ئەجێندای بە پارتی کردنی پەرلەمان

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
  ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان کۆبونەوەو لە کۆتایدا راگەیاندراوێکی ناوەڕۆک سواویان بڵاو کردەوە. 
وەک لە ناوەڕۆکی بەیانەکەیاندا دەبینرێت، دوای ساڵێک لە پەک خستنی پەرلەمان، زۆرینەی ئەو بەڕێزانە، هێشتا هەڵوێستی رۆژەکانی سەرەتای پەکخستنی پەرلەمانیان هەیەو، وەک ئەوەی نە بایان دەیبێ نە باران، زۆر خەمساردانە بەرامبەر بە دۆخی ئێستای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و، ئەو سوکایەتیانەی کە لە ئەنجامی پەکخستنی پەرلەمان بەرامبەر بە دەنگدەران و خودی پەرلەمانتاران و پەرلەمان کراوە، مامەڵە دەکەن. 
دەرکردنی بەیاننامەی بێ کردار، درێژەدانە بە دۆخی ئێستای پەرلەمان و، لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت جێبەجیکردنی بڕیارو ئەجیندای پارتیە.
ئەجیندای پارتی رون و ئاشکرایەو، ئەجێندایەکی دو دیوەو هەر دیوێکیان جێبەجێ ببێت لە قازانجی پارتیە:  
دیوی یەکەمی: یان پەرلەمان شوێنێک بێت بۆ جێبەجێکردنی خواست و ئامانجەکانی پارتی، کە خۆی لە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان و، شەرعیەتدان بە مانەوەی مەسعود بەرزانی دەبێنێتەوە.
دیوی دووەمی: یان درێژەدان بە دۆخی پەکخراوی پەرلەمان. بەمەش رۆژ لە دوای رۆژ هەم پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و، هەم خودی ئەندامانی پەرلەمان وەک نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک شەرعیتیان دەکەوێتە ژێر پرسیارو، هەیبەت و سەنگ و قورسایان لە ناو شەقام و جەماوەردا کەمترو کەمتر دەبێتەوەو، پلانی پارتیش لە سەر سکەی خۆی دەچێتە پێش.
بە کوردی و بە کورتی مادام زۆرینەتان بە راستەخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، بڕیارتانداوە پشت لە حەق و خەسەڵەتی نوێنەرایەتیکردن بکەن، کە خەڵک پێ بەخشیون و، لە بەرامبەردا چونەتە ژێرباری هەڕەشەو بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی، کە درێژەدانە بە بێ ئیرادەکردنی خۆتان و ئیفلیجی پەرلەمان...، ئەمە دەلیلی ئەوەیە شەرم لە خەڵک دەکەن، ئەگەر نا ئەجێندای یەکەمی پارتیتان جێبەجی دەکرد، کە گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمان و شەرعیەتدانەوەیە بە مەسعود بەرزانی!
پەرلەمانتارانی بەڕێز، ئێوە حەقە بایی ئەوە جەرائەتتان تێدا بێت خۆتان و پەرلەمانەکەتان لەو ئیحراجیە رزگار بکەن کە بۆتان دروستکراوەو، ناکرێت چیتر چاوەڕێی بڕیاری دیوەخانی سیاسیەکان بن. ئازابن و لە سەر حسابی هەر کەس و لایەنیک بێت بڕیار بدەن. خۆ ئەگەر ئەوتان پێ ناکرێ ئیدی بۆ عینوانی نوێنەرایەتی لە خۆتان ناکەنەوە؟ فەرمون بە فعلی خۆتان لە کۆڵی خەڵک بکەنەوە...


19/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر