دڵمان ته‌نگه ، كێشه‌كه نه‌بوونی پاره نیه ، كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئێمه گیرۆده‌ی هه‌زارو یهكدهردی دیكه‌ین، ناتوانین وا بیر بكه‌ینه‌وه چۆن ئاسوده‌یی بدۆزینه‌وه، ئێمه له سه‌ر ئه‌م زه‌ویه گیرۆده كراوین ، ناهێڵن مێشكمان ئازاد بێت ، ئازادی مێشك ئازادی لێكدانه‌وه‌و ئازادی هه‌ڵسه‌نگاندنی به دوادا دێت ، نهلێكدانهوهو نهههڵسهنگاندن ،به راده‌یه‌ك تهمهڵكراوین نازانین سودی ئێمه بۆ ئه‌م بوونه چیه ، مامۆستایه‌ك هاوكێشه‌یه‌كی مه‌ته‌ڵ ئاسا بۆ دۆزینه‌وه ده‌داته فێرخوازه‌كانی ، كه‌س بیر ناكاته‌وه هه‌موویان مۆبایلهپڕزانیاریهكهیان ده‌رده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خێرا وه‌ڵامه‌كه بده‌نه‌وه ، یه‌كێك له فێرخوازه‌كان ده‌ڵێت جا ئه‌م ئامێره چی تیا نیه ، ئه‌و نازانێ ئه‌م ئامێره هۆكارێكه بۆ دزینی بیركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی ئاوه‌زی خودیانه ، ئاسانكردن بریتی نیه له پێگه‌یاندن ، ئاسانكردن هه‌ندێك جار بریتیه له گه‌مژاندن .
ئێمه مێشكمان ئازاد نیه ، كه‌واته ناتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنی دروست بكه‌ین ، ناتوانین به دروستی بابهتهكان لێكبده‌ینه‌وه ، نامه‌ی دڵداری جاران جوانتر بوو له به‌ر ئه‌وه ده‌جار ده‌ماننووسی و دهمانكوژاندهوه ، ئێستا ده‌گمه‌ن تاقه‌تی هه‌ڵه‌بڕی نووسینه‌كانمان هه‌یه ،ئه‌وه بۆیه له نێو نامه‌كانی دڵداریشماندا هیچ حیكمه‌ت و په‌ند و ئاكارێك نیه ، كه مێشك ئازاد نیه ، چاویش ئازاد نیه ، ئه‌گه‌ر چاو ئازاد نه‌بێت ، كه‌واته ئازادی بینینمان نیه ، هه‌روه‌ك ئازادی جیاكردنه‌وه‌ی وێنهكانیشمان نیه له یه‌كتر، جاران كه ده‌وترا ئه‌و كاره یان ئه‌و شته جوانه، یانی لێكدانه‌وه‌ی وردی بۆ كرابوو ، دیقه‌تی زۆری درابوو ، كابرا وتارێكی دورو درێژی نووسیوه ، له كۆمێنتێكی كورتا بۆ ی ده‌نووسن زۆر جوانه ، نێوان دانانی وتارهكهو نووسینی سه‌رنجه‌كه یه‌ك چركه‌یه ، وتاره‌كه پێویستی به 10 چركه‌یه بۆ خوێندنه‌وه‌و زیاتر له‌و كاته‌ش بۆ رامان ، له دۆخێكی هیستریداین ، كێشه‌ی گه‌وره‌مان هه‌یه له ئازادی وتن ، ئازادی بیستن ، ئیدی سه‌ر بوون و نه‌بوونی هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت ، سه‌ر كه نه‌توانێ رۆڵ له بهختهوهریماندا ببینێ ، بۆچی باشه ، جگه له‌وه‌ی له ده‌بلیو سیهكدا له بیری بكه‌ین.
شاعیر وتی زركه تاڵه ، به‌ڵام زركه تاڵ ئه‌گه‌ر بۆ خواردنیش نه‌شێت ، جوانیه‌كی تیایه بۆ سه‌یر كردن، نه‌بوونی سه‌ری ئازاد له زركه تاڵ بێكهڵك تره ، ئیتر مه‌گه‌ر بۆ چی پێمانه‌وه بێت ، به جۆرێك گۆڕاوین ئه‌وه نهخوێنهوارهكان نین له بری نووسینی ناوی ماره‌كه وێنه‌ی ماره‌كه هه‌ڵده‌بژێرن ، ئه‌وه خوێنهوارهكانن و ئه‌وانه‌ن كه هه‌ندێكیان دالێك له پێش ناوهكهیانه ،بۆ ئه‌وان ئاسانتره وێنه‌ی ماره‌كه هه‌ڵبژێرن و خه‌م له به‌ركیان بخۆن ، ره‌نگه نه‌خوێنه‌واره‌كانی ئێستا ئه‌وانه‌ی ئامێره‌كه مێشكی نهدزیون ، لهنووسینهكه رابمێنن و بڵێن " ئێ خۆناكرێ ئه‌مه‌ش شتێك نه‌بێت ، ئه‌وه ره‌سمه‌كه دیاره ماره ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌بێت شتێك بێت .
جاران چاكه‌و جوامێری و خه‌مخۆریمان بۆ یه‌كتر به نهێنی بوو كه‌سمان له‌به‌ر چاكه‌یه‌ك له گه‌ڵ بابایهكدا خۆمان به سه‌ر ئه‌وانی تر‌و ئه‌ویشدا بانادا ،كه بهخشندهییهكمان ده‌كرد ، ده‌مانووت مه‌هێڵه كه‌س بزانێت، ئێستا كه جنێویش ده‌ده‌ین حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌موو كه‌س بزانن ، چ جای جوامێری ، ئێستا جنێویش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌به‌ستێك ده‌ده‌ین ، جاران چاكه‌شمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و شتی تر نه‌بوو ، جگه له دۆزینه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری ،به‌خته‌وه‌ری هه‌قیقی له هه‌بوونی هه‌موو شتێكا نیه ، كرێكارێك كه به‌ده‌م بردنی تهشتهگهچهكهیهوه بۆ به‌رده‌م وه‌ستاكه‌ی گۆرانی ده‌ڵێت و به جوانی نازدارهكهیدا هه‌ڵده‌ڵێت ، جیاوازه له‌وه‌ی هه‌موو شتێكی هه‌یه‌و به‌خته‌وه‌ری نا ،بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه بۆ به‌خته‌وه‌ری ، ساده به‌ره‌وه ، مێشك و دڵی خۆت وه‌رگره‌وه ، بڕۆ هه‌فته‌یه‌ك له‌و ده‌شت و ده‌ره له گه‌ڵ سروشتا هه‌ست و كه‌وت بكه ، ببه شوان ، هه‌ندێك جار به‌خته‌وه‌ری له ته‌ك سه‌گ و گوێدرێژ‌و مه‌ڕو بزندا زۆر زیاتره له به‌خته‌وه‌ری له ته‌ك مامه‌ڵه‌و راكردن به دوای دۆلارا .
زۆر گرنگه نهێنی دۆزینه‌وه‌ی خه‌نده‌یه‌ك له دڵه‌وه بدۆزینه‌وه‌و هه‌زار قاقای ده‌سكردو درۆزنانه بكه‌ین به ساقه‌ی ، ته‌نها شتێك ئه‌و نهێنیه ئاشكرا ده‌كات بوونه‌وه خۆت ، چیه پێت وایه به‌خته‌وه‌ری به فوتێكردنه خۆ‌و عه‌نعه‌نه یه ، یان به بوونه‌وه خۆت ،بوونه‌وه خۆت ئازادكردنی مێشك و چاوو دڵ و زمان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌نگینیه له ڕێی گێڕانه‌وه‌ی خۆت بۆ نێو خۆت ،دۆزینه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری له ناو ئازاریشدا هۆیه‌كه بۆ مانه‌وه ، هۆیه‌كه بۆ به‌رده‌وامی و نه‌كه‌وتن ، به‌خته‌وه‌ری له‌وه دا نیه كه باخهڵهكانت پڕبن و دڵت خاڵی به‌خته‌وه‌ری راستی ئه‌وه‌یه كه له‌و كه‌مه‌ی هه‌ته به‌خشنده‌یی ده‌كه‌یت ، به‌ڵام كه زۆره ناته‌وێ كه‌مبێته‌وه ئه‌وه‌یه تا زۆرترت هه‌بێت حه‌زی زۆرتر له‌وه‌ی هه‌ته ده‌كه‌ی ، زۆر كه‌م كه‌س له‌م گه‌مه‌یه به ساغی ده‌رده‌چن، ئه‌وه‌ی ئێستا خواردت ئه‌وه هی خۆته ، ئه‌وه‌ی پێته هی خۆت نیه ، به‌م جۆره به‌خته‌وه‌ری بدۆزه‌ره‌وه .
ئه‌و كاته زۆر به‌خته‌ور تربووین كه پێڵاو‌و جله نوێیه‌كانمان بۆ چاوه‌ڕوانی سبه‌ینێی جه‌ژن له پشت سه‌رمانه‌وه داده‌نا ، نه‌ك ئێستا كه نازانین سبه‌ینێ كام جل و كام پێڵاوی نوێ به كار بێنین ده‌بینی كه‌م هه‌بوون چ نرخێك به شته‌كان ده‌دات و زۆر هه‌بوون چ بێبایهخیهك ، ئه‌مه دۆزینه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌رییه كه ناكرێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له سه‌ر نه‌كه‌ین .