هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ڕوانگەی (سەدر) و (چواچێوە)وە

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئێستا پرسیاری گرنگ لەبارەی دۆخی عیراق ئەوەیە کە؛ بۆچی سەدر و رەوتەکەی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن، چواچێوەی هاوئاهەنگی-ش داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئینجا هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن ؟..

چونکە (سەدر) دەیەوێت بە هەمان یاسای ئێستای هەڵبژاردن و هەمان ستافی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لەسایەی حکومەتەکەی (مستەفا کازمی) هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە ئاڕاستەیەکی تر کاردەکات و مەنەستیەتی پەرلەمان کارابکرێتەوە تا بە سوودوەرگرتن لەزۆرینە پەرلەمانیەکەی یاسای هەڵبژاردن لەبەرژەوەندیی خۆی هەموار بکاتەوە و ستافی کۆمسیۆن و حکومەتەکەی کازمی-ش بگۆڕێت و لەسایەی حکومەتێکی تر، کە لانیکەم وەک (کازمی) لایەنگیری سەدر نەبێت، هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

بەڵام سەدر بەهیچ شێوەیەک نایەوێت ئەو دەرفەتە بۆ نەیارەکانی بڕەخسێت، بۆیە پێداگریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بێ چەندوچوونی پەرلەمان دەکات و دەیەوێت لەرێگەی بەرفراوانکردنی خۆپیشاندانەکان و تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگا، بەو ئامانجە بگات و بەڕەکە لەژێر پێی چوارچێوە دەربهێنێت، لەکاتێکدا بەپێی (مادەی ٦٤ی دەستور) هیج لایەن و دەسەڵاتێک، جگە لەپەرلەمان خۆی، ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.

پێموایە سەرەنجام دەبێت هەردوولا لەسەر میکانیزم و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن رێکبکەون کە هەر دەبێت بە پەرلەمان خۆی دا رەتببێت، ئینجا هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە بکرێتەوە کە رەنگە بکەوێتە پایزی ساڵی داهاتوو.

14/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر