کێ سەروەریی هەرێم پێشێلدەکات ؟!

کاوه‌ محه‌مه‌د


هیچ جێگەی سەرسوڕمان نیە کە هەر سێ بەیاننامەکەی (بارەگای بارزانی، سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێم) ئاماژە بە (پەکەکە) دەکەن و داوای دوورخستنەوەیان لەهەرێم دەکەن، کەچی هیچ یەکێک لەبەیاننامەی بەرپرسە حکومی و حزبییەکانی عیراق خۆیان لەقەرەی باسکردنی (پەکەکە) نادەن و تەرکیزیان تەنها لەسەر ئیدانەکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیایە، چونکە ئەوەی دەگوزەرێت دەرەنجامی رێککەوتنێکی ئەمنیی درێژخایەنی نێوان هەندێ لە دەسەڵاتدارانی هەرێمە لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆگان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ناحیەی (دەرکار) روویدا کە ژمارەیەک هاووڵاتیی عەرەبی عیراقی بوونە قوربانی، لەدەرەوەی رێککەوتنە ئەمنیەکەیە، رێککەوتنێک کە بۆ بەرژەوەندیی حزبی و بنەماڵەیی ئیمزاکراوە و هەردوولا پێیان ئاساییە لەپرۆسەکانی پەلاماردانی هێزەکانی (پەکەکە)دا، ئەگەر هەندێجار هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی هەرێمیش ببن بە قوربانی..
ئیتر هەرێمێک کە حکومەتێکی نەبێت خاوەندارێتی بکات و نەک هەر غیرەت و شەهامەتی ئەوەی نەبێت ژیانی هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت، بەڵکو ئامادەبێت دەستی دەوڵەتی تورکیاش بۆ ناو خاکی هەرێم راکێشێت، چۆن و بە چ پێوەرێک داوا لەحکومەتی عیراق دەکەن سەروەریی هەرێم بپارێزێت، بەغدا ئامادەیە لەسەر هاووڵاتیانی خۆی بێتە دەنگ، بەڵام ئامادە نیە لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەریەشە بۆ خۆی دروست بکات، لەکاتێکدا خودی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە بوونەتە چاوساغی پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمان و خاک و ژێرخاکی هەرێمەکەیان..   



21/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر