چەندمانگێک دوای جینۆسایدی ئێزدیەکان و دوای ئەو تاوانە تاریکیەی داعش کتێبێکم بەهەمان ناونیشانی سەرەوە لەکۆتای 2014بڵاو کردەوە، خۆ ئەگەر جینۆسایدی شەنگال پێش ئەنفال بوایە نەدەکرا بوترێت ئەنفالێکی تر بەڵام لەدوای1988 ەوە دەکرێت هەموو جینۆسایدێک وەک ئەنفال بناسرێ، چونکە ئیدی ئەو ناوە لێرە مەڕادیفی جینۆسایدە.
دەساڵ لەمەوبەر بۆ جارێکی تر لەمێژودا هێزی تاریکی داعش بەلاسایکردنەوەی دەیان جینۆسایدی تری ئەو کۆمەڵگە ئاینیەی گەلی کورد، پەلاماری شەنگال و سنونێ و گوند نشینانی ئێزدی دا، یەکێک لەکوڕە ئێزدیەکانی دەربازبووی ئەو جینۆسایدە کە کەس و کاری نزیکی باب و براو مام تیاچون، گێڕایەوە لەو پەلامارە دڕندانەیەدا زۆربەی ئەو عەرەبانەش هاوکاریی داعشیان کرد کەچەند ڕۆژ پێشتر تاڵ وشیرینیان لەگەڵ یەک بەیەکەوە بوو،باشە ئەوە جێی سەر سوڕمان نیە دراوسێکەت لەبری بتپارێزێ ببێتە بکوژت، لەکاتێکا کورد هەزاران خێزانی عەرەبیان داڵدە دا.
زینە کیژۆڵەیەکی ئێزدی بوو ئەو جارەی کەمن ئێوارانێکی لەماڵی کۆچکردو کەریم ئاغای هەمەوەند بینیم تەمەنی هێشتا هەر دوازدە سێزدە ساڵێک بوو، ئەو قژزەردێکی چاوشینی زۆر جوانکیلە بوو، لەهەمو ڕیش و سمێڵدارێک دەسڵەمیەوە، ئەو تازە بەپارەی زۆر لەداعش کڕدرابوەوە، دەمویست قسەی لەگەڵ بکەم دەترسا، ئەو هێشتا تێر یاری ماڵە باجێنە نەبووبوو، کەچی تاریکپەرستان کڕین و فرۆشیان پێوە کردبوو، یەک عەرەب، یەک تورک، یەک فارس یەک موسوڵمانی دنیا، دووقسەی لەبارەی زینەو هاوڕێکانیەوە نەکرد، لێ کورد وانیە، بەڵام کێشەی کوردئەوەیە برینی ئەوانی تر دەبینێ و برینی خۆی نا، بۆ هەموو بابەتێکیش سەنگەر لەیەکتر دەگرن.
هێشتا شەنگال و ئێزدی هەزار برینیان پێوەیە، هێشتا زیاتر لە30گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدی هەڵنەدراوەتەوە، 2600کەس تائێستا شوێنبزرن،200هەزار ئێزدی لەکەمپەکان دەژین، هەزاران ئێزدی دەربەدەری شارو وڵاتان بوە، هەزاران کوڕو کچ لەخوێندن دابڕاون، تورک بۆردومانی زێدەکەیان دەکات و شەهیدیان دەکات، لەبری ساڕێژی برینەکەو دانانی دادگای سزادانی بکەران، دەمانەوێ ئارارەکە بەردەوام بێت، بەبڕو بیانوی جۆراو جۆر.