یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم

د.یوسف محەمەد سادق
هەر لە سەرەتای تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەم دامەزراوەیە، وەک سەفقەیەک بەرامبەربە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دروستکرا، نەک پێویستیی هەرێمی کوردستان و سیستمی حوکمڕانییەکەی بە بونی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە. هەر ئەو کاتیش "کاک نەوشیروان" زنجیرەیەک وتاری سەبارەت بەم پرسە نوسی و، ڕەخنەی جدیی لە یاساکە گرت.!
هەمیشە جەختمان کردۆتەوە کە ئێمە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانین هاوشێوەی بەغدا. بەو مانایەی:
1-سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، نەک لەناو خەڵک
2-دەسەڵاتەکانی شکڵی بن
3-لە ژێر چاودێریی پەرلەمان بێت.
هەر بۆیەش نە لە ڕابردو و نە لە ئێستاش لە پێناو بەستنی سەفقە بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێک چ لە بەغدا و چ لە هەرێم نەمانویستوە و نامانەوێ کارکردن بەم یاسایە دریژە بکێشێت. ئەو کاتەشی دژی درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بوین و داوای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیمانکرد، پەیوەندیی بە کێشەی شەخسی و دژایەتی کردنی هیچ کەسەیاتییەکەوە نەبو، بەڵکو لە ڕوانگەی بڕوا بونمانەوە بو بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم. هەر بۆیەش لە ئێستا و داهاتوشدا لەگەڵ ئه‌نجام دانی هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم نین، بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆکایەتیی هەرێم، تەنانەت ئەگەر کاندید بۆ ئەو پۆستە گۆڕانیش بێت.

ئێستا کە هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم بە هۆی تەواو نەبونی نیسابی یاساییەوە تەواو نەکرا، باشترە تا کاتی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم بۆ پەرلەمانیی تەواو لە ڕێی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم یان پەسەندکردنی پڕۆژەی دەستورێکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە، کارکردن بەو یاسایەی کێشەی بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی پەرلەمانیی تەواو لە کوردستان دروستکردوە ڕابگیرێت. هەڵبەت لێرەدا خستنەڕوی دو تێبینی بە گرنگ دەزانم:
1-هەر کات بویسترێ پێش پەسەندکردنی دەستوری هەرێم، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجام بدرێ، ئەوا هەر بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆکایەتیی دەکرێت کە مافی خۆ کاندیدکردنی تەنها بە دو خول دیاریکردوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەو پڕۆژەیەی ساڵی ٢٠١٣ وەک لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەمواری پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان، ئامادەمانکردوە، مادەی ٦٣ی پڕۆژەکەمان ئاوا داڕشتۆتەوە:
ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵە، کە لە ڕۆژی سوێندخواردنیەوە دەستپێدەکات و، دەکرێ تەنها بۆ ویلایەتی دوەمیش هەڵبژێردرێتەوە بە پێی ئەم دەستورە و یاسا کارپێکراوە پەیوەندیدارەکان
واتە هەر کەسێک تەنها دو جار مافی خۆ کاندید کردنی هەیە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی بێت یان دەستور.
کەواتە ئەو ئیددیعایە ڕاستنیە کە لە خولی داهاتوی پەرلەمان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم بۆی دەبێ جارێکی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکاتەوە.
٢-یاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێم بۆ ڕاپرسی، زامنی هێنانەکایەی سازانی کردوە لەسەر پڕۆژەی دەستورەکە، چونکە لە مادەی پێنجەمی یاساکەدا، ئەوە چەسپاوە کە پەسەندکردنی پڕۆژەی دەستور پێویستی بە دو سێیەکی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە.
ئێمە سورین لەسەر پرەنسیپە جێگیرەکانمان و لە خولی ئایندەی پەرلەمانی کوردستانیش هەر کار بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی حوکمڕانیی خەڵک سالار ئەکەین.
ئەم یاسایەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان پەسەندکرا هەنگاوێکی گرنگە بۆ وەستاندنی هەڵەیەکی دیکەی ڕابردو و، ڕێککەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانیی تەواو لە خولی داهاتوی پەرلەمان.

12/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر