بۆچی تورکیا بێدەنگە؟

که‌مال چۆمانی
تورکیا زیاد لە ٣٠ ملیار دۆلاری وەبەرهێنان کردوە لە کوردستان، ساڵانە ئامانجیەتی وەبەرهێنانی خۆی لە کوردستان لایکەم بگەیەنێتە ١٥ ملیار دۆلار. زیاد لە ١٠٠٠ کۆمپانیای تورکیایی لە کوردستان بونیان هەیە. زیار لە ٢٠.٠٠٠ کرێکاری تورکیایی لە کوردستان دا کاردەکا. كەچی تا ئێستا، تورکیا هیچ لێدوانێکی ئەوتۆی لەبارەی داعشەوە نەداوە و هیچ پشتیوانییەکی کوردستانی نەکردوە. ئەمە لە کاتێک دا، کوردستان چاوەڕێیدەکرد تورکیا، لانیکەم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ملیار دۆلارییەکانی، دژی داعش هەڵوێستێکی توندی هەبێ. هیچ مانای نییە، بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەدا دەی بەرژەوەندییەکانی تورکیاش نابن لە کوردستان، کەچی هەمویان هەڵوێستی جدی و باشیان دژ بە داعش نیشانداوە.
بێدەنگبونی تورکیا، هاوکاتیشە لەگەڵ بێدەنگبونی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی حکومەت، ئەم دو بێدەنگییە، بە بڕوای من، پەیوەندیی بەوە هەیە کە نێچیرڤان بارزانی لە دۆخێکی ئیحراجبون دایە بەوپێیەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەڕێی ئەوەوە بونە بەڵام سەرکەوتو نەبوە کە لە کاتی پێویستی دا، تورکیا بێنێتە سەر هێڵی بەگریکردن لە کوردستان. لەوانەیە ئەمە نەیارەکانی نێچیرڤان بارزانیشی لەناو پارتیی دا هاندابێ تا رەخنەی بکەن. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێم، سوپاسی پشتیوانییەکانی ئێرانی کرد.
تورکیا لەبەر ئەو چوار هۆکارەی خوارەوە بێدەنگە:
١- تورکیا تا رادەیەک بەشدار بو لە دروستکردنی داعش و ئێستا ناکرێ ئاوا بەئاسانی دژایەتی بکا، چونکە دژایەتیکردنی راستەوخۆ بەرپرسیاریشیدەکا لە بەرامبەر پشتیوانیکردن بۆ دروستبونی.
٢- بە بڕوای خاڵی سەرەکیی بێدەنگیی تورکیا ئەوەیە تورکیا هەرگیز نایەوێ داعش لەناوبچێ ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا چارەسەرنەبێ چونکە ئەوکات لەبری هەبونی داعش لە سنورەکانی تورکیا دا، هەرێمێکی بەهێزی کوردیی دەبێ کە سروش لە ئیمڕالیی وەردەگرن. بۆ تورکیا باشترە داعش هەبێ نەک یەپەگە، چونکە داعش مەترسیی نەبوە بۆ سەر تورکیا، بەڵکو باڵانسی هێزی بۆ راگرتوە بەرامبەر کوردەکانی رۆژاڤا و قەندیل.
٣- تورکیا بەهانەیەکی باشی بەدەستە بۆ خۆدورگرتن لە شەڕی داعش و نیشاندانی هەڵوێست بەوەی تا ئێستا ٤٥ وڵاتیی تورکیا بارمتەن لای داعش.
٤- تورکیا بەهۆی هەڵبژاردنەوە بێدەنگیی نواندبو چونکە هەر هەڵوێستێکی تورکیا ئەردۆغانی روبەڕوی رەخنەی توندی نەیارەکانی دەکردەوە، بەڵام هەڵبژاردن تەواوبوە.

16/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر