من ته‌نها له سه‌ر ئه‌و رسته‌یه قسه ده‌كه‌م كه ده‌ڵێی پارتی سیاسه‌تی برسی كردن به‌رانبه‌ر به سلێمانی به كار دێنێت ، له راستیدا پارتی هه‌رچیه‌ك بكات هه‌قی خۆیه‌تی و سیاسه‌ت ده‌كات ، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێتی و حزبه‌كانی ئه‌م زۆنه‌و به‌رپرسانی ئێره له كوێن ، پارتی سزای سلێمانی نادا ، ئه‌وه حزبه‌كانی ئێره‌ن ناتوانن به گژ سزادا بچنه‌وه ، ناتوانن به‌رنامه‌ی ده‌رباز بوون له‌م دۆخه ئاماده بكه‌ن و ناتوانن شكۆی هاونیشتمانی ئه‌م زۆنه بپارێزن ، من و تۆ خه‌ڵكی یه‌ك ناوچه‌ین و من هه‌میشه وه‌ك خانه‌واده‌یه‌كی تێكۆشه‌رو بوێر سه‌یری ئێوه‌و ره‌وانشاد عه‌لی عه‌سكه‌ری ده‌كه‌م ، ئه‌و عه‌لی عه‌سكه‌ریه‌ی ئێستاش كه‌ركوكیه به ته‌مه‌نه‌كان به شانازیه‌وه باسی ده‌كه‌ن ، ئه‌و شه‌هید بوو بكوژه‌كانی هێشتا هه‌یانه خه‌ریكی سیاسه‌ت و كه‌وی كردنی ئه‌وانه‌یه كه یه‌كێتی و سه‌رانی ئه‌و حزبه ناتوانن به ده‌م داوا‌و خواسته‌كانیانه‌وه بچن .
برای من له پارتی گه‌ڕێ ، ئه‌و له 31ی ئابی 1996 هه‌ولێری به هاوكاری ده‌بابه‌ی به‌عس و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لێسه‌ندن كه هه‌شت هه‌زار بارزانیان زینده گۆڕكردو ئه‌نفال و كیمیابارانی كوردستانیان كرد،ئه‌وان به شانازیه‌وه باسی ئه‌و رۆژه ده‌كه‌ن ، كه‌چی له 16 ئۆكتۆبه‌ری 2017 یه‌كێتی بۆ به‌رگری له كه‌ركوك شه‌ڕی كرد‌و شه‌هیدی دا ئێوه به‌شه‌رمیشه‌وه باسی قوربانیه‌كان ناكه‌ن ، له كاتێكا سوپاكه‌ی 1996 سوپای به‌عس و سوپاكه‌ی 2017سوپای ئه‌و هێزانه بوو كه ئێستا پارتی هاوپه‌یمانه‌تیان ده‌كات ، پارتی هه‌لێری لێبردن ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیتان لێده‌بات ، سه‌ركردایه‌تیتان لێده‌بات ، ئامر لیواتان لێده‌بات ، حزبی له ئێوه نزیك و هاوپه‌یمانی ئێوه‌تان لێده‌بات و له‌ت و په‌تی ده‌كات ،له هه‌وڵی بردنی نه‌وته‌كه‌و غازه‌كه‌و كاره‌باكه‌و هه‌مووشتێكی ئێوه‌دایه ، تازه پێتان وایه برسیتان ده‌كات ، پارتی سیاسه‌ت ده‌كات و ده‌یه‌وێت هه‌موو شت بكات و به خه‌ڵكیش بڵێ سه‌یری هه‌ولێرو دهۆك بكه‌ن له كوێن و سه‌یری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش بكه‌ن ، ئێستا بۆ خه‌تای پارتیه ، ئه‌ی ئێوه ئه‌ی پڕۆژه‌تان ، به‌رنامه‌تان ، یان هێشتا ئه‌م یه‌كێتیه بیر له سیناریۆو هه‌شتی ته‌موزێكی تر‌و شتی تر ده‌كاته‌وه و دیاریشه كێ ئه‌و هه‌موو رۆڵه ده‌به‌خشێت ، ئاخر زیاد له ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ئێمه نووسیمان ئامانجێك هه‌یه بۆ وێرانكردنی سلێمانی و یه‌كێتی وتی وانیه .
ده‌ی ئه‌گه‌ر پارتی سیاسه‌تی برسی كردن په‌یڕه‌و ده‌كات ، بۆ له شه‌راكه‌تی ناكشێنه‌وه ، بۆ ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ی به‌رێ ، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه بكه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی ، من باوه‌ڕم به دوو ئیداره‌یی نیه ، به‌ڵام بڕوام به‌وه هه‌یه ئه‌م زۆنه ده‌بێت به‌رپرسیارو خاوه‌نێكی هه‌بێت ، خۆ هێشتا خاوه‌ن ته‌ڵه‌ش نه‌هاتووه ، من نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باسی هاتنی توركم كرد ، ئه‌وه خاوه‌ن ته‌ڵه‌كه‌یه ، ئه‌و ده‌م یان ده‌بێت كپ و بێده‌نگ و سه‌لار بین یان بڵێین نه‌خێر ، ئێ باشه لانی كه‌م با یه‌كێتی و ئه‌وه‌ی بڕوای به خۆخاوه‌نی ئه‌م زۆنه‌یه یه‌كجار بڵێن نه‌خێر ، ما خۆ دنیا كۆتای نایه‌ت .
یه‌ك داوای بچوك و ساده‌م له ئێوه هه‌یه تكایه به نزیكترین كه‌ست كه له چه‌مچه‌ماڵه بڵێ ، چوار وێنه‌ی به‌رده‌م ئه‌و شوێنه‌ت بۆ بنێرێ كه به ناوی شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ریه‌وه ناونراوه ، ژێر به‌رزه پرده‌كه‌ی كه‌ركوكیشم بیر چوو ، توخوا عه‌لی عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌نده‌ی پێڕه‌وا ده‌بینرێت .