كورد و لۆجیكی خولە چەخماخە!

عەتا قەرەداخی

"دەبێ دەسەڵات وابكات، دەبێ كەسی یەكەم وابكات، دەبێ حیزبی یەكەم وابكات، دەبێ حكومەت وابكات، دەبێ و دەبێ...." ئەمە لۆجیكی مرۆڤی خوارەوەو بێ پێگەی كوردە كە فەرمان بۆ سەرەوەی خۆی دەردەكات. فەرمان هەمیشە لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتەوە دەردەچێت و شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە.
هەموو دەسەڵاتێك پێكهاتەیەكی هەرەمی هەیە لەسەر شێوەی پێكهاتەی هەرەمی ئایینی" چۆن لە ئاییندا فەرمان لەلایەن خوداوە ئاراستەی خوارەوە واتە ئادەمیزاد دەكرێت"، سرووشتی هەموو دەسەڵاتێك لە گەوهەردا هەمان سرووشتی دەسەڵاتی هەرەمی ئایینیە. لە هەرەمی ئایینیدا خوارەوە ناتوانێت دژی فەرمانی سەرەوە واتە خواوەند رابووەستێت یان رەتی بكاتەوە. لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و كەلتووری مەعریفیشدا هەمان میكانیزم كاردەكات. لوتكەی هەرەمی هەریەكە لەم دەسەڵاتانەش تەنیا فەرمان دەكات و خوارەوە ناتوانێت فەرمان بەسەرەوە بكات چونكە گەوهەری دەسەڵات و هێز ئاراستەی فەرمان دیاری و دەستنیشان دەكات و هەمیشە جوڵەو ئاراستەێ فەرمان لە پنتی هێزەوە دەردەچێت و بەئاراستەی خوارەوە یان بێ هێز دەڕوات و خوارەوە یان بنكەی هەرەمەكە ناتوانێت بیوەستێنێت یان رەتی بكاتەوە. لەڕاستیدا خوارەوە تەنیا گوێگرو جێبەجێكەرە تەنانەت لە شۆرش و راپەڕینە جەماوەرییەكانیشدا پرۆسێسی پێكهێنانی دەسەڵاتێكی تر هەیەو ئەوەی بەرامبەر بە لوتكەی دەسەڵات دەوەستێت جەماوەر نیە بەڵكو ئەو كۆرپەلەی دەسەڵاتە نوێیەیە كە جڵەوی جەماوەری گرتووەو بووەتە دەسەڵاتی ئارستەكردنی جەماوەر بە مەبەستی روخاندنی دەسەڵاتی ئێستاو دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆی لە شوێنیدا، لەم روانگەیەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان یەك سرووشت و گەوهەریان هەیەو تەنیا سیماو روخساریان جیاوازەو هیچ دەسەڵاتێك گوێ لە بنكەی هەرەمەكە ناگرێت و تەنیا ئەوەندەیە دەیەوێت پێگەی خۆیی لەسەر دابمەزرێنێت و خۆیی لەسەر بەهێزبكات.

هەر بۆیە ئەو شێوە فەرمانكردنەی كە بەشەكانی خوارەوەی كۆمەڵ و تەنانەت حیزب و دەستەو گورپە بچووكەكان و تاكەكەسەكان دەیكەن لە رووی زانستی زمان و كۆمەڵایەتیشەوە دەلالەتی نەزانی و بێ ئاگایی ئەو تاكەكەس و دەستەو گروپانە هەڵدەگرێت چونكە ئاراستەی فەرمان هەمیشە لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە..

ئەمە لۆجیكێكی سادەیە بەڵام نەك مرۆڤی سادەی كورد بەڵكو بەشێك لە نوخبەی سیاسی و حیزبەكان و بەناو رۆشنبیرو بەرپرسی خوار لوتكەی هەرەمی دەسەڵات هیچیان فێری نەبوون چونكە روبەرێكی فراوان لە كۆمەڵگەی كوردی بە تاكەكەس و دەستەوگروپ و سیاسی و حیزبی سیاسیشەوە بە لۆجیكی خولە چەخماخە كاردەكەن... ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایەو لە روانگەی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتیەوە سەیری كورد بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین كورد پێكهاتەیەكە زۆرێك لە بنەماكانی كۆمەڵگەی ئاسایی نیە، ئەمەش یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی مانەوەیەتی وەكو كۆمەڵگەیەكی سەرەتایی و پێش نووسین واتە پێكهاتەیەك لە دەرەوەی مێژوو، پێكهاتەیەك قسەدەكات" فەرمان دەكات" خۆی گیڤ دەكاتەوە، یەكتر دەبڕێت و دەكوژێت" بەڵام ناتوانێت رووداو دروست بكات" رووداوێك كە بوونی ئەو بسەلمێنێت و بیهێنێتە ناو مێژووەوە. ١١-٦-٢٠١٩

12/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر