لە رۆژی دادگاییکردنی بەدەل بەرواریدا ئەنجومەنی وەزیران "پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ" پەسەند دەکات!

ئاسۆس هەردی

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بینەری ئەڵقەیەکی نوێی زنجیرەی ئەو (تراجیدی-کۆمیدی)یە بوون کە لە ناوخەڵکدا بە دادگایی کردنی گیراوەکانی بادینان ناسراوە. ئەڵقەی ئەمجارە تایبەت بوو بە هەردوو چالاکوانی سەربەرز مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی. زنجیرەیەک کە تەنانەت زۆرێک لایەنگرانی دەسەڵاتدارانی کوردستانیش شەرمی لێدەکەن و دەزانن جگە لە پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای مافی ئەو زیندانییانە بە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و جیهانەوە، هیچی تر نیە. ئەم زنجیرەیە کە ئامانجی چاوترسێنکردنی ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە بوێرانەو لە رێی ئەوانیشەوە چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستانە، نەک هەر بەو ئامانجە نەگەیشتووەو ناگات، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیاتر سیمای هەرێمی کوردستان لەسەر شانۆی جیهان و ناوچەکە ناشرینتر دەکات. ئەوەتا ئەو گیراوانە هەموو ئەڵقەیەکی نوێی دەکەنە بۆنەیەک بۆ راگەیاندنی سووربوونیان لەسەر هەڵوێست و قەناعەتەکانیان و هەر جارەیش تۆماری هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لای رێکخراوەکانی چاودێریی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕادەربڕین، رەشتر دەبێت.

رێک ئا لەم رۆژەدا، ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێ "پلانی نیشتمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ" پەسەند کردووە! 

وڵاتێکی سەیرە کوردستان!

بە زەبری چەک و پارە هەڵبژاردن "دەبەنەوە!"، کەچی دەڵێن بە دەنگی خەڵک هاتووین!

لەوەش سەیرتر!

بە دەنگی بەرز دەڵێن "ئێمە یەک کورسیش بێنین هەر وەک خۆمان دەمێنینەوە"!

خۆیان "سەر"ی گەندەڵین، کەچی دەڵێن چاکسازی دەکەین، گەندەڵی لە سفر نزیکبۆتەوە!

ئەوەی لەم وڵاتەدا بەهای نەبێ و حسابی بۆ نەکرێ، مافی مرۆڤەو رۆژانە هەموومان بە چاوی خۆمان ئەڵقەکانی پێشێلکردنی دەبینین، کەچی " پلانی نیشتمانیی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ" رادەگەیەنن!...

درێژە لیستی سەیروسەمەرەکانی ئەم وڵاتە

15/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر