هەرێم و ئەفغانستان.. هەمان کۆتایی و سیناریۆی جیاواز

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەوەی هەرێمی کوردستانی وەک قەوارەیەک هێشتۆتەوە، هیچ فاکتەر و هێزێکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە و بەس.چونکە لەسایەی دەسەڵاتی شکستخواردووی هەرێمدا، نە خاوەنی هێزێکی دامەزراوەیی نیشتمانین، نە ئابوورییەکی لەسەرپێ وەستاومان هەیە، نە سیاسەتێکی حەکیم و دووربینانە پەیڕەودەکرێت، ئەوەی هەیە کۆمەڵێ دەسەڵاتداری کورتبین و مشەخۆر و ناسیاسیی، چارەنووسی ئەم هەرێمەیان وا لێکردووە کە نەتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەند سەد داعشێک پەنا بۆ هێزی ئەم وڵات و ئەو وڵات ببرێت تا فریای بکەوێت, لەرووی داراییشەوە بۆ دابینکردنی مووچە.

هەمیشە چاو لەڕێی بەغدا بێت..دوای ٣٠ساڵ حوکمڕانیش ئێستا خەڵک بەدەست نەبوونی سادەترین پێداویستییەکانی ژیانەوە دەناڵێنێت، رۆژ بە رۆژ ئازادییەکان بەرتەسک دەبنەوە و بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات فراوانتر و قووڵتر دەبێت و چەندین کێشەی تر کە بەردەوام کەڵەکە دەبن و هیچ ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنیان بەدیناکرێت.

بۆیە لێکچواندنی دۆخی هەرێم بە گۆڕانکارییە خێراکانی ئەفغانستان، لەجێی خۆیدایە و ئەو مەترسییە بۆ هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم دەرگایە، بەڵام مەرج نیە بە هەمان سیناریۆکەی ئەفغانستان رووبدات، بەڵکو پێشبینیدەکرێت، کە لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لەهاوکێشە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا.

پشتیوانییە دەرەکییەکەی نەمێنێت و سەرەنجام عیراق ئەمە بقۆزێتەوە و دەستکارییەکی نادەستوورییانەی دەستوور بکرێت و شتێک بەناوی هەرێم و فیدراڵی نەمێنێت و تەنها وەک چەند پارێزگایەک بخرێنەوە سەر عیراق و ئیتر کۆتایی بەو چیرۆکە بهێنرێت کە ناوی هەرێمی کورستانە و لەسەر دەستی دەسەڵاتدارەکانی، داڕووخان و شکست بە نسیبی دەبێت و بە تراژیدیا کۆتایی دێت. 

16/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر