باڵۆنەکەی لاهور تاڵەبانی فشدەبێتەوە

که‌مال چۆمانی
لاهور تاڵەبانی لە روکەشدا ویستی چاکسازیی نیشاندا، بەڵام لە جەوهەردا ویستی دەستەڵاتخوازیی هەبو و هەیە. دو کوڕەکەی تاڵەبانی بڕوایان بەوە نییە دەستەڵات لەگەڵ ئامۆزایەک بەشبکەن کە بە بەشێکی بنەماڵەی دانانێن، بۆیە ئێستا دەیانەوێت روی لاهوڕ بشکێنن و نیشانی خەڵک، یەکێتییەکانی بدەن لاهور بێدەستەڵاتە و شکۆیە.

لاهور تاڵەبانی قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکرد، بەڵام جگە لە کۆکردنەوەی دەستەڵاتەکان لە دەوروبەری خۆی و هێنانی بزنسی زیاتر بۆ ژێر رکێفی خۆی، تەنانەت نەیتوانی تاکە یەک چاکسازیی سادەش بکات. خەڵک و یەکێتییەکان لەو قەرەباڵغییە بێزار بون، بۆیە لاهور تاڵەبانی بەتەنها دەمێنێتەوە. ئەو نەیتوانی ئەو هاوپەیمانێتییانە بپارێزێت کە ئەویان گەیاندە هاوسەرۆکایەتیی، هەرزو وایزانی دەتوانێت هەموان پەراوێزبخات. ئەو لە پێکهاتەی هێز و دەستەڵاتیش تێنەگەییشتبو، وای دەزانی بەتەنها لەڕێی پارە و تۆقاندن و هەڕەشەوە دەتوانێت خۆی بسەپێنێت. 

لاهور تاڵەبانی سەرەتا بە تاڵەبانیی خۆی ناساند، دواتر خۆی کرد بە لاهوڕ شێخ جەنگیی. ئەو وایزانی دەتوانی بنەماڵەی تاڵەبانی بخاتە لاوە، نەیدەزانی ماڵی تاڵەبانی پەیوەندییان لەگەڵ پارتیی بەهێزترە، پارتیی و ماڵی بارزانی لە ماڵی تاڵەبانییان باشتر دەستناکەوێت بۆ ئەوەی ئیدامە بە خۆسەپاندن بدەن. ئەوە لە روکەشدا خاڵی جیاوازیی لاهور تاڵەبانیی بو و هەمو وەبەرهێنانەکەی لەسەر دژایەتییکردنی ماڵی بارزانیی بو، بەڵام تاکە جارێکیش لە جەوهەردا نەیتوانی دژایەتییە میدیایییەکەی وەرگێڕێنێتە سەر واقیع. 

لاهور تاڵەبانی یا لاهور شێخ جەنگیی دەبێت بزانێت، وەک چەند جارێکی دیکەش نوسیومانە -خەڵکی تر و منیش-، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە خەڵک نایەوێت تاکڕەوێک و گەندەڵێک بە تاکڕەو و گەندەڵێکی تر بگۆڕێتەوە. لاهور تاڵەبانی ئەگەر دەیەوێت، کە دیارە لەوەتەی بۆتە هاوسەرۆک نەیویستوە، دەبێت بە واقیعیی دژایەتییکردنی گەندەڵیی و تاکڕەوێتیی بکاتە مەبدەئ و چەقی کارکردنی، بەوەش لە خۆیەوە دەستپێبکات و کەسێکی دیموکراتیک و ناگەندەڵ بێت. ئەو سترەکچەری سیاسەتەی یەکڕیزیی کوردیی-بارزانیی تێپەڕێنێت و بەدوای هاوپەیمانێتیی تردا بگەڕێت. یەکێتیی لە حیزبێکەوە کە دەیەوێت بخاتە بن دەستی خۆیەوە بکاتە حیزبێکی دامەزراوەیی. 

لاهوری شێخ جەنگیی نەیتوانی ئەمانە بکات، هەر بۆیە دو ئامۆزاکەی ئێستا دەتوانن بەو جۆرە روی بشکێنن. یەکێتییەکان ئەو ململانێییەی ئامۆزاکان بە ململانێی دەستەڵاتخوازیی دەزانن. چەند رۆژ و هەفتە و مانگی دادێ، نۆرەی کوڕانی شێخ جەنگیی دێت روی کوڕانی جەلال تاڵەبانیی بشکێنن، وەک لە رابردو کردبویان. ئەو ململانێییە، هیچ پەیوەندیی بە چاکسازیی و خزمەتی گشتییەوە نییە. میدیاکان کەمتر باسیدەکەن، لەبەرئەوەی بەشێکیان کڕدراون و بەشێکیشیان دەترسن. 

ئامۆزاکان لە هەولێر و سلێمانیی چی دەکەن و چۆن لە یەکتر دەخەن، چۆن یەکتر ریسوا و بێزەلەت دەکەن، چۆن لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانی یەکتر دەدەن، کێشەی خەڵک نییە. ئەو چەند وشانەی منیش تەنها بۆ ئەوەیە بیر خۆمان بخەینەوە ئامانجی گەل گۆڕانێکی ریشەیییە لە کۆی سیستەم. پێویستمان بە سیستەمێکە کە دەزگاکان لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و لێهاتویی و دڵسۆزیی پۆستەکان دابەشبکات نەک لەسەر بنەمای کێ زیاتر لەسەر گۆڕی تاڵەبانی و بارزانی فرمێسکی تیمساحیی دەڕێژێت. 

ئامۆزاکان لە هەولێر و سلێمانی هۆکاری زۆربەی هەرە زۆری نەهامەتییەکانی گەلی ئێمەن، ئەوان کۆی سیاسەت و بزنس و میدیا و پەیوەندیی ئیقلیمیی و دەرەکییان دەستبەسەرداگرتوە. ئەوان هەمو شتێک لە پێناو خۆیان و مانەوەی خۆیان دەکەن، هەمو شتێکیش دژ بە رەوتی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەکەن. ئەوان کێشەن چارەسەریی نین.

گرنگە بیرمان نەچێت؛ سایک\دەرونی ئینسان پێکهاتەیەکی سەیرە، ویستی سامان و ناووبانگ و دەستەڵاتخوازیی، ئەو دەرونەی ئینسانی وێرانکردوە. ئەو روخسارە پێکەنیناوییانەی لەسەر شاشەکان دەیانبینین و بەشەوقەوە لەگەڵ یەکتر دەدوێن، لە ناوەوە داگیرکراون بە بیری شەیتانیی، دڵەڕاوکێ، رق، تۆڵەکردنەوە، شەڕانگێزیی و سترێس و خەمۆکیی. ئەوان لەناوەوە تێکشکاو و روخاون، بۆیە زۆر هیوایەکی کەم هەیە چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکرێت کە ئێمە دەمانەوێت، و ئەو ویستی پێشبڕکێ و ململانێیەش لەگەڵ خزمە هاوتاکان و هاوڕێکانیان لە حیزبدا، ژیان و دەرونیانی شێواندوە و هەر بۆیەشە حوکمڕانییەکی شێواو و نەخۆشیان بەرهەمهێناوە. 

پوختەی قسان، چونکە لاهور تاڵەبانی ئامانجی خۆی و بنەماڵە و هاوڕێ دەروێشەکانی خۆی بو، چونکە هیچ هەلێکی نەقۆستەوە بۆئەوەی بۆمان بسەلمێنێت کە دەیەوێت چاکسازیی ریشەیی ئەنجامبدات، تەنها باڵۆنێک بو لەڕێی میدیای کڕاوەوە فوی تێکرابو. ئێستا ئەو باڵۆنە هێدی هێدی کونی تێدەکرێن و فشدەبێتەوە. ئەوە دەرسێکی باشە بۆ لاهور و هەمو ئەوانەشی ویستێکیان هەیە لەناو سیاسەتدا شت بن؛ بێ هەبونی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی دیموکراتیک و عەدالەتخواز کە دەیەوێت سیستەم بگۆڕێت تا ژیانی خەڵک بگۆڕێت نەک هێرشبکاتە سەر سیستەم بۆ ئەوەی خۆی ببێتە بەشێک، هیچ کەسێک و سەرکردەیەک و حیزبێک ناتوانێت دەنگی گەل بەدەستبێنێت. هەر بۆ نمونەش، مەسرور بارزانی وا خۆی نیشاندەدات زۆر بەهێزە، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ بێهێز نەبوە و کاتێک دەشکێت، هێند خراپ دەشکێت تەنانەت دەروێشە هەرە نزیکەکانی خۆیشی ئێستا لە حکومەت پشتی تێدەکەن. هەر سیاسەتێک نەخرێتە خزمەتی گشتییەوە مەحکومە بە شکست و تێکشکان.

10/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر