ڕۆمانسیەت و ھەڵاتن بە ھەزارپێ لە بەرپرسیاریەت

مه‌ریوان وریا قانع

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و دوای دروستبوونی ئەو دۆخە ترسناکەی لە ھەرێمدا ھاتۆتەکایەوە،  زیاد لە دەنگێک دەبیستین بەشێوازی جیاواز، یان دەربڕی ”ڕۆمانسیەتێکی سیاسیی“ کوشندەن، یاخود ھەڵگری دیدی ”ھەڵاتنێکن بە ھەزار پێ لە بەرپرسیاریەت“. ئەوانەی کە نووقمی ناو ڕۆمانسیەتە سیاسییەکەن باس لەوەدەکەن گەنجانی سەر شەقامەکان، کە بەدیار چاوی ھەمووانەوە بێڕەحمانە دەکوژرێن، خۆیان ھۆشیارن و دەزانن چی دەکەن، مێژوویەک دروستدەکەن تەواو تازە و تەواو جیاواز لەو مێژووانەی نەوەکانی بەر لەوان دروستیانکردوە. بۆیە پێویستیان بە ھاریکاریی ھیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتیی و بە کاری ھاوبەش لەگەڵ ھیچ کەسێکدا و بەھیچ بەرنەمایەکی پێکەوەیی نییە. ھەرکەسێک لێیان نزیکبێتەوە ئینتیھازییە و بەکاریاندەھێنێت. ئەم ڕوانینە جگە لەوەی تەواو ڕۆمانسیی و ناڕاست و نامێژووییە، تەواو ترسناکیشە. بە کردەوە مانای جێھێشتنی گەنجانە بەتەنھا لەسەر شەقامەکان و مانای سەیرکردنی چۆنیەتی کوشتن و لەناوبردنیانە بەدیارچاو ھەمووانەوە. لە کاتێکدا ئەوەی پێویستە ڕێک پێچەوانەی ئەم دیدە ڕۆمانسییەیە، ئەوەی پێویستە کارکردنە بۆ کۆکردنەوەی ھەرچی زیاتری سەرجەمی ھێزە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکانی ناو دانیشتوانی ھەرێمەکە لەناو بەرەیەکی یەکگرتودا دژ بەو دۆخەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەماوەی سی ساڵی بەخێزانیکردن و بە مافیاییکردنی دەسەڵاتدا، دروستیانکردوە. دۆخێک تەنھا کێشەی بۆ گەنجان دروستنەکردوە بەڵکو بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکەی دروستکردوە بە پیر و گەنج و ژن و پیاو و منداڵ و گەورەیەوە. دروستکردنی بەرەیەک لەسەرجەمی ئەو مرۆڤە ناڕازییانە و پەرەدان بە کاری پێکەوەیی و بەھێزکردنی ڕڕۆحی ھاریکاریی ھەمەجۆر، تاقە ستراتیژیەتێکە بکرێت سودبەخش و بەسەمەربێت.

 

دیدی دووھەم، کە ئەویش زۆر لەم دیدە ڕۆمانسییە جیاواز نییە، لە شوێنێکی دیکەوە دەستپێدەکات بۆئەوەی بەھەمان دەرەنجام بگات. لە کاتێکدا دیدە ڕۆمانسییەکە  ئەو نەوە گەنجە تەنھا دەخات و دایاندەبڕێت لە ھێزی بەشەکانی تری کۆمەڵگاکە، دیدی دووھەمیان بە ئاشکرا دەڵێت با واز لەم نەوەیە بھێنین خۆیان ژیانی خۆیان ئەزموون بکەن و لێیانگەڕێین ھێزی خۆیان تاقیبکەینەوە. لێرەشدا ھەمان لۆژیکی تەنھاخستن و ھەمان ستراتیژەتی دابڕانی ئەم نەوەیە لە ھێزەکانی تر ئامادەیە، بەڵام بە ئینشایەکی جیاواز. 

 

کێشەکانی ھەرێم کێشەی تەنھا یەک نەوە نین و بەرەنگاربوونەوەشیان بەتەنھا ئەرکی یەک نەوە نییە بەتەنھا. ئەم کێشانە ھەموو ئەوانە لێی بەرپرسیارن کە لە دونیای دوای ڕاپەڕین و بەر لەڕاپەڕیندا ژیاون، بە گەنج و ناگەنج و نێر و مێ و خەڵکی شار و شارۆچکەکانەوە. ئەو کێشانەی کە ئەزموونە سوڵتانییە خێزانییە گەندەڵ و ترسناکەکە دروستیکردون کێشەیەک نیین تەنھا بۆ گەنجان بەتەنھا، بەڵکو کێشەن بۆ پیران و بەتەمەنان و منداڵان و بەشەکانی تری دانیشتوانی ھەرێمەکە، تەنانەت بۆ ئەو نەوانەش کە ھێشتا لەدایکنەبوون و لەگەڵماندا نین. وەکچۆن کێشەشن بۆ ھەموو ئەوانەی بە درێژایی سەدەی بیستەم لەپێناوی ئازادییدا جەنگیون و گیانی خۆیان سپاردوە و دواتر ئەم ئەزموونە ناشیرین و وێرانە، بەدناوی کردون. ئەم ئەزموونە سوڵتانییە کێشەی ھەم بۆ ڕابردوو، ھەم بۆ ئێستا و ھەم بۆ ئایندە دروستکردوە، جێھێشتنی چارەسەرکردنی ھەموو ئەمانە بۆ ئەو نەوە گەنجە کە ئێستا لە شەقامەکاندا دەکوژرێن، تاوانێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و مێژوویی گەورەیە. 

 

ئەوەی پێویستە ڕووبدات، بە پێچەوانەی ئەو دوو دیدەوە کە باسمکرد، بەگەڕخستنی لۆژیکێکی سیاسیی سادەیە کە پێ لەسەر کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی ھەمەلایەن و درێژەدان بە بەرگرییکردن دادەگرێت. بەڵام لەناو بەرەیەکی مێژوویدا کە ھێزەکانی تیادا کۆبکرێنەوە بۆئەوەی بتوانن دەسکاریکردنی ئەو دۆخە ناھەموار و ترسناکە بکەن.


14/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر