یەکەم هەنگاو بەرەو دیکتاتۆریەت

لوقمان مستەفا ساڵح

هەڵبەتە بەپێی هەلومەرج و گۆڕانی بارودۆخی هەر ووڵاتێک، سیستەمی سیاسیش گۆڕانکاری بەسەردادێت،گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا، داخوازی بۆ سیستەمی سیاسی دەهێنێتەکایەوە، واتا هیچ سیستەمێک جێگیرنییە بۆ هەمیشەیی،بەڵکوهەمووشتێک لە گۆڕاندایە،هەروەک ئەوەی کە ماوەیەکە لە عێراقدا پرسی گەرم لەئارادایە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو ووڵاتە لە سیستەمی پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، بە میکانیزم و رێگای دیموکراسیانە؟ بەڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئەگەر هاتوو ئەم پێشهاتە له‌ عێراقدا روویدا، ئایا دەرئەنجامی ئەم گۆڕانکارییه‌ چ لێکه‌و‌ته‌یه‌ک  بۆ سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاته‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت؟ هەمووان دەزانین کە سرووشت و هەڵکەوتەو پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق زۆر گوونجاوو لەبارە بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی تۆتالیتاری، چونکە هیچ بەربەستێکی یاسایی نابینرێ کە دیکتاتۆر درووست نەبێت.
لەبەر ئەوەی لە سیستەمی سەرۆکایەتی سەرۆک دەسەڵاتی ڕەھای هەیە , بەجۆرێ لەو سیستەمە سەرۆک دەسەڵاتی فراوانە,لەلایەک فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە, دامەزراوە گشتی و باڵاکان ئاراستە دەکات,داڕێژەری ستراتیژی دەرەوە و ناوەوەیە,دەسەڵاتی لێپرسینەوە و لابردنی وەزیر و یاریدەدەرەکانی ھەیە,مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی و تایبەتی ھەیە,مافی ئەوەی ھەیە پێشنیاری پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بکات.
وەلەلایەکی تریشەوە لە هەمووی مەترسیدارتر کە سییستتەمی سەرۆکایەتیە بە یاسا دەیبەخشێت بەسەرۆک لەم سیستەمەدا دەیکات بە دیکتاتۆرێکی راستەقینە، لەهەمان کاتیشدا کە وەک رەخنەیەکیش پسپۆڕانی بواری یاسا ئاراستەی ئەم سیستەمەی دەکەن لەوانە:-
یەکەم: سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینەیاساییەوە (دەستوریەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو تۆتالیتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانەدا بەرێت .
دووەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقیبەستنی نەخوازراو، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک.
سێیەم: سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت .
ئەگەر ئەم سیستەمە لەووڵاتانی ڕۆژئاوا دیموکرسیبێت ئەوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایەتیش عێراق ئەوا سیستەمی سەرۆکایەتی هەر شکست و نەهامەتیی بوە بۆ میللەتەکەی. چوون لە وڵاتێک دا کە سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی وڵات و داهاتی هاوڵاتییان زیاتر بەروبومەکانی نەوت و غاز بێت، کارەساتە سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵات سەرۆکایەتی یبێت و چارەنووسی میللەتێک بخرێتە ژێردەستی تاکەکەسێکەوە. چونکە هەمیشە سەرۆکەکان بەتایبەتی لەوڵاتە دواکەوتوەکاندا وابەئاسانی دەست بەرداری کورسیەکانیان نابن ،لەمێژووی ناوچەکە دا رووی نەداوە دەسەڵاتیان بەشێوەی دیموکاسیانە جێهێڵابێت. دواتر بونەتە دیکتاتۆر چونکە خۆیان لە سەروی گەلەوە بینیوە. کاتێک کەسێک لە دەرەوەی لێپێچینەوەی پارلەمان بێت، سەرۆکی هێزە چەکدارەکان بێت، دەزگای هەواڵگریی لەژێر چەتری خۆیدابێت، بودجەی وڵاتیش لەڕێی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بێت، بە هێچ شێوازێک بەوەرازی نابێت وقبوڵناکات لە داهاتو دا ئەو پۆستە بەجێبهێڵێت.بۆیە پێداگرتن لەسەرسیستەمی سەرۆکایەتیەکی لەم چەشنە بەراستی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت،چونکە زۆرجارشارەزایانی بواری یاسایی بەکارهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی بەشێوەی ناتەندرووست کەلە خزمەتی خۆی وداروودەستەکەیدابێت بە (کلیپتۆکراسی)دەچوێنن.
بۆیە له‌گه‌ڵ گۆڕینی هه‌ر سیسته‌مێکی سیاسی له‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی له‌رێگای هه‌مواری ده‌ستوریه‌وه‌، ، به‌تایبه‌ت له‌وڵاتانی دواکه‌وتو، هاوشێوه‌ی ئه‌زمونه‌کانی ووڵاتەکانی ئه‌فریقا( غانا ، زیمبابۆی ، مالاوی) ته‌نانه‌ت وڵاتانی تازه‌ پێگه‌یشتوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ببێته‌ هۆکار بۆ هێنانه‌ ئارای یەکەم هەنگاو بۆ سیسته‌مێکی دیکتاتۆر و ده‌سه‌ڵاتێکی تاکڕه‌وی تۆتالیتاری داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەر.









12/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر