پرسی خاوه‌ندارێتی كه‌ركوك به‌مه‌به‌ست كراوه‌ته گرێكوێرهو زۆرێك له‌وانه‌ی ڕاستیه‌كان ده‌زانن، خۆیانی لێنه‌بان ده‌كه‌ن، ئه‌م پرسه له‌بری بۆ بهتهنگهوههاتنو جوانكردنی شار كاری لهسهربكرێتو به‌جیاوازیی زمان‌و نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌وه هه‌موو شوناسی كه‌ركوكی بون بكه‌نه شوناسێكی گشتیی، كراوه‌ته بابه‌تی تێكدانی پهیوهندییو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی یه‌كه‌می شار له‌وانی تر زیاتر ئه‌ركیان ده‌كه‌وێته‌سه‌ر، به‌ئاوڕدانه‌وه لهدیرۆكو له‌به‌ڵگه‌نامه‌كان، به‌ئاوڕدانه‌وه له‌چۆنێتی دروستبونی شار، هه‌روه‌ها به‌ئاوڕدانه‌وه له‌و ڕابردوه‌ی هه‌رگیز ڕێگه‌نه‌دراوه خودی كه‌ركوكیه‌كان خاوه‌ندارێتی له‌خۆیان بكهنو خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌رده‌كه‌وێت شاره‌كه وه‌ك شوناسی شوێن سه‌ر بهكوێیه، ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت چ له‌پێشتر چ له‌سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان هه‌میشه هه‌وڵدراوه شوناسی كه‌ركوك به‌و جۆره بشێوێنرێت كه دانیشتوانه‌كه‌ی دژی یه‌كتربن، له‌سه‌رده‌می پاشایهتیو كۆماریشدا نه‌توانرا، كه‌شێك دروستبكرێت تا كه‌ركوكی بون ببێته شوناسێكی گشتیی‌و كۆتایی به‌ململانێی نهتهوهگهریانهی كوێربین بهێنرێت.
كه‌ركوكیه‌كان سه‌دان ساڵه كار له‌سه‌ر پهرتكردنو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان ده‌درێت، شوناسی لاوه‌كی‌و مه‌ترسیداری په‌رتكردن به‌سه‌ر شوناسی مرۆیی بون‌و كه‌ركوكی بونیاندا زاڵدهكرێت، دانانی شوناسی ده‌ره‌وه‌ی شوناسی كه‌ركوكی بون‌و مرۆیی بون ئه‌گه‌ر ههقیقهتیشی تیابێت كه تیایهتیو گروپی چیای نهتهوهییو ئایینی هه‌ن، به‌ڵام له‌ڕیشه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه هه‌میشه كه‌ركوكیه‌كان لاوازدهركهونو ئه‌وانی تر بتوانن به‌ئاسانی كهویان كه‌ن، یان پڕۆژه‌و پلانی خۆیانیان به‌سه‌ردابسه‌پێنن، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌كاروباری نێو ماڵی كه‌ركوكیه‌كان، گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی گرفتی بچوكی لابه‌لاو هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرفتانه كار له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كان بكات، خۆ به‌خاوه‌نكردنی ئه‌ملاو ئه‌ولا له‌نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی نێو كه‌ركوك، هیچیان لهخهمخۆرییو دڵسۆزیی نین بۆ ئه‌وشاره‌و دانیشتوانه‌كه‌ی، ئه‌وانه هه‌موو ڕێگرن له‌وه‌ی كه‌ركوكیه‌كان خۆیان گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ بكهنو چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن.
بابه‌تی گفتوگۆی ئاوه‌زیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك‌و بیركردنه‌وه‌ی لهشوناسێكی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی كه‌ركوكیش وێڕای ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌كه‌ی بهنهوتو كانزاو خاكی بهپیتو ده‌ستی كار ببێته یه‌كێك له‌شاره جوانه‌كانی عێراق‌و ناوچه‌كه یه‌كێكه له‌وكارانه‌ی پێویسته هه‌موو كه‌ركوكیه‌ك كاری بۆبكات، له‌ڕابردودا هه‌ر كه‌سێك ویستبێتی به‌مجۆره لهكهركوكا كاربكات ڕوبه‌ڕوی گێچهڵو گیروگرفت كراوه‌ته‌وه، هه‌ندێكجار له‌لایه‌ن نزیكه‌كانی خۆیه‌وه كێشه‌ی بۆ دروستكراوه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر بوه له‌و پیلان‌و ئاریشانه‌ی بۆ كه‌ركوكیان هه‌میشه ئاماده‌كراو بوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلان‌و گێچه‌ڵانه نهبێتو به‌شێكی كه‌م له‌داهاتی كه‌ركوك بۆ خۆی خه‌رجبكرێت به‌چه‌ند ساڵێكی كه‌م كه‌ركوك ده‌بێته بوكی ناوچه‌كه، ئه‌مه ئاوه‌زو بڕیار‌و بوێریی‌و به‌رنامه‌ی ده‌وێت.
لهكهركوكا مه‌ودای بایه‌خدان به‌پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه كاركردن له‌بواره جیاجیاكاندا بهئهدهبو هونه‌رو وهرزشو كلتوریشه‌وه زۆر زۆره‌و ده‌كرێت به‌كاری هاوبه‌ش، چالاكی هاوبه‌ش، هونه‌رو ئه‌ده‌بی هاوبه‌ش وێنه‌یه‌كی تر نیشانی ئه‌وانی تر بده‌ین، ئێستا كه ئه‌م وتاره ده‌نوسم خه‌یاڵم لای خه‌ونه‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسریه، كه چۆن ده‌یویست له‌كاری هونه‌ریدا هه‌موو تواناكان كۆبكاته‌وه، یاوه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی هاوبه‌شی نێوان كورد‌و توركمانی وه‌ك هابه، شاعیرێكی وه‌ك هیجری ده‌ده‌ی كاكه‌یی‌و ههتادوای، تێكشكاندنی پیلانی تێكدانی پهیوهندییو په‌رتكردن پێویستیبه قوربانیدان‌و بوێریه، ده‌بێت سهرمایهدارو بازرگانه‌كانی كه‌ركوك بێڕوانینه نه‌ته‌وه‌و ئایین‌و خێڵ‌و بنه‌ماڵه پێكه‌وه كاربكه‌ن، ئه‌مه بۆ سیاسییه‌كان، هونه‌رمه‌نده‌كان، ئه‌دیبه‌كان، میدیاكارو ڕۆژنامهوانهكانو پیاوانی ئایینی‌و كاسبكاری بازاڕ‌و هه‌موان ڕاسته، زانكۆ‌و په‌یمانگاكان ده‌كرێت ببنه ناوه‌ندی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و به‌شداریكردنی هه‌موان له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانی یه‌كترا، سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ڕق‌و بوغز له‌یه‌كتر گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه كاریان په‌رتكردنی كهركوكیهكانه.
لهكهركوكا پێویستمان بهگفتوگۆیه، پێویستمان به‌دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه‌یه كه ده‌یانه‌وێ كه‌ركوكیه‌كان له‌یه‌كتر بكه‌ن، له‌ڕابردودا ئه‌و ده‌ستانه توانیویانه له‌په‌نای تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌وه خێروبێری ئه‌م پارێزگایه بۆ خۆیان بهرنو گاڵته‌شیان بهبارودۆخو ژیانی كه‌ركوكیه‌كان بێت‌و دۆخێك دروستبكه‌ن كه‌ركوك بۆ هاوڵاتیه‌كانی ببێته دۆزه‌خ، له‌دۆزه‌خی خستنی كه‌ركوك ئه‌ركی كهركوكیهكانه، هه‌ركات كه‌ركوكیه‌كان بڕیاریاندا به‌وكاره هه‌ستن، ده‌رگاكانی به‌هه‌شت خۆیان ده‌كرێنه‌وه.