لۆزانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌

لەتیف فاتیح
به‌ كورتی پرسیاره‌كه‌ به‌و جۆره‌ ده‌كه‌ین، ئایه‌ لۆزان بووه‌ به‌ مایه‌ی ئارامی ناوچه‌كه‌ ، واته‌ په‌یماننامه‌ی 24ی ته‌موزی 1923 توانیویه‌تی ئاسایش بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات ، بێگومان نه‌خێرئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی سكرتێری ئێستای ناتۆیه‌ ئه‌و لای وایه‌ هاتنی سوید بۆ نێو ناتۆ ئاسایشی زیاتر بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش جگه‌له‌وه‌ی بۆچونێكی گه‌مژانه‌یه‌ ، له‌ پشتیشیه‌وه‌ درێژه‌ دان به‌ لۆزان هه‌یه‌ به‌ شێوازی دیكه‌ ، ڕوونی قسه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ سوید به‌و جۆره‌ی ئه‌ردۆغان و سكرتێری ناتۆ ده‌یانه‌وێت مل به‌ داواكانی توركیا بدات ، لۆزان له‌م ناوچه‌یه‌ مایه‌ی سه‌ت ساڵ خوێن ڕشتن، كزشتن ، شۆڕش و قوربانی دانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه‌ بۆ ئازادی و له‌و سه‌ت ساڵه‌دا له‌ ده‌رسیمه‌وه‌ تا شه‌نگال 2014 ده‌یانجار كۆمه‌ڵكوژكراوه‌، واته‌ لۆزان به‌رله‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی ته‌نهای بێت له‌ نێوان توركیاو ئه‌وروپادا په‌یماننامه‌ی شێواندن و وێرانكردنی ئه‌م ناوچه‌گرنگه‌ی جیهانه‌ .

لۆزان له‌ بری به‌رده‌وامی ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ تا ئاستی له‌مه‌نگه‌نه‌دانه‌وه‌ی سنوره‌كانی ئێستای توركیاو ده‌ربازكردنی باكوردی كوردستان له‌ چنگی ئه‌و نه‌ك ئه‌و بۆچوونه‌ گه‌مژانه‌یه‌ی پێی وایه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت كه‌ توركه‌كان ده‌یانگوت یه‌ك ده‌ده‌ین سێ‌ وه‌رده‌گرین ، ناكرێت باشور بخرێته‌ سه‌ر باكور، وه‌ك خه‌ونی كاڵفامه‌ سیاسیه‌كان ، به‌ڵام پێویسته‌ باكور ده‌رباز بكرێت .

لۆزان دۆخێكی له‌م ناوچه‌یه‌ دروستكردووه‌ گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی به‌ جۆرێك پێناسه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌م قوربانی بێت كه‌ وایه‌ ، هه‌م به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت كه‌ ئه‌وه‌یان ناونانی دوژمه‌نه‌كانێتی ، دوژمنه‌كان جارێك به‌ تێكده‌ر و ئاژاوه‌ چی ، جارێكیش به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و له‌و لاشه‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ به‌ جاشكردنی بۆ له‌ ناودانی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی ، لێ‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام نابێت ، نه‌به‌ كوشت و بڕ نه‌به‌ جاشكردن  گه‌ل كۆتایی نایه‌ت ، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی به‌ جاشكردنی حزب و پارچه‌یه‌كیش له‌ دژی پارچه‌یه‌كی دی شكستی هێناوه‌ .

ده‌بێت بیركردنه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی هه‌بێت ، چاره‌سه‌رێك چی تر شوناسی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ زه‌به‌لاحه‌ له‌ ده‌ستی تیرۆرو جاشێتی رزگار بكات و بیكات به‌ كورد ، كورد وه‌ك مرۆڤ ، ئایه‌ ئه‌حزابی كوردی له‌ باشورو باكورو رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا ئاماده‌ن بۆ ئه‌مه‌ یاداشتێكی كورت به‌ ناوی هه‌موو كورده‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌نه‌كه‌وه‌ بده‌نه‌ دنیاو ده‌رگای ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكای پێبكوتن ؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ‌ فه‌رموون .

15/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر