وەڵامی دوورمەودا بۆ مووشەكی دوورمەودا

کاوه‌ محه‌مه‌د

مووشەكەكانی دوێنێ شەو كە گیرانە هەولێر دوورمەودابوون، پێویستە وەڵامدانەوەشیان دوورمەودابێت، نەك كاردانەوەی سەرپێی و ڕیزكردنی كۆمەڵێك بەیاننامە و بەس.

ڕەشبینی نیە، بەڵكو واقیعبینیە ئەگەر بڵێین؛ هەرێمی كوردستان هیچ دینگەیەكی مانەوەی نەماوە، لەڕووی سیاسی، ئابووری، ئیداری و ئەمنی-ەوە رووخاوە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هێشتوویەتیەوە هاوكێشەی سیاسیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتین و هیچیتر..بەتایبەت كە هەرێمێكە بە كۆمەڵێك دەسەڵاتی ئیسلامگەرا دەورەدراوە؛ ئێرانی ئیسلامی، توركیای ئیخوانی، سوریای پڕ لەهێزی ئیسلامی و عیراقی دەسەڵاتدارانی شیعە..هەرێم تاكە زۆنێكە لەنێویاندا كە نە هێزە ئیسلامیەكان تیایدا بەهێزن و نە خەڵكی كوردستانیش كەڵكەڵەی ئەوەیان تێدا بەهێزە كە دەسەڵاتێكی دینی (پیۆكراتی) حوكمیان بكات..بۆیە بەدوور نازانرێت لەئایندەدا ئەم ململانێ (خۆرئاوایی-ئێرانیە) كاریگەریی ئەمنیی زیاتر بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دان بەو راستیەدا نەنێن كە هێزی هەرێمەكەمان لەناوخۆی خۆماندایە و لەڕێگەی چاكسازیی ڕاستەقینە و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و بەهێزكردن و كاراكردنی دامەزراوە شەرعیەكان و دەسەڵاتی دادوەری-ەوە دەتوانرێت هەم پێگەی كورد و هەرێم لەناوچەكەدا بەهێزبێت و هەم پشتیوانیە نێودەوڵەتیەكەش بە باشی بخرێتە خزمەتیەوە و ببین بە یاریكەرێكی نێو گەمەكە، نەك وەك ئێستا یاری پێكراو بین و بەرە بەرە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان بمانهاڕێت.


13/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر