یەکێتی و مافی خەڵک!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

   لای من هەردو هاوسەرۆک دو دیوی دراوێکن، دو دیوی بەڵایەکن، دو دیوی سیستمێکی حیزبی و حکومڕانی شکستخواردون.
هەردوکیان لە هەناوی زوڵم و فەسادو بنەماڵەو خیانەتەوە هاتونەتە دەرێ.
وەلێ با بزانین بۆ کابرا وڵاتبەدەر ئەکەن؟ ئایا دزە؟ ئایا قاچاخچیە؟ ئایا زەوی و زاری خەڵکی داگیر کردووە؟ ئایا خۆی و براکانی خەڵکیان کوشتوەو خەڵکیان رفاندووە و خەڵکیان روتکردوتەوە؟ ئایا ڤیدیۆ کلیپیان لە سەر خەڵک دروست کردووە؟ تەنانەت ئایا ژەهریان داوە بە نەیارەکانی خۆیان؟
گومانم نیە بەشێک لە دەسەڵاتداران بە رێژەی جیا جیا لەو تاوانانە دەگلێن و ئەسڵەن کاری باشیان نیەو خاڵی بەهێزیشیان لە جۆرەکانی فەسادەوە سەرچاوە ئەگرێ.
بەڵام، هەرکام لەو جۆرە تاوانانە هیچی حەقی تایبەت نیە، بەڵکو حەقی گشتین، حەقی من و تۆ و خەڵکی تری تێدایە.
ئەو جۆرە تاوان و تۆمەتانە دەبێ لە دادگادا یەکلایی بکرێنەوەو منیش بیبینم و بزانم چۆن کران و چۆنیش تاوانباران سزا دەدرێن...
ئاخر ئێوە ناڵێن چاکسازی ئەکەین؟ چاکسازی بەوە دەکرێ خەڵک لە قەفەزی دادگادا قاچاخچی و گەندەڵەکان ببیینێت!
ئاخر خۆ هەر قاچاخچێتی تاوان نیە، رزگارکردنی تۆمەتباریش لە دادگایی کردن، تاوانە هەرە گەورەکەیە!
وڵاتبەدەرکردنی تۆمەتبار بە هەر پاساوێک بێت، بە دیوێکدا دیزەبەدەرخۆنەکردنی مافی خەڵک و رزگارکردنی تۆمەتبارە لە سزای عادیلانە، وە مەکتەبی سیاسی حیزب بۆی نیە لە بری خەڵک بڕیار لە سەر چارەنوسی تۆمەتبار بدات.
بە دیوێکی تردا رزگارکردنی تۆمەتبار، ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی خودی ئەو کەسانەش، کە دەیانەوێ تۆمەتبار وڵاتبەدەر بکەن، شەریکن لە تاوانەکانی تۆمەتباردا.
ئاخر ئێوە ناڵێن ماف بۆ مافخوراوان دەگێڕینەوە؛ گێڕانەوەی ماف بەوە دەکرێ ئەوەی زوڵمی لێکراوە لە دادگادا ببینێت تاونبار سزا دەدرێ!
ئێوە روخسەتتان لە کام خاوەن ماف وەرگرتووە، تا تۆمەتبار بنێرنە دەرەوە؟
ئێمە دەمێکە دەزانین هەمو لق و باڵەکانتان لە ناو سەوزو زەردیشدا خەریکی ئەنجامدانی تاوانی قێزەونن، ئێمە دەمێکە دەزانین ئێوە هەن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ژیان و ئارامی و ئایندەی نەبێ.
وەرن بۆ جارێک مەردبن، ئازابن، بە ئاشکرا تۆمەتباران دادگایی بکەن. 
وەرن گەر درۆ ناکەن، ئەلفو بێی چاکسازی سەروەری دادگایە...بە ئاشکرا داوا لە خەڵک بکەن، با هەر کەس زوڵمی لێ کراوە، بەڵگەی خۆی لە سەر تاوانەکانی هەموتان بخاتە روو...
بە راستی شەرم و شورەییە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بیت، ئاوەها ببیتە داشی دامەو هێندە هەرزان هەرجارەو هاوسەرۆکێک یاریت پێ بکات.
بە راستی شەمە، داواکاری گشتی، پارێزگار، پەرلەمان، تەنانەت موعارەزەش قسەیەکیان لە سەر ئەم گاڵتەجاڕیە نیە...
عەبدوڵای مەلا نوری

28/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر