پەرلەمان کارا مەکەنەوە!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

گوایە ئەمڕۆ کۆمیتە سێ قۆڵیەکە، لە یەکەم کۆبونەوەیاندا بڕیاریان داوە پەرلەمان کارا بکەنەوە. کۆبونەوەو بڕیاردان لە سەر کاراکردنەوەی پەرلەمان نە دەستکەوتە، نە داهێنانە، نە چارەسەری کێشەکانە.

ئەوەی پێویستە ئەو کۆمیتە سێ قۆڵیە بڕیاری جەریئانەو یەکلایکەرەوەی لە بارەوە بدات کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمە، کە ئەسڵ و سەرچاوەی تەواوی کێشەکانە.

هەر کۆمیتەو کۆبونەوەیەک ئەگەر لە چوارچێوەی یاساو دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا، چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم پێ نەبێت، پێویست ناکات بکرێت و زیادە.
تکایە با خۆل نەکرێتە چاوی خەڵک، پەرلەمان کاتێک بۆ هاوڵاتیان و گۆڕانیش گرنگە، کە ئەو دەزگایە بێ رێگری توانای راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانی هەبێت.

ئەگەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی سەرۆکایەتیەکەی، بە مەرجی شەرعیەتدان بێت بە سەرۆکایەتی ناشەرعی ئێستای هەرێم و، دەسپێکردنەوە بە خولێکی تر لە کۆبونەوە حیزبیە بێ بەرهەم و قەبیحەکانی رابردو، ئەوا کۆبونەوەو پەرلەمانێکی لەو جۆرە لە گەڵ بەرژەوەندی خەڵک و پرنسیپە جێگیرەکانی گۆڕاندا نایەتەوەو، با هیچ لایەنێک زەحمەتی خۆی نەدات گۆڕانخوازان ئەمە قبوڵ ناکەن.


01/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر