سەرۆک دابەزە ناو خەڵک و کۆشکەکە جێبهێڵە!

که‌مال چۆمانی
لەوەتەی لەبیرمدێ خەڵک سەردانی مەسعود بارزانی ئەکا، تەنها لەکاتی هەڵبژاردنەکان، ئەویش ئەو هەڵبژاردنەی کە ترسی دۆڕانی لێهەبووە، بارزانی دابەزیوەتە ناو خەڵك. نزیکبون لە خەڵک و جەماوەر و ئاگاداربون لە رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵک، بنچینەی سەرکەوتنی هەر بەرپرسیارێتییەکە.
ئەڵێن گوایە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی تریش پێشوازی لە خەڵک و چین و توێژەکانی باڵەکایەتی کردووە. من واز لەوە ئەهێنم بۆ چی بووە و کێ بونە نوێنەرانی خەڵک و چیان گوتووە و ئەبووا چیان گوتبووایە، بەڵام بۆچی تەنها خەڵک بچێتە لای جەنابی عالیی مەقام، بۆچی جارێکیشیان جەنابی عالیی مەقام لەو (سەری بڵند)ە نایەتە خوارەوە و لەگەڵ خەڵکی رەش و روتی ئەو وڵاتە دانانیشێ بزانێ كێشە و گرفتەکانی خەڵک لەکوێ دان؟
سەرۆک نابێ لە کۆشكێک خۆی قوفڵبدا و چاوەڕێبکا خەڵک سەردانی بکا. سەرۆک ئەبێ لەناو خەڵک بێ و خۆی دابەزێتە ناو کوچە و کۆڵانەکان. سەرۆک نابێ چیتر تەنها گوێ لە بەرپرس و ریش سپی و پیاو ماقوڵان بگرێ ئەگەر ئەیەوێ لە کێشەکانی وڵات تێبگا، ئەبێ گوێ لەو پیرەژن و پیرەمێرد و منداڵ و گەنجانەش بگرێ کە لە ژیانیاندا دەرفەتیان پێنەدراوە خەمەکانی خۆیان بگەیەننە لای جەنابیان. سەرۆک سەیرە رۆژێک لە خۆی ناپرسێ ئەرێ ئەوە چییە لەوەتەی من هەم لە هەر ناوچەیەکی کوردستان تەنها کۆمەڵێک دەموچاو نوێنەرایەتیی ئەو ناوچانە ئەکەن و تەنها یەک قسەئەکەن و هیچی تر! ئەرێ تخوا لە مێژوی هەمو سەردانەکانی خەڵكی ناوچە و دەڤەرەکان یەک رەخنەی جدی لە سەرۆک گیراوە! 
سەرۆکی خەڵک، لەناو خەڵک ئەبێ و لەگەڵ خەمەکانی خەڵک ئەژیێ. سەرۆک ئیتر بەسە و دابەزە ناو خەڵک و کۆشکەکە جێبهێڵە. لە کۆشکەکەدا تەنها مەدح و سەنای خۆت ئەبیستی، تکایە سەرێک بکە بەو کۆڵان و کوچانەی شار بزانە چی هەیە و چیت پێئەگوترێ و چۆن باسی کار و کاروبارەکانی وڵات ئەکرێ؟ سەرێک بکە بە حاڵ و گوزەرانی خەڵک و بزانە لە چ دەردەسەرییەکدا ئەژیێن و ئێوەش لە چ سەفا و خۆشییەکدا!

15/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر