دەربارەی یاسا و یاساشکێنی

مه‌ریوان وریا قانع
کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکەوان لە بادینان زۆر بێباک و نادادپەروەرانە بەناوی یاساشکێنییەوە داوەیدەکرێن. تۆڕێک لە شەقاوە لە سلێمانی پلانی بە چەقۆ پەلاماردانی دکتۆر غالب محەمەد دەکێشن و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا برینداریی دەکەن. بەپێی زیاد لە ھەواڵێک  خەریکە کەیسی ئەم شەقاوانە دادەخرێت و بەشداربوانی تاوانەکە دادگایی ناکرێن، یان دادگایکردنەکەیان بەلاڕێدا دەبرێت.

لە ھەردوو دۆخەکەدا دەسەڵاتێکی سیاسیی ئامادەیە کە لە پەیوەندییەکی تەواو ئامرازیدایە لەگەڵ یاسادا. واتە یاسا وەک ئامرازێک بەکاردەھێنێت بۆ بەرگریکردن لە قازانج و خواست و سایکۆلۆژیا و دەسکەوتە تایبەتەکانی دەسەڵاتداران و سزادانی ھەرکەسێکیش بە مەترسیی بزانن بۆسەر خۆیان. 

لە یەکەمیاندا داوای داوەریکردنی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانی مەدەنیی دەکرێت، لە دووھەمیاندا داوای داوەری نەکردنی گروپێکی تێوەگلاو لە تاوانەوە دەکرێت. لە ھەردوو دۆخکەشدا لۆژیکی بەڵتەجیی سەرەوەرە و ھێز دەستنیشانی ئەوەدەکات دادگا چی ئەنجامبدات و چیش بەجێبھێڵێت. 

ئەم گفتوگۆیەی فوکۆ و چۆمسکی، کە یەکەێکە لە بەناوبانگترین گفتوگۆ فیکرییەکانی سەدەی بیستەم، دەشێت شتێکمان لەسەر پەیوەندیی نێوان یاسا و یاساشکێنی وەک ھەڵسوکەوتی ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینە پێبڵێت. لە گرتە ڤیدیۆییەدا، کە بەشێکی گفتوگۆکەیە، چۆمسکی زۆربەی کات قسە دەکات و پێ لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دادەگرێت کە دەکرێت بەم شێوەیە کورتیانبکەینەوە:

١- نابێت مرۆڤ بەردەوام ئەوە قبووڵبکات کە دەوڵەت و دەسەڵاتداران دەستنیشانی ئەوەبکەن چی یاساییە و چی نایاسایی. ئەم قبووڵنەکردنەش دەشێت فۆرمی ”یاخیبوونی مەدەنیانە“ یان ”گوێڕایەڵینەکردنی مەدەنیانە“  بگرێتەخۆی.

٢- ھەندێکجار لادان لە یاسا، گوڕێڕایەڵنەبوون بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەت، تاکە کردەیەکی ئەخلاقیی ڕاستەقینەیە بشێت مرۆڤ ئەنجامیبدات. ئەمەش لەو کاتانەدا کە یاسا بۆ مەبەستی درێژەدان بە تاوان و کاری خراپ، یان بۆ شاردنەوە و داپۆشینی خراپەکاریی، بەکاردەھێرنێت.

٣- دەوڵەت یان حوکمڕانان دەتوانن شتێک بە نایاسایی لە قەڵەمدبەن،  بەڵام ئەم بە نایاسیی لەقەڵەمدانە، ھەڵە و ناڕاستە و قابیلی قبووڵکردن نییە.

٤- ئەوە کارێکی یاسایی و ئەخلاقیی و ڕاست و دادپەروەرانەیە، خەڵک بە جۆرێک ھەڵسوکەوتبکەن، ڕێگربت لەوەی دەوڵەت یان حوکمڕانان بتوانان کاری تاوانکارانە ئەنجامبدەن.

04/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر