دیدی سێیەم لە بارەی ریفراندۆمەوە

سالار مه‌حمود
"پێش ریفراندۆم ئێمە دەوڵەت بووین"

ریفراندۆم مومارەسەکردنی مافێک بوو، لە کاتێکی نەگونجاودا.

هێشتا کورد ئامادە نیە دیراسەیەکی زانستی دەرفەت و شکستە مێژوویەکانی چارەنووس بکات. 

هیچ کەس و لایەک دان بەهەڵەدا نانێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی دەرفەتەکانی ئایندەش.

هێشتا کورد سەرباری قەیرانەکانی حوکمڕانی  لەکوردستانی عیراقدا خاوەن قەوارەی نیمچە دەوڵەتە. بەڵام خۆی ناتوانێ باش بەڕێوەی ببات. دوای لەدەستدانی نیوەی خاکەکەیشی بەخۆیدا ناچێتەوە.

پێش ریفراندۆم ئێمە دەوڵەت بوین لەناو دەوڵەتدا،
کوردستانێکی بەهێز لەناو عیراقێکی شێواودا!
ئێستا هەرێمێکی لاواز لەناو عیراقێکی بەهێزدا.

ئێستاش کەس دەستی نەگرتووین بنەمای دەوڵەت لەهەرێم دروست بکەین. بەدەستبەرداربون لە عەشیرەتگەریی، گەندەڵی قوڵ و رێکخراو خێڵایەتی خزمایەتی و ناوچەگەریی. بەمەرجەعکردنی دامەزراوە فەرمیەکان نەک شەخس و حزب یا کوتلەیەک لە حزب.

لەم بۆنەیەدا گوتاری ئەو سەرکردە عەرەبانەی عیراق بیر دێنمەوە کە دەیانوت کورد نەوەی جنەو دەیەوێ خەونی جولەکە جێبەجێ بکات.

کوردینە لە جیاتی ئەم دوو بەرەیەو ئەم دابەشبونە، بڕۆن دیدی سێیەم بخوێننەوە  لەسەر مافی چارەنوس و ریفراندۆم و ئاکامەکانی.

بۆ ئەوەی گەر دەرفەتێکی گونجاو لە ئایندەدا هەڵکەوتەوە باش بەکار بهێنرێت.  نەوەکو لەسەر قەوانی سواو دروشمی بێ کردە بوترێتەوە ئەو دەستکەوتانەی ئێستاش بخرێتە مەترسی زیاترەوە.

25/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر