بێئاگایی میدیای کوردی و سیاسی و هەتا دوایی

د. دارا محەمەد
بەشێک لە میدیاکان و نوسەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دەکەن کە لەسەر پێگەی فۆرین پۆلیسی (Foreign Policy) ئەمریکی بڵاوبۆتەوە لەژێر ناوی ماڵەکارتۆنیەکەی کوردستانی عێراق لە داڕماندایە و بەبێئەوەی بە وردی سەرنجی تەواوی ئەم راپۆرتە بدەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە راستبکرێتەوە ئەوەیە کە ئەمە راپۆرتی گۆڤارەکە نیە بەڵکو تێکەڵەیەکە لە وتار و راپۆرت کە لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە نوسراوە کە لە کوردستان وەک رۆژنەموس کار دەکات. واتە ئەمە لەلایەن گۆڤاری فۆرین پۆلیسیەوە نەنوسراوە و گوزارشت لە رای گۆڤارەکە ناکات کە میدیاکان و تەنانەت ئەندام پەرلەمان و سەری سەرەوەی پارتی وەڵامی دەدەنەوە. ئەمە چ نەفامی و بێئاگاییەکە. ئەم وتارە کە وتارێکی باشە رای نوسەرەکەیە و باسی نایەکسانی نێوان توێژەکان و شوێنێکی وەک چەمچەماڵ و باڵەخانە گرانبەهاکانی نیشتەجێبوونی هەولێر و سلێمانی دەکات و پێیوایە ئەمریکا دەسەڵاتێکی گەورەی بەسەر حکومەتی هەرێمدا هەیە بەڵام بەکاریناهێنێت بۆ چاککردنی رەوشی مافی مرۆڤ و مومارەسەکردنی دیموکراسی لە کوردستاندا. من لێرەدا نامەوێت باسی وتارەکە بکەم. با میدیا کوردیەکان و نوسەرەکانی سۆشیالمیدیا ئەم کارە بکەن، بەڵام گرنگە سەر لە خوێنەری کورد نەشێوێنن بە تایبەتی کە رەنگە ئەوانەی ناتوانن بە ئینگلیزی بخوێننەوە و ئەو وەهمەیان لا دروستبکەن کە پێیانوابێت ئەمە رای ئەمریکایە.

دیارە حکومەتی هەرێم و بە تایبەتی پارتی بەم جۆرە وتار و راپۆرتانە زۆر قەڵسدەبن بەتایبەتی کە لە رۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی یان ئەوروپیدا بڵاوببێتەوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا لە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیدا راپۆرتێک بڵاوکرایەوە لەسەر وەرچەرخانی دەسەڵاتخوازیی کوردستانی عێراق و وەلانانی بیرۆکەی دیموکراسی کە منیش لەوێدا بەشداریمکردبوو بە سەرنجێک کە لەلایەن نوسەری راپۆرتەکەوە کە رۆژنامەنوسی فاینانشاڵ تایمز بوو ئاراستەمکرابوو. ئەم راپۆرتە سەرانی حکومەتی زۆر قەڵسکردبوو کە وایکرد دیوانی سەرۆک وەزیران وەڵامی راپۆرتەکەیان دایەوە بە نامەیەک کە هەر لە رۆژنامەکەدا بڵاوکرایەوە و بێگومان پڕبوو لە پاساوی بێمانا.

هەروەها بینیمان چۆن بە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم چەند رۆژەی رابردوودا قەڵسبوون و بە کۆمەڵێک درۆی گەورە وەڵامیاندایەوە. 

کارەساتی ئەم حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە ئەوەیە کە رەنگە بە دەیان و سەدان وتار کە لەلایەن نوسەران و رۆشنبیرانی کوردەوە بەرهەمهاتووە لەسەر چەوتی و نادیموکراسیبوونی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ئەمانە بە هیچشێوەیەک نایانجوڵێنێت و لە زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان و لێدانی ئازادی بیروڕا  و لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی فاشیخوازانەی بێباک بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک پاشەکشەیان نەکردووە.

27/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر