تاوانبارانی هەڵەبجە، لە زبڵدانی میژوودان!

د.یوسف محەمەد سادق
 هاوڵاتیانی خۆشەویست، کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە، ئازادیخوازانی دونیا، هەمو ساڵێک لە رۆژی ١٦ی ئازاردا، گەلی کورد لە سەرتاسەری دونیا یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکاتەوە، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە دڕەندانەترین شێوەو بە چەکی کیمیاوی زیاتر لە ٥ هەزار هاوڵاتی ئەو شارە کوردپەروەرەی شەهید کردو هەزاران هاوڵاتی ئاوارەو دەربەدەر کرد. ئێستا ئێمە کەیادی ٢٧ هەمین ساڵیادی کیمیابارانی ئەو شارە دەکەینەوە، تاوانبارانی ئەو تاوانە گەورەیە لە زبڵدانی مێژوودان و لەدونیادا پاداشتی بەشێک لەو تاوانە گەورەیەیان وەرگرت.
هاوڵاتیانی خۆشەویست، دانیشتوانی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگر، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، شەرەفی دوو کاری مێژوویی گەورەمان پێبەخشرا کە بۆ هەڵەبجەی بکەین، یەکەمیان بڕیاری بوونی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی هەرێمی کوردستان و دووەمیان یاسای بەپاریزگابوونی هەڵەبجە، ئەم دوو بڕیارە پەرلەمان، خەڵکی کوردستان شانازی پێوە دەکات. بەڵام پێویستە شانبەشانی ئەم دوو بڕیارە گرنگە لایەنە پەیوەندارەکان زەمینەسازی بکەن بۆ خزمەتکردن و بووژانەوەی ژێرخانی ئابوری ئەو شارەو چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیاوی. تەنها بەم ڕێگەیە ڕۆحی شەهیدان ئارام دەبێت و هەڵەبجە و هەرێمی کوردستانیش دەبێتە سیمبولی ئاوەدانی و پێشکەوتن لە دونیادا.
لە کۆتایدا و لە ٢٧ هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەمو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و هیوای ئاوەدانی و پێشکەوتن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ هەمو لایەک دەخوازین.
د.یوسف محمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٦ی ئازار


16/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر