ئه‌مڕۆ 12 كه‌س كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ ، دیار ترینی ئه‌و 12 كه‌سه ، ئیمانیۆڵ ماكرۆنی سه‌رۆكی ئێستا‌و مارین لۆپانن ، لۆپان 2017له به‌رانبه‌ر ماكرۆن شكستی خوارد ، به گوێره‌ی راپرسیه‌كان ماكرۆن له پێش لۆپانه‌وه‌یه ، دوا راپرسی ماكرۆن 5، 26% و لۆپان 22،8%ده‌نگه‌كان ده‌هێنن ، به دوای ئه‌وانیشدا ناوه‌كانی ڤالێری بیكرس و ئیریك زمور دَن ، ره‌نگه له خولی یه‌كه‌مدا هیچ یه‌ك له كاندیده‌كان ده‌نگی پێویست نه‌هێنن كه 50+1 و ده‌شێت دوو كه‌سی یه‌كه‌م بكه‌ونه قۆناغی دووه‌م كه رۆژی 24ی ئه‌م مانگه ده‌كات .
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیاتر له 48 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ، به‌ڵام پێناچێت ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگده‌ر به‌شداری بكه‌ن ، وه‌ك چۆن له ساڵی 2017ه‌ش رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی خه‌ڵك بایكۆتیان كرد،ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه ئه‌مجاره جه‌نگی ئۆكرانیا، بار‌و دۆخی نێو خۆی ئه‌وروپا ، هه‌روه‌ها سه‌ربه‌خۆیی فه‌ڕه‌نسا له ده‌ره‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ناتۆ ، په‌تای كۆرۆناو زۆر پرسی دیكه كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه له سه‌ر ڕای ده‌نگده‌ران ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شانسی ماكرۆن ئه‌مجاره‌ش له شانسی لۆپان بۆ بردنه‌وه باشتره ، مه‌گه‌ر گۆڕانكاریه‌كی كت و پڕ رووبدات .
پێنج ساڵی رابردوی ده‌سه‌ڵاتی ماكرۆن ، فه‌ڕه‌نسا وێڕای گه‌شه‌ی ئابوری و چاككردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر گیر‌و گرفتی له گه‌ڵدا هه‌بوون ، جۆرێك له خۆ خاوه‌نی نیشاندا ، و له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاشدا به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بوو ، به‌ڵام هێشتا سه‌رنجی زۆر له سه‌ر سیاسه‌تی فه‌ڕه‌نسی هه‌یه به تایبه‌ت سه‌باره‌ت روسیا‌و پۆتن ، توركیا ، وڵاتانی ئه‌فریقی ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌وروپیه‌كان به گشتی هێتا له ژێر سێبه‌ری ئه‌مه‌ریكادان و نه‌یانتوانیوه خۆخاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن ، شه‌ڕی ئۆكرانیاش به جۆرێكی تر و تۆختر ئه‌مه‌ریكای وه‌ك سه‌رۆكی جیهان نیشاندایه‌وه ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه فه‌ڕه‌نسا له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیه‌وه فه‌ڕه‌نسایه‌كی به هێزو ده‌نگدیاری هه‌موو ئه‌وروپاو جیهانیشه .
لۆپان و ماكرۆن هه‌ردوكیان له به‌رده‌م سه‌دان پرسیاری فه‌ڕه‌نسیه‌كاندان به تایبه‌ت له‌و بار‌و دۆخه‌ی ئێستا ئه‌وروپاو ئۆكرانیای تیا ده‌ژین ، راسته تا ئێستا ئه‌گه‌ری زۆره ماكرۆن 5 ساڵی تر له كۆشكی ئه‌لیزێ بێت ، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی رێگه‌ی گه‌یشتن به ئه‌لیزێ هه‌روا ئاسان و ته‌نانه‌ت پێنج ساڵی دیكه‌ی حوكمڕانیش له‌و كۆشكه‌دا بێكێشه‌و گیر‌و گرفت بێت .