لە خۆپیشاندانەوە بۆ ڕاپەڕین: دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێم

مه‌ریوان وریا قانع

کردەی بەرگرییکردن کاتێک دەبێت بە کردەیەکی مانادار و بەرھەمھێن، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات پەیوەندیی داخراو نەبن، ئەگەری جێگۆڕکێ و دەسکاریکردنیان تیادابێت، نەگۆڕابن بۆ ھەیمەنەیەکی سەربازیی و ئەمنیی و ئابوریی ڕووت و داخراو. ئەمە یەکەمین وانەیەکە بکرێت لە فەیلەسوفێکی وەک میشێل فوکۆە فێریببین، پەیوەندیی دەسەڵاتی کراوە دەکرێت دەسکاریبکرێت، بەڵام پەیوەندیی دەسەڵاتی داخراو ھەیمەنەی سەربازیی و ئەمنی خۆی بە زەبری ھێز دەسەپێنێت. پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا بەتاڵن لە توانای گۆڕانکاریی و دەسکاریکردن، دەسەڵاتدارانی ھەرێم، کە بەکردەوە ئەندامانی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسین، نەک توانای دەسکاریکردنی ئەو پەیوەندییانەیان نییە کە سی ساڵ ھەڵەی بەردەوام دروستیانکردوە،. بەڵکو ھیچ مەیل و خواستێکی ئەو گۆڕانکارییەشیان نییە و دەیانەوێت چۆن بوون وا بمێننەوە. لەمەدا خۆیاان بە خێزانی موقەدەس دەزانن و پێیانوایە جگە لەوان کەس مافی حوکمڕانیی و بەێڕوەبردنی وڵاتەکەی نییە. ئەمە وادەکات لەو ھەرێمە ٣ شارییەدا، کردەی بەرگریکردن نەتوانێت لە قۆناغی خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕیندا بمێنێتەوە، نەتوانێت تەنھا کردەی نیشاندانی ناڕازیبوون و توڕەبوون بێت، نەکرێت چیتر لە ئاستی خۆنیشاندان وخۆنمایشکردندا سنوورداربکات، بەڵکو بە ئاسانی بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و پەلاماردان و بەریەکەکوتی توند بپەڕێتەوە. ئەوانەی کە ناڕەزاییدەردەردەبڕن لە ”مرۆڤی ناڕازیی“ەوە بگۆڕێن بۆ ”جەنگاوەر“ و ھەوڵی دەسکاریکردنی پەیوەندییەکی دەسەڵات لەڕێگای ھێزەوە بدەن. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە چیتر تیایدا ناڕەزایی تەنھا بەرامبەر بە ھێز ئامادە نییە، بەڵکو ھێز بەرامبەر بە ھێز ئامادەیە. ئەمە وانەی یەکەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکەی ھەرێمە.

وانەی دووھەمی تەقینەوەکانی ئەمڕۆکە ئەمەیە: ئەو بەرەیەی کە ناڕازییە تەنھا ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە نییە بەتەنھا، بەڵکو زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکەیە، دانیشتوانی دەرەوەی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان و گروپە بچووکە ملیۆنێر و سودمەندەکەی دەوروبەریان. بۆ نموونە، کەسێک چەپڕەوبێت ناڕازییە، چونکە لانی ھەرە کەمی دادپەروەریی و یەکسانیی لە ھەێرمدا بوونی نییە. کەسێک لیبرال و دیموکراتخوازبێت ناڕازییە.، چونکە سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی چەند بنەماڵەیکی سیاسیی بچووکدا کۆکراونەتەوە و ھیچ یەکێکیش لەو دەسەڵاتانە لەژێر ھیچ فۆرمێک لە چاودێریکردنی یاسایی و دەزگاییدا نین. کەسێک سەر بە ئیسلامی سیاسیی بێت ناڕازییە چونکە ئەوانیش وەک خۆیان دەڵێن باوەڕیان بە حوکمڕانیی باش و سەرڕاست ھەیە. کەسێکیش ناسیۆنالیست بێت ناڕازییە، چونکە ئەوەی لە ھەرێمدا  بەتەواوی غائیبە چەمکەکانی نەتەوە و نیشتیمان و قازانجی نەتەوەیی و کۆدەنگیی نیشتیمانییە. کەسێک کاپیتالیست بێت و باوەڕی بە بازاڕی ئازاد ھەبێت، دەزانێت بازاڕی ھەرێم قۆرخکراوترین بازاڕەکانی جیھانە. تەنانەت گەر کەسێک فاشیستیش بێت، دیسانەوە ناڕازییە، چونکە فاشیزم ھەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکە خەون بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ”تایبەت“ەوە دەبینێت کە بەھێز و سەروەر بێت. زۆرینەی زۆری خەڵکە سادەکەی ھەرێمیش سیستمێکی سیاسییان دەوێت کە  خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و بڕێک ڕێز و ھەندێک مافی سەرەکییان، بۆ دابنیبکات.  

ھیچ یەکێک لەمانە لەناو ئەزموونی ھەرێمدا بوونی نییە، ئەوەی لەپاڵ دزیی و جەردەیی و گەندەڵییی سیستمتیک و ئامادەگییەکی بەردەوام بۆ کوشتن و خوێڕشتندا، ھەیە مۆدێلێکی سوڵتانیی ناشیرینە لە حوکمڕانیی کە خەمی سەرەتا و کۆتایی بە سوڵتانیکردنی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێمە، بە سوڵتانیکردنی باوکەکان لە ئێستادا و بەسوڵتانیکردنی منداڵەکانیان لەدوای مردنیانەوە،  ھەموو سیستمە سیاسییەکەش بەدەوری پاراستن و وەدیھێنانی ئەم خەونە سوڵتانیەدا دەسوڕێتەوە. بەم جۆرە نە ھێزە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان و نە زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم شتێک لەو سیستمەدا نادۆزنەوە بە بەشێک لە خواست و خەونەکانی خۆیانی بزانن. سیستمەکەش تا دێت ناشیرینتر و توندوتیژتر و داخراوتر و تاوانابرتر دەبێت. چەند تەمەنی درێژبێت بڕ و ڕادەی تاوانەکانی زیاتر دەکات. 

ئەوەی ئەمڕۆکە دەیبنین دۆخی وەرچەرخانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ڕاپەڕین، وەچەرخانێک کەس نازانێت بە کوێ و بەچی دەگات. بەڵام خاڵێک کە بۆ ھەمووان ئاشکرایە ئەوەیە ئەگەر ئەمڕۆش خەڵک دوای کوشتن خوێنڕشتنێکی زۆر سەرکەوتبکرێن، سبەینێ ڕێکخراوتر و توندوتیژتر دەگەڕێنەوە و سەرلەنوێ دەتەقێنەوە.


07/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر