کۆماری کوردستان لەکوێی رۆژمێرماندایە

سالار مه‌حمود
حوکمڕانی کۆماری مھاباد گەرچی بەپێوانی کات کەم بەرکار بوو، وەلێ وەک وەرچەرخانێکی سیاسی مەودای کاردانەوەی دورو درێژە، تا بە ئەمڕۆ دەگات. وەک گەرەکە لەسەر ئەو ئەزموونە شەن و کەو نەکراوە بۆ پەند وەرگرتن لەفاکتەرە دەرەکیەکان بۆ لەناوبردنی توانای ناوخۆیی. فەوتانی کۆمار پەیوەندی بە پیلانی نێودەوڵەتی ھەبوو بەپلەی یەکەم. لەو ساوە بۆ ئێستا دەرس لەو مێژووە وەرنەگیراوە. چەند وزەی ناوخۆیی گرنگە دواجار بۆ چارونووسی کورد بڕیار لەسەر مێزی دەرەوە دەدرێت. ئەمە بەو مانایە نا بوونی خود گرنگ نیە وەک ئاکتەرێکی کارا. بەڵام بۆ ھەلومەرجی کوردستان تایبەتمەندییەکەی ھەمیشە فاکتەری دەرەکی رۆڵی زۆرتر گێڕاوە.
لەوساوە بۆ ئێستا راستیەک ھەیە نابێ فەرامۆش بکرێت کە
"چیتر کورد فاکتەر نیە ئاکتەرە".
بەھەر حاڵ رۆژی راگەیاندنی کۆماری کوردستان رۆژێکی دیرۆکیە. ئەزموونی تەنیا بەشێکی کوردستان نیە. وەک رۆژێکی نیشتمانی ئەبێت بخرێتە رۆژمێری فەرمیەوە.
پەرلەمانی کوردستان کارێکی باش دەکات بە رۆژێکی نیشتمانی بیناسێنێ.
جاڕدان بۆ بەفەرمی کردنی ئەم رۆژە نیشتمانیە. لە رەوتی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کورددا خۆشدانێکی تر دروست دەکات و، لە بونیادنانی پایەکانی نیشتمانسازیدا دەتوانین سود لە دیوە جیاوازەکانی کۆماری کوردستان وەربگرین.
لە ٢٢ ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ قازی کۆماری کوردستانی راگەیاند.
لەم رۆژەدا کەسایەتی قازی وەک سەرکردەیەک کە گەردنی خۆی بۆ نەجاتی گەلەکەی کردە پەتەوە بەبیر دەھێنمەوە.
ھەم لە قازی و ھەم لە دەوران و رۆژی جاڕدانی کۆماردا دەست لەسەر تەوێڵی سەر دادەنێین و ئاوڕ لە قوڵایی مێژوو دەدەینەوە کە ئەم ھەموو ترسە لە بوونی قەوارەی دەوڵەتی و سەربەخۆیی نیشتمانی کورد بۆ؟.
ترس لەدیرۆک، یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە کەلتورو مرۆڤی کورد بۆ؟.
لەبەرامبەردا بەرز راگرتنی ئەو نۆ مانگەی حوکمڕانی کۆمار وەک بەشێکی گرنگ لەتێکۆشانی یەکێتی نەتەوەیی و تێکۆشانی پێکەوەیی با ببێتە دەستمایەمان لە پرۆسەی وڵامدانەوەی داگیرکەران و غەدری مێژوو لە خەڵک و خاکی کوردستان.

22/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر