بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماریو ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، لە ھەڵبژاردنە دووبارەکەی شارەوانیی ئەستەمبوڵدا، بۆ جاری دووەم لە بنعەلی یلدرم-ی کاندیدی ئەردۆغانو دەسەڵاتی بردوەتەوە.
پێشەکی با ئەوە بڵێم کە من وەک کوردێک ھیچ ھیوایەکم بە ھیچ یەکێک لەو دوو کاندیدە نەبووەو نیە. یڵدرم کاندیدی دەسەڵاتێکە کە ئەگەرچی لەسەرەتادا خۆی وا نیشان دا دەیەوێ کێشەی کورد لە باکوور بە رێگەیەکی دیموکراتییانە چارەسەر بکات، بەڵام زۆری نەبرد، کاتێک پێگەی خۆی قایم کردو بۆی دەرکەوت کورد تەنھا بە مەرجی چارەسەرەی بنەڕەتیی کێشەکەی ئامادەیە پشتیوانیی لێبکاتو نابێتە کۆیلەی، لە سەرۆکە ناسیونالیستو رەگەزپەرستەکانی تورک خراپتر، یان لانیکەم رێک وەکو ئەوانی بە کورد کردو بەبەرچاوی جیھانی سەدەی بیستو یەکەمەوە ھەرچی بەردەستی کەوت وێرانی کرد.
ھەرچی ئیمام ئۆغڵو-ی رکابەریشە، کاندیدی (جەھەپە) حیزبەکەی مستەفا کەمال ئاتاتورکەو ھیچ مافێکی راستەقینە لەبەرنامەی سیاسیی ئەو حیزبەدا بۆ کورد بوونی نیە.
بەڵام ئەوەی وادەکات بردنەوەی "ئۆپۆزسیۆن" لە دەسەلاتی تورکیا باشترو ئیجابیتر بێت ئەوەیە، دۆڕاندنی ئەستەمبوڵ لووت شکاندنێکی گەورەیە بۆ حیزبی دەسەڵاتدارو خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵدەدەن دیکاتۆرییەتێکی دیکە لە تورکیادا بسەپێنن، دیکاتۆرییەتێک کە لە رووی ئازادیو مافەکانی مرۆڤو مافی کوردیشەوە، ئەگەر لەوانی پێش خۆی خراپترو ترسناکتر نەبێت، ئەوا بێگومان ھیچی لەوان کەمتر نیە. دیکتاتۆرییەتێکە بە ناوی ئاینو ئیسلامو ئیمانەوە دەیەوێ حوکمی رەھای حیزبو سەرۆکەکەی بسەپینێتو بە جۆرێک لەجۆرەکان مۆدێلی تورکە عوسمانییەکان لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا دووبارە بکاتەوە، دیارە لەپێش ھەمووشیانەوە لەکوردستاندا.
لێرەشەوە پێم وایە ھەڵوێستی پارتی گەلانی دیموکراتی (ھەدەپە)، بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆن، لەم ساتەوەختەی مێژووی تورکیادا، ھەڵوێستێکی راستو عەقلانیو ئازایانە بوو. ھەڵوێستێک کە بە گەمەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی کاتی بەڕووی عەبدوڵڵا ئۆجەلانداو رێگەدان بەوەی لەگەڵ پارێزەرەکانی دیدار بکات، بێ ھیچ ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی کێشەی کورد لە باکوور، ھەڵنەخەڵەتاو ستراتیجییانە بیری کردەوە: لەم ساتەوەختەدا گرنگترین ئەرکی سیاسیی ئەوەیە رێگە لە دیاکتاتۆریەتێک بگیرێ کە دەستی بە خوێنی دەیان ھەزار ھاوڵاتیی کوردی بێدەرەتان سوورە، چونکە ھەتا ملاملانێو پەراوێزی فرەییو مانۆری سیاسی لەئارادا بێت، ھیوایەک بە گۆڕانکاریو بەرەپێشچوون دەمێنێ.