هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دوادەخرێت

سالار مه‌حمود

عیراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەڕوات..
 ئەوسەری تونێلیش دیار نیە..

وڵاتەکە وەک بڵێی لەسەر لێواری رووداوێک یا لافاوێک بێ، عیراق بەو جۆرە چاوەڕوانی بومەلەرزەیەک دەکات.
ئاماژەکان وا دەردەخەن دۆخی عیراق تەحەمولی ئەو هەموو کێشانە ناکەن. دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەگەرێکی بەهێزە. چونکە هەڵبژاردن زەمینەیەکی رەخساوی پێویستە ئەو زەمینەیە رۆژ لەدوای رۆژ بەرتەسکتر دەبێتەوە. 
بەتایبەتیش بەشداری نەکردنی ئەیاد عەلاوی و راگەیاندنی پاشەکشەی سەدریەکان لەهەڵبژاردن و لەحکومەتیش ئاماژەن.
 پارێزگای ناسریە وەک ناوەندێکی روناکبیری لە مێژووی عیراقدا رۆڵی گەورەی هەبوەلە وەرچەرخان و گۆڕانە سیاسیەکان، لەدەستپێکی خۆپیشاندانەکانی پێرارەوە تا ئێستا ئەو شارە ئەکوڵێ و ناگیرسێتەوە، بە پێچەوانەی هەموو پارێزگاکانی تری باشور.
پێ ئەچێ ئاگری ئەو پارێزگایە جارێکی تر هەموو پارێزگاکانی تر بگرێتەوە. بەتایبەتی دوای گوتاری کشانەوەی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردن و بوونی ململانێی توند لەنێوان پارێزگاری ناسریەو خودی سەدریەکان.
هەر چەندە موقتەدا سەدر هەر دە رۆژ جارێک میزاجێکی جیاوازی خیتابی هەیەو، دور نیە هەفتەی داهاتوو شتێکی پێچەوانە بڵێت.
سەدریەکان بەهۆی ئەوەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و کارەبا لەلای ئەوان بوە زۆر سەرکۆنە دەکرێن دوای ئیستقالە کردنیشیان بەهۆی سوتانی خەستەخانەکان لەبەغداو ناسریەو مردنی سەدان هاوڵاتی.
بەشدارینەکردنی ئەیاد عەلاوی لەهەڵبژاردن و سەدریەکانیش وا دەکەن لایەنی تریش هەمان هەڵوێست رابگەیەنن.
خۆ رێکخستنەوەو جوڵەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت و تێکچوونی تەواوەتی ئاوازی سیاسی ناوماڵی شیعە ئاماژەن، کەدۆخی عیراق لە بارێکی دژواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوتۆدایە ئاسۆی ئارامی تیا بەدی ناکرێت.
حکومەت و پەرلەمانی عیراقیش نەیانتوانی لە کێشەکانی خەڵک کەم بکەنەوەو رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوەو پرۆژەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بکەن بەیاسا.
عیراق هاوینێکی سەختی پڕ لە رووداوی چاوەڕوان نەکراو بەڕێدەکات و هەرێمی کوردستانیش سەرباری کێشەکانی خۆی بەدەر نابێ لەکاریگەریەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی  عیراق.

15/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر