ بكەنەوە لە یاسای گشتی خانەنشینی مەدەنی و پلەباڵاكان بۆ كەرتی تایبەت، ئەوە دەلالەتی بیرچوونەوە نییە بە تەنها، بەڵكو بێ موبالاتی و بەكەم سەیركردنی كارمەندانی كەرتی تایبەتە، كەمتەرخەمییە بەرانبەر بە یەكێك لە پایەو بناغە گرنگەكانی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە.

 
 ئەم پەرلەمانتارانەی كە خۆیانكردوە بە مۆنتسیكۆی كورد بۆ یاسادانان، نەك هەر نەیانتوانی بەندێك جێ بكەنەوە لە هەمواری یاساكەو لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەكە شتێك بڵێن، بەڵكو بە ئاستەمیش گوێمان لێ نەبوو باسی ئەو نەوە زیت و وریاو چاونەترس و ئەكادیمی و تەكنیسیەنە گەورەیەی كەرتی تایبەت بكەن، كە بەردەوام كۆمەڵگای نوێ و دیموكرات و لیبراڵ و گڵۆباڵ، ئاتاجی پێیانە، بەبێ كەرتی تایبەت هاوشانی كەرتی گشتی بێگومان، نە ئابوری وڵات پێش دەكەوێت و نە گەشە دەكات بە خێرایی، ئەو كەمە گەشەكردن و پێشڤەچونەی ئابوری كوردستان بەشێكی سەرەكی پەیوەستە بە كەرتی تایبەتەوە كە لەم یاسایەدا هیچ حسابێكی بۆ نەكرا .
 لە مادەی هەشتەمی پرۆژە یاساكە، كە تایبەت بوو بە خانەنشینی فەرمانبەران و لە دوو بڕگەدا رێكارەكانی روونكراوەتەوە بۆ خانەنشین كردنی ئاسایی، هیچ نەبێت بڕگەیەك تەرخان بكرایە بۆ ئەم كەرتە ئەهلیەی كە رۆژانە خەڵك پێویستی بە خزمەتگوزاریی و داهێنانەكانیان هەیە.


ئێستا دەبێت ئەو پرسیارە بكەین ئایا بەراست پەرلەمانتاران دەزانن كۆمەڵێك كارمەندو فەرمانبەرو كرێكارو پاسەوان هەن لە كۆمپانیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەناوی كەرتی تایبەتەوە،  هیچ یاسایەك نایانگرێتەوە یاسای دەركردن و نانبڕین و كۆتایی هاتنی راژەكانیان نەبێت؟ هیچ ماف و ئیمتیازاتێكی ئایندەیان دیار نییە، ئایا پەرلەمانتاری كورد دەزانێت كێ لە كەرتی گشتیەو كێ لە كەرتی تایبەت و كێش لە هەردوولا سودمەندە؟ ئایا دەكرێت كەسێك دوو دوو ئیمتیازو دوو موچەی هەبێت لە گشتی و تایبەت و هەزاران دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستانیش لەتاو بێكاریی خۆپیشاندان بكەن، كەواتە پەرلەمانتار پەرلەمانتاری حكومەتە نەك خەڵك، ئەمەش بە دەرەجەی ئیمتیاز.

 
 فەرمانبەر هەیە بەو یاسایەی كە ئێوە خوێندنەوەی دوەمتان بۆكرد، لە حكومەت خۆی خانەنشین دەكات بە پلەیەكی باڵاو دواتر لە حەوشەی پشتەوەی كەرتی تایبەت دێتەوە ناو كۆمپانیایەكی ئەهلی، چیتان كرد بۆ رێگریی و راستكردنەوەی ئەم خەوشەو لە چ بەندو بڕگەو مادەیەكدا ئاماژە كراوە بەم دیاردەیە، یان خۆتان داناوە سبەی ئێوەش بێنەوە كەرتی تایبەت بەو موچە بەرزەی خانەنشینیەتانەوە، ئێوە لەلایەك دەتانەوێت بێكاریی كەم بكەنەوەو خۆتان وا دەردەخەن كە پەیامبەری چاكسازیین، كەچی یاسایەكتان لە بەردەستە ناتوانن بە وردیی هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن.

 
  رەهەندە جیاوازەكانی یاسای خانەنشینی هەر تەنها بۆ كەرتی گشتی نییە،  پێویستی بە پرۆژەی جددی و خوێندنەوەی هەمەلایەن هەیە تاوەكو كەرتی تایبەتیش جێگای بكرێتەوە لە یاساكەدا، لەئێستادا ئەوە رۆشت و كەمتەرخەم بوون و بیرتان چوو، دەكرێت قۆناغی داهاتووی نزیك كاركردن بێت بۆ یاسایەكی خانەنشینی راقی و دادپەروەر بۆ كەرتی تایبەت، بەتایبەت بۆ ئەو كارمەندانەی ساڵانە لە فەرمانگەی "بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كریكاران" رسومات و زەمانی مانگانەی خۆی دەبەخشێت وەك ئەركە داراییەكانیان و گرنگە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت. 

 
پێویستیشە حكومەت تیمی تایبەت پێك بهێنێت بۆ وردبینی كەرتی تایبەت و لە رووی خزمەتی شارستانی و یاساكانەوە پاڵپشتیان بێت، كەرتی تایبەت هەزاران كارمەندو كرێكارو فەرمانبەری هەیەو لە چاوەروانی  پرۆژە یاسایەكدان بیانپارێزێت نەك بیانفەوتێنێت، پرۆژە یاسایەك ماف و ئیمتیازاتی كۆتایی راژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و كرێكارانی كۆمپانیا ئەهلیەكان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ ئەركی وەزیفی (فعلی) خانەنشین بكرێن هاوشانی ئیمتیازاتەكانی راژەی فەرمانبەرانی كەرتی حكومیی، چونكە لە كەرتی تایبەتیش پلەبەندی و پسپۆرێتی و گرەیدو ئاستی باڵاو مام ناوەند هەیەو دەبێت رەچاو بكرێت.







17/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر