مووچە و نەورۆز و ڕەمەزان

سه‌رکۆ یونس
حکومەتی هەرێم، بۆ پێدانی مووچە، مانگانە پێویستی بەنزیکەی 874 ملیار دینار هەیە.

شایانی باسە، لەکۆی 6 ملیۆن دانیشتوانی هەرێم، كۆى گشتى ژماره‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم، بریتییە لە:

1 ملیۆن‌و 295 هه‌زارو 109 كه‌س موچه‌خۆر هەیە، واتە ڕێژەی (21.5%)ی دانیشتوان مووچەخۆرن، به‌مشێوه‌یه‌:

719 هه‌زارو 266  موچه‌خۆر فه‌رمانبه‌رى هه‌میشه‌ین.

29 هه‌زارو 898 گرێبه‌ست.

229 هه‌زارو 977 خانه‌نشین.

415 هه‌زارو 873 كه‌س له‌چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى مووچه‌ وه‌رده‌گرن، بڕى پاره‌ى پێویستى مانگانه‌ى مووچه‌ 874 ملیار دینارە.

سەرچاوەکانی دەستکەوتنی داهاتی حکومەت، لەمانەی خوارەوە بەدەستدێت.

* داهاتی نەوتی فرۆشراو، لەمانگی پێشوو، نزیکەی 448 ملیۆن دۆلار بووە، پێویستە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا، ئەم گوژمەیەش زیادبکات، پێشبینیدەکرێت بەهۆی زیاتر بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە، داهاتی نەوت زیاتربێت، ئەگەر بەتەواوەتی بگەڕێتەوە!

* داهاتی ناوخۆ، کەخۆی دەبینێتەوە لەداهاتی خاڵەسنورییەکان‌و باجی ناڕاستەوخۆو ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان، مانگانە زیاتر لە120 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.

* هاوپەیمانان، مانگانە 30 ملیار دینار دابیندەکەن کەزیاتر بۆ لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

*بەغدا، مانگانە 200 ملیار دینار دەنێرێت، زۆربەی کات بەم سولفەیەی بەغدا، تەواکاری مووچە دەبێت، لەساڵی نوێدا، سەرەڕای دواکەوتن، دووجار ئەو گوژمەیە نێردراوە.

پێدانی مووچە، بەفەرمانبەران‌و مووچەخۆران لەمانگی ڕابردودا، جگەلەدواکەوتن لەوادەی خۆی، هەروەها بەسستییەکی لەڕادەبەر درا، هەرچەندە بیانووی وەزارەتی دارایی، کۆنەکردنەوەی داهاتی سنوری سلێمانی بووە، بەڵام ئەم بیانوە، قەناعەت بەهاونیشتمانیان‌و مووچەخۆران ناکات، گومانی تێدانییە، کێشەسیاسییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بەتایبەت یەکلانەبوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، بوونەتە بەربەست لەهەرێمدا، مووچەخۆران باجی ئەم ناکۆکیانە دەدەن.

هاوڵاتیان‌و مووچەخۆران، ئومێدیان بەبەرزبونەوەی نرخی نەوت‌و زیادبونی داهاتی ناوخۆ هەڵچنیبوو، بەڵام وادەردەکەوێت، کێشەو ناکۆکییە سیاسیەکان، ئومێدەکەیان لەباردەبات، سەرەڕای ئەوەی چەندینجار لەزاری وتەبێژی حکومەتەوە، دوبارەو دوپاتدەکرێتەوە، کە ئەولەویەتی حکومەت بۆ مووچەیەوهەوڵی تەواودەدەن، مانگانە لەکاتی خۆیدا خەرجبکرێت، بەڵام زۆربەی کات دوادەکەوێت.

لەلایەکی ترەوە، کەمبونەوەی سیولەی پارە لەبانکەکان بەگشتی‌و بانکەکانی سنوری سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین بەتایبەتی، بووەتە دیاردەیەکی دوبارە، گیانلەدەستدانی سێ هاونیشتیمانی خانەنیشین لەسەرەی وەرگرتنی مووچەکانیان، ڕووخساری حکومەت‌و دەسەڵاتدارانیان، ناشیرینترکردووە.

بۆنەکانی نەورۆزو بەهار، تایبەتمەندی خۆی هەیە، خواستی تاک‌و خێزان‌و کۆمەڵگا بەگشتی، خواستێکی گەورەیەو جووڵە دەخاتە بازاڕەوە، بەتایبەت خواردن‌و خواردەمەنی‌و جلوبەرگ‌و بەنزین، بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستە، پێویستمان بەپارەیە.

لەلایەکی ترەوە، هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، جارێکی تر گەرمی‌و گوڕی زیاتر دەبەخشێت بەبازاڕەکانی هەرێم‌و خواستی خێزانەکان، بەدەر لەیاسا ئابورییەکان زیاترو گەورەتردەبن، پێویستی بوون بۆ پارە زیاتر دەبێت، چونکە کەسانی بەڕۆژووان بەهۆی پاڵنەری دەروونییەوە، قەبارەی خواستیان بەرزتر دەبێت‌و داواکاریەکانیان دووهێندە دەبێت.

لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی گەورەیی دانیشتوانی هەرێم، پشت بەمووچە دەبەستن، مووچە بزوێنەری جووڵەی بازاڕەکانی هەرێمە، کەرتی تایبەت‌و بازرگانانیش کاروچالاکیەکانیان پەیوەستە بەمووچەی مووچەخۆرانەوە، وەک قەرزو قیست.

هەر دواکەوتن‌و گۆڕانکارییەکی نەخوازراو لەپێدانی مووچەدا ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی خێزانەکان‌و جموجوڵی بازاڕو ئابوری هەرێم، بەپێچەوانەیشەوە.

23/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر