گۆڕان و ئیسلامییەکان ستۆپ!

که‌مال چۆمانی
بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان بڕیار بو سیستەمی بەحیزبیکراوی کوردستان و شێوازی دامەزراندن لەسەر بنەمای حیزبیبونەوە بگۆڕن بە دامەزراندن لەسەر بنەمای لێهاتویی بون و شاییستە بون. ئەمە بوبو بە پرەنسیپڵی ئەو سێ هێزە و بەتایبەتتریش بزوتنەوەی گۆڕان کە لە ساتی دامەزراندنیەوە تا رۆژی بەشداربون لە حکومەت جەختی لەسەر ئەم پرسە دەکردەوە.

 
لە کاتی دانانی وەزیرەکان هیچ گلەییەک نەهاتە سەر گۆڕان و ئیسلامییەکان کە کێ دادەنێن و کێ دانانێن چونکە ئەمە پرسێکی ناوخۆیی حیزبییە وڵاتییان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنیی کەمتر دەتوانن ناچاریانبکەن ئەو کاندیدە دابنێن کە دەیانەوێ، بەڵام لە ئێستا دا کە چەند پشكێکی ناو حکومەتیان بەرکەوتوە و بەوپەڕی نابەرپرسیارێتییەوە پێشێلی ئەو پرەنسیپڵانە دەکەن کە وەک گرێبەستێکی ئەخلاقیی مەعنەویی لەنێوان ئەوان و کۆمەڵانی خەڵک بونی هەبو.

بۆئەوەی وردتری بکەینەوە؛

بەڕێوەبەرە گشتییەکان دابەشکراون لەنێوان پێنج حیزبی کوردستانیی؛ پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو و کۆمەڵ. 
ئێمە قسەمان لەسەر یەکێتی و پارتی نییە کە زیاد لە بیست ساڵە پێشێلی هەمو بنەمایەکی دیمۆکراسیی و حوکمڕانیی دامەزراوەیی دەکەن، بەڵام قسەمان لەسەر گۆڕان و ئیسلامییەکانە کە بڕیار نەبو بە پێوەرەکانی یەکێتی و پارتی مامەڵە لەگەڵ دەنگدەرانیان دا بکەن. 
گۆڕان و ئیسلامییەکان بڕیار بو تەواوی پڕۆسەکە بەدامەزراوەیی بکەن. تەواوی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەسەر بنەمای لێهاتویی و شایستەیی دابمەزرێن. جێگەی شەرمەزارییە کە گۆڕان و ئیسلامییەکان بە چەند پۆستێکی بەڕێوەبەری گشتیی رازیبونە و وازیان لە پرەنسیپڵەکانیان هێناوە.

ئەگەر ئەمە لە گۆڕان و ئیسلامییەکان قبوڵبکرێ ئەوا سبەی مامۆستاش لەسەر بنەمای حیزبیبون دادەمەزرێنن. هیچ جیاوازییەک لەنێوان دامەزراندنی مامۆستایەک و بەڕێوەبەرێکی گشتیی نییە. بۆیە ئەمە دەبێ ببێتە پرسی میدیا و بەجدی قسەی لەسەر بکرێ و ستۆپ بە گۆڕان و ئیسلامییەکان بکرێ.

09/01/2015



وتارەکانی تری نوسەر