هەڵەی ستراتیجیی ئیسلامییەکان

که‌مال چۆمانی

ئیسلامییەکانی کوردستان لە گەشەسەندنێکی هێواش بەڵام گرنگ دا بون؛ لە نەوەدەکان بەشداریی پارلەمانیان رەتدەکردەوە، بەشێکیان پەیوەندییان بە قاعیدەوە کرد، بەشێکیان جوندولئیسلامیان دروستکرد و هەندێکیشیان لەناو دەوڵەتی ئیسلامییدا ونبون. بەڵام بەشی هەرە زۆریان دوای ٢٠٠٣ گوتاریان هێور دەبوەوە و باسی دیموکراسییان کردە رەهەندێکی سیاسەتکردنیان.

بەڵام لەو چەند ساڵەی دواییدا، دوای ئەوەی سەلەفییەکان بەهێز بون، ئیسلامییەکان جارێکی تر بەرەو سەلەفییەت دەڕۆنەوە و خەریکە ئەو گوتارەی باسی دیموکراسیی دەکرد، بەتەواوی وندەبێ و گوتارێکی سەلەفییانە جێی دەگرێتەوە. 

ئیسلامییەکان ئێستا هێندەی بزوتنەوەیەکی بانگخوازین بۆ لەبەرکردنی سوڕەتی الرحمن و بەهەرەوەزی حیجابکردن، هێندە بزوتنەوەی سیاسیی نین کە هەڵگری پڕۆژەیەکی سیاسیی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئابوریی بن. ئەوە ئەو داوە بو کە دەستەڵاتی سیاسیی بۆی دانانەوە. واتا دوای رێککەوتنی پارتی لەگەڵ سەلەفییەکان و پشتیوانیکردنیان، ئیسلامییەکان لەوە ترسان ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر گوتاری سەلەفییەت و دینداریی وشک، ئەوا پشتیوانیی خەڵکی کۆنزەرڤاتیڤی کورد لەدەستدەدەن. ئەوە ئەو داوەیە کە پارتی بەتایبەت و یەکێتیش بۆ ئیسلامییەکانیان نایەوە. ئیسلامییەکان لە پڕۆژەیەکی سیاسییەوە کە داوای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ریفۆرمی سیاسییان دەکرد، ئێستا خەریکی ئەوەن کچانی کورد حیجاب بکەن. ئەو هەزاران کچ و کوڕەی حیجاب دەکەن و سورەتی الرحمن لەبەردەکەن، دواجار کاریان دەوێ، دەیانەوێ عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەبێ. ئەو حیجاب و سورەتی الرحمنە چارەسەری کێشەکانیان ناکات. لە راستیشدا کێشەکانیان نە حیجابە و نە لەبەرکردنی قورئان. 

بەو جۆرە ئیسلامییەکان ئێستا بونەتە گروپێک بانگخواز بەرانبەری سەلەفییەکان نەک هێزی سیاسیی بەرانبەر حکومەت و هێزە حوکمڕانەکان بۆ چاکسازی و گۆڕانی سیاسی و ئابوری.


16/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر