مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق له كتێبه‌كه‌یدا " پرسی عیراق ، ئاشتبوونه‌وه له نێوان رابردووداهاتوودا " ده‌ڵێت " ره‌نگه زۆر كه‌س تانه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی بده‌ن ،به‌ڵام ئێمه ده‌پرسین ئه‌ی له دوای سه‌رده‌می پاشایه‌تی چی ڕوویدا ، كوده‌تا سه‌ربازیه‌كان ، به‌ندیخانه‌كان ، دوره وڵاتی و تاراوگه، له سێداره دانی به كۆمه‌ڵ ،ئاهه‌نگی كوشتن و كوشتار ، لاشه هه‌ڵواسین له گۆڕپانی ته‌حریر له ساڵانی حه‌فتاو لاشه هه‌ڵواسین له بێستانهكانی كازمیه‌و عهتیفیهی به‌غدا ، له گرنگترین ده‌سكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می كۆماری دواتر بوون " لاپه‌ڕه 135.
كازمی ته‌نها له سه‌ر قۆناغی كۆماری پێش 2003 ده‌وه‌ستێ ، ئه‌و نایه‌وێت باسی هه‌موو ڕوداوه قێزه‌ونه‌كانی دوای روخانی بته‌كانی سه‌دام و هاتنه سه‌ر كورسی مافیاكانی نه‌وت بكات ، ئه‌وانه‌ی ملیاران دۆلاریان له عیراق دزی و ئاوه‌زی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و تولهرانسیان له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكێشا ، له دوای 2003وه كه ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه ببێته 20 ساڵ عیراق له بری ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات له ڕوی ئاكاری سیاسیه‌وه له خراپترین بار‌و دۆخدایه ، نزیكه‌ی زۆربه‌ی سه‌ركرده سیاسیه‌كانی ناتوانن چوار لاپه‌ڕه له سه‌ر سیاسه‌ت بنووسن ، ته‌نانه‌ت سیما‌و سه‌رو سه‌كوت و جل و به‌رگ و هه‌ست و كه‌وتیان زۆر ناسیاسیانهو گرێدراوی مه‌زهه‌ب و بیر‌و باوه‌ڕی ئاینی و داخراوه .
سوپایه‌كی مۆدێرن و ساغ له ڕووی جه‌سته‌یی و مه‌شق و راهێنان و چه‌كه‌وه نیه ، به‌شی زۆری سه‌ركرده‌كان میلیشیای خۆیان هه‌یه ، میلیشیای په‌روه‌رده كراوی ده‌ستی ئه‌م سه‌ركرده‌و ئه‌و سه‌ركرده كه زیاتر وابهستهگیان بۆ سه‌ركرده‌كه‌یان هه‌یه تا بۆ نیشتمان و وڵات ، ئه‌مجۆره میلیشیایه هیچ گوێی له‌وه نیه عیراق به ده‌ردی یه‌مه‌ن و لوبنان ده‌چێت یان نا ، ئه‌و ته‌نێ بیری لای به‌شه كێكه‌كه‌ی خۆیه‌تی و هه‌ركاتیش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو به‌شه‌كه‌ی ده‌سكاری ده‌كرێت ، به تفه‌نگێك و روویه‌كی گرژ‌و مۆنه‌وه خۆی نیشانی میلله‌ت ده‌دات و ده‌ڵێت " ئه‌وه كێ بوو له ئاستی من نقه‌ی كرد " نیوه دێڕی شیعرێكی حه‌مه‌عه‌لی مه‌دهۆشه به كه‌مێ ده‌ستكاریه‌وه .
چ له سه‌رده‌می كازمی و چ له پێشتردا هه‌وڵی زۆر دراوه میلیشیای چه‌كدار بۆ سونه‌و توركمان و ئه‌وانی تریش دروست بكرێت و هاوڵاتی عیراقی به جۆرێك گۆشبكرێت ئه‌گه‌ر خۆی خۆی نه‌پارێزێت و خۆی پێكهاته‌كه‌ی خۆی نه‌پارێزێت كه‌س نیه بیپارێزێت ، روداوه‌كانی دوای ساڵی 2017ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانی تر ئه‌و راستیه به ئێمه ده‌ڵێت كه نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ی بێچهك زۆر به ئاسانی ده‌كرێته قوربانی ، نمونه‌ی ئه‌و سته‌مه‌ی كه له جوتیارانی ناوچه دابڕێنراوه‌كان ده‌كرێت و به‌رده‌وام تووشی ته‌نگ پێهه‌ڵچنین و گیر‌و گاز‌و گێچه‌ڵ ده‌كرێنه‌وه .
زۆر ئه‌سته‌مه محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی بتوانێت له رۆڵی ئه‌و میلیشیایانه كه‌مبكاته‌وه ،كه هه‌ر كات بیانه‌وێت ده‌توانن ئاشوبی گه‌وره دروست بكه‌ن ، چونكه یه‌كه‌م خۆی به‌رهه‌می هه‌مان ئاوه‌زه ، دووه‌م هه‌ڵسوڕانی به ده‌ست به‌شێك له سه‌ركرده‌ی ئه‌و میلیشیایانه‌یه ، هه‌ر به‌ڵێنێكی سودانی له ئێستادا به هه‌ر لایه‌نێك و پێكهاته‌یه‌ك زۆر به ئاسانی ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و جێبه‌جێنه‌كردن و له‌مپه‌ر ده‌بێته‌وه ، به تایبه‌ت له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به كورد‌و سونه‌وه هه‌یه ، له‌م بار‌و دۆخه‌دا میلیشیا بڕیار به‌ده‌ست و بگۆڕهكان گوێیان له ده‌نگی كه‌سی تر نیه ده‌نگی خۆیان نه‌بێت ،مه‌گه‌ر عه‌لی سیستانی بۆ گه‌ڕاوه‌ی شیعه‌كان به بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میلیشیاكان فریای بكه‌وێت ، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش ئاسان نیه یه‌كه‌م زه‌حمه‌ته بڕیاری وا بدرێت ، دوه‌م مه‌رج نیه هه‌موو گروپه‌كان بچنه ژێر فه‌رمانێكی به‌و جۆره‌وه .
ئایه تاكه‌ی عیراق به‌مجۆره ده‌بێت ، ئایه درێژه كێشانی سته‌م و گه‌نده‌ڵی عیراق به یه‌كگرتووی ده‌هێڵێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئهمهریكاو ئه‌وروپا به‌رده‌وام پشتگیری له فۆڕمێكی به‌و شێوه‌یه ده‌كه‌ن ، ئایه سونه‌و كورد به‌رگه‌ی ئه‌و نادادیه ده‌گرن كه هه‌یه ، ئه‌وه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه ئاینده وه‌ڵامیان وه‌رده‌گرینه‌وه، ئه‌و كاته‌ی میلیشیاكان له سه‌ر پشكی زیاتری كێكه‌كه تێك به‌رده‌بن ، ئه‌گه‌ر برینه‌كان ساڕ‌ێژ نه‌كرێن .