هێرشه چڕه‌كه‌ی توركیا بۆ سنوری شارباژێڕ‌و پێنجوێن، بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی كوردی‌و حكومه‌تی عێراقیش به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تیه‌ی توركیا، كوشتنی خه‌ڵكی سڤیل، ده‌نگۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق‌و هه‌رێم، بارودۆخی سلێمانی‌و ناو یه‌كێتی، ئه‌مانه هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ی جدین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و بارزانیش ده‌ڵێت: ئه‌فغانستان‌و هه‌رێم جیاوازن، له‌كاتێكدا ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی كادیری پێشكه‌وتوی یه‌كێتی له‌دیدارێكدا به‌ئاشكرا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی باسكرد ئه‌و وتی: له‌نێوان یه‌كه‌ی هه‌شتای سه‌ر به‌پارتی‌و داعش په‌یوه‌ندی هه‌یه، ئه‌و وتی داعش كێشه‌ی له گه‌ڵ پارتی نییه له‌قه‌ره‌چوغ، هه‌روه‌ها وتی خواردن‌و خواردنه‌وه‌ی داعش له‌لایه‌ن یه‌كه‌ی هه‌شتاوه دابینده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه ڕِاستبن، ده‌بێت بارزانی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕونكردنه‌وه بدات، نه‌ك شتی تر، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ڵاڵی ده‌یڵێت وابێت پێویسته مه‌كته‌ب سیاسی یه‌كێتی له‌سه‌رئه‌وه كۆبونه‌وه بكه‌ن نه‌ك له‌سه‌ر ده‌ركردنی كاندیدێك‌و ناردنی وه‌فدو په‌یام بۆ لای لاهوری شێخ جه‌نگی، یه‌كێتی ته‌واوی سنوره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا‌و داعشدایه‌و ئه‌ویش لوله‌ی چه‌كه‌كانی كردوه‌ته كۆشكێك له‌سه‌رچنار وه‌ك میدیاكان ده‌ڵێن.
ڕوداوه‌كانی ئه‌فغانستان هه‌موو دنیای به‌خه‌به‌ر هێناوه كورد نه‌بێت، 300 تا 400 داعش له‌قه‌ره‌چوغ به‌كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت ده‌ژین، داعشی تر له‌حه‌مرینه‌وه تا سه‌رگه‌ڕان دێن‌و و ده‌چن، ئه‌وه جگه له‌بناری گل‌و شوێنگه‌لی دیكه، كه ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان هه‌موو زانیاریه‌كیان له‌وباره‌یه‌وه لایه، هه‌روه‌ها داعش له‌ناو هه‌رێمیش به‌چڕی خه‌ریكی ڕێكخستن‌و ته‌ڤلیكردنی خه‌ڵكه، ئه‌مانه زانیارین نه‌ك ڕه‌مڵ، توركیاش ڕۆژنییه هه‌ڕه‌شه نه‌كات، سه‌رقاڵكردنی یه‌كێتی به‌و دۆخه‌ی ناوخۆیه‌وه بۆئه‌وه‌یه بیر له‌هیچی تر نه‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر قسه‌و زانیاریه‌كانی كادیره‌كه‌ی خۆیشی نه‌كات.
توركیا ئه‌نفالی كوردستان ده‌كات به‌بیانوی په‌كه‌كه‌وه، بیانوه‌كه جگه له‌قسه‌یه‌كی بێ‌مانا هیچی تر نییه، په‌كه‌كه هه‌بن یان نا توركیای هاوپه‌یمانی داعش هه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات، به‌ر له‌بونی په‌كه‌كه‌ش توركیا هه‌ر كورد كوژو جه‌لاد بووه، سه‌رانی كورد به‌توركیا ناڵێن وه‌لبه كه‌چی شه‌ڕی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن‌و پێی ده‌ڵێن لێره بڕۆ، له‌كاتێكا توركیا سه‌نته‌ری تیرۆر‌و هه‌تره‌ش بردنه له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی داعشیشه‌وه په‌یوه‌ندی به‌داعش‌و هه‌موو بزوتنه‌وه هه‌تره‌ش به‌ره‌كانه‌وه هه‌یه، كاتی خۆیشی ئه‌ندامانی كونسڵگه‌ری توركیای له‌موسڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌یوه‌ندی‌و مامه‌ڵه‌یه به‌سه‌لامه‌تی گوازته‌وه.
به‌خێرایی هاتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ناردنه‌وه‌ی ڕیشداره‌كانی ئه‌فغان له‌قه‌ته‌رو شوێنه‌كانی تره‌وه بۆ كابوڵ، ڕێكه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا له‌ته‌ك تاڵیبان‌و ڕاده‌ستكردنی كابوڵ به‌ئاخوندزاده‌و هاوڕێكانی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه ده‌بێت‌و ده‌شێت بڵێین قاعیده له‌به‌رگێكی تردا گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ڕوسیا‌و چین‌و وڵاتانی گه‌وره خه‌ریكی توێژینه‌وه‌و بایه‌خدان به‌و بابه‌ته‌ن، ئێمه‌ش خه‌ریكی پاشقولدان له‌یه‌كتر، له‌عێراقیش جگه‌له‌وه‌ی باس له‌كۆنگره‌ی وڵاتانی دراوسێ ده‌كرێت، جگه له‌باس‌و خواسی هه‌ڵبژاردن، لایه‌نه به‌هێزه‌كانی شیعه كۆبونه‌وه ده‌كه‌ن كه چی بكرێت‌و چی بكه‌ن، ئێمه‌ش هه‌موو ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چۆن بۆڕی یه‌كتر بده‌ین، ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له‌ڕه‌وتی سه‌در، ڕه‌وتی حیكمه، هاوپه‌یمانی فه‌تح، هاوپه‌یمانی نه‌سر، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، پێنج لایه‌نی گرنگی شیعه كۆده‌بنه‌وه كه ڕای خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن بده‌ن، كێشه‌ی كوردیش ئه‌وه‌یه نابێت ده‌نگ به‌فلانبدرێت‌و ده‌بێت به‌فڵانبدرێت.
ئێستا له‌نێو ئه‌م دۆخه شێواوه‌دا كوردستان له‌هه‌ركات زیاتر پێویستی به‌پێكه‌وه‌ییه، كه‌چی له‌هه‌ركات زیاتر ترازاوو په‌رش‌و بڵاوتره.