مێژوی راپەرینی خوێندکاران لێرە و لەوێ!

سەلاح رەشید

راپەرینی خوێندکاران و لاوان لە قۆناغ و کات و شوێنی جیاوازدا لەم ساڵانەدا، چەندەها جار دوپات بونەتەوە، راپەرینی ساڵی شەستەکان لە پێناوی یەکسانی مافی هاوڵاتیبونو دژ بە چەوسانەوەی رەشپێستەکان و دژ بە سیاسەتی رەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و ئەوجا دژ بە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە زۆر وڵاتانی تری گرتەوە، لەوانە لە سەرەتای ١٩٦٠ وە لە ئەڵمانیای رۆژئاوا، لە مایسی ١٩٦٨ لە فەرەنسا و ئینجا بۆ هۆڵەندا، ئینگلتەرا، یابان، ئیتالیا و مەکسیک و پراگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیای جاران و پۆڵۆنیا.

ئەم راپەرینانە تەنها خۆی لە داخوازی خوێندکاریدا نەدەبینیەوە، بەڵکو ناوەرۆکێکی سیاسیشی هەبو کە دژ بە شەری ڤێنام و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو بو.

دینەمۆی ئەم راپەرینانە خوێندکاران و لاوان بون،  زوربەیان لە زانکۆکانەوە سەری هەڵدا کە جگە لە داخوازیە سیاسیەکان، داوای گۆرینی ریشەیی لە سیستەمی زانکۆ و خوێندن و شێوەی خوێندن و دابینکردنی زەمینەی لەباری خوێندنبو بۆ هەموان.

ئەم خۆپیشاندانانە، هاندەرێک بون بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاران لە فەرەنسا، هوڵندا و ئیتالیاش، هەروەهاروداوە سیاسی و ئابوریە گرنگەکانی ئەو کاتانە لە جیهاندا، کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێش چونی بزوتنەوەی خوێندکاران و هێنانی خوێنی تازە و گەرم بە لەشی بزوتنەوەکەدا، لەوانە شۆرشی کوبای کانونی دوهەمی ١٩٥٩ و شەڕی دژواری ڤێتنام (١٩٥٥-١٩٧٥) و دروستکردنی دیواری بەرلین لە ١٩٦١ و کوشتنی بینۆ ئۆنەزۆر کە لە ٢حوزەیرانی ١٩٦٧ لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە بەرلینی رۆژئاوا دژ بە هاتنی شای ئێران بۆ ئەو شارە، ئەم روداوانە و روداوی هاوشێوەی تر، هەموی وەک بەنزین وابون بەسەر ئاگردا بکرێ و ئەو خۆپیشاندانانە لە زوربەی زانکۆکانی ئەوروپا و بە تایبەتی لە فەرەنسا (پاریس) و ئەڵمانیا (بەرلین) هەنگاو بە هەنگاو گەرورە  و گەشە دەکرد و دەسەڵاتداران ناچاربون کە مل بۆ زۆر لە داخوازیەکانیان شل بکەن..

ئەو راپەرینانەی کە لە ئەوروپا لە دوای خۆپیشاندانەکان رویاندا، کە بە شۆرشی ئیکۆلۆگی ناوبرا، داوای پەکخستنی وزەی ئەتۆمیان دەکردو ئەم بزوتنەوەیە کاریگەری کردە سەر دامەزراندنی کۆمەڵێک هێزی سیاسی چەپ، لەوانە ( بزوتنەوەی سەوز) لە زۆر وڵاتی ئەروپا، تا گەیشتە ئەوەی کە لە هەندێ وڵات بۆ نمونە(ئەڵمانیا) ئەو هێزە نوێیە کە لە ئەنجامی خەباتی مەدەنی و خوێندکاری هاتبوە کایەوە، لە هەڵبژاردنەکاند بیباتەوە و لە هەندێ حکومەتیناوچەکان یان مەرکەز بەشدار بن و پۆستی زۆر باڵایان بەر کەوێت و یەکێک لە رابەرە خوێندکارەکانی ساڵی شەستەکان ( یۆشکا فیشەر) لە ١٩٩٨-٢٠٠٥ ببێت بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فیدراڵ. 

ئەو ریفۆرمەی ئێستا لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەوروپا هەیە، بەرهەمی ئەو ساڵانەیە کە بێ وچان خەباتی مەدەنیان کردوە..
لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا،تا ئیستا خوێندن لە زانکۆ بەخۆراییە، هەمو خوێندکارێک کە باری ئابوری گونجاو نەبێت، مافی هەیە داوای یارمەتی خوێندن بکات لە حکومەت، ئەم یارمەتیە لە شێوەی قەرزدایە و کاتێ خوێندکارەکە دوای چەند ساڵێک کاری دەست دەکەوێت و داهاتەکەی باش و گونجاو دەبێت، ئەتونێت مانگانە بەشێ بداتەوە بە حکومەت، ئەگەر موچەکەی کەم بێت، ئەو هیچ ناداتەوە، وە ئەگەر پارەی هەبێت و بتوانێت هەمو بەیەکەوە بدات، ئەوا لە نیوەی قەرزەکەی خۆش دەبن.

خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان لە گۆرەپانی تیامین لە پەکینی پایتەختی چین لە ٤ حوزەیرانی ١٩٨٩، راپەرینێکی ئازایانەی کەم وێنە بو لەو وڵاتەدا، کە بوە هۆی کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە ٢٦٠٠ هاوڵاتی لە چەند ناوچەیەکی چین، ئامانجی ئەم راپەرینە ئەوە بو، کە ئەو گۆڕانە سیاسیانە لە وڵاتانی کۆمۆنیستی جارانی وەک یەکێتی سۆڤێت، پۆلۆنیا و هەنگاریا رویانداو، روو بکاتە چین و ئەمانیش دەست بکەن بە ریفۆرم، بەڵام دەسەڵاتداران بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دانەوە.

مێژوی خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان زۆر و بەرفراوانە، کەم وڵات هەیە کە جوڵانەوە و پرۆتێستی گەنجان و خوێندکارانی تێدا رونەدابێت..

بێگومان کوردستان بەدەر نیە لەم یاسایە، کە لاوان و خوێندکاران خەباتیان کردوە و ئەیکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی خوێندن و ژیان و دابینکردنی فەزایەکی گونجاوی یەکسان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و دوایش دابینکردنی فرسەتی کار..

خۆپێشاندانی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٧٦، ١٩٨٢، ١٩٨٤ دژ بە رژێم و بە بەعسی کردنی سیستەمی خوێندن و ئەوجا دژ بەو چەوسانەوە نەتەوایەتیەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد پەیرەوی دەکرد، واتا داخوازی پیشەیی بە ناوەرۆکێکی سیاسی.. ئەمە لە کاتێکدا کە نەک خۆپیشاندان بە فیشەک و گرتن وەڵام ئەدرایەوە، بەڵکو هیچ فەزایەکی ئازادی لە ئاسمانی کوردستاندا بەدی نەئەکرا.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە کە خوێندکاران لەو کات و ساتەدا، ئازایانە و جوامێرانە بەگژ دام و دەزگای بەعسدا چونەتەوە و داوای سادەترین مافی خۆیانیان کردوە، چۆن دەبێت خوێندکاری ئیمرۆ سڵ بکاتەوە لە خۆپێشاندان وەک ساڵەکانی حەفتا و هەشتاکان ترسیان لە پولیس و دەزگای دژە تێرۆر  حکومەتی هەرێمی کوردستان وحیزبە کوردیەکان هەبێت؟؟

چەند خۆپیشاندانی خوێندکارانی سەردەمی بەعس رەوا بوە، بە هەمان شێوە ئەم خوپیشاندانی ئەم سەردەمەش رەوایە..

ئەم خۆپیشاندانانە، سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵدانێکە بۆ ریفۆرم لە زانکۆکان و چاککردنی بژێوی ژیانیان و برینەوەی دەرماڵەیەک و چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان تێیدا و ئەوجا داوایەکە بۆ چاوخشانەوەیەک بە  پارەکردنی خوێندن لە زانکۆکاندروستکردنی ئەم هەمو زانکۆ تایبەتە کە ژمارەیان لە زانکۆی حکومی زۆر زیاترە کە بۆتە بەهۆی دروستکردنی دو توێژ لە خوێندکار و ئەوجا دوجۆر لە دەرچو لە زانکۆ و دو جۆر لە دامەزراندن دوای خوێندن.

هەروەها خوێنکارانداوای دورخستنەوەی دەستی حیزب لە کاروباری زانکۆ و گەڕانەوەی هەیبەتی زانست دەکەن بۆ زانکۆ و ئەوجا چاودێری مامۆستایە لە وەرگرتنی پلە و پاییەی زانستی تێدا.. ئەم داخوازیانە هەموی لە پێناوی دوارۆژێکی روناکە بۆ زانکۆ و پێگەیاندنی خوێنکارێکی پڕ لە زانست و مەعریفە..

مێژوی خۆپیشاندانەکانی هەمو وڵاتان نیشانی دا، کە خواست و داوای رەوا، هیچ کاتێ و لە هیچ شوێنێک بە شەق و گازی فرمێسکرێژ و ریزە گولە چارەسەر ناکرێت و کۆتایی نایەت، کەمێ ئەوستێت، پشو ئەدا، جارێکی تر بە تەوژم و تینێکی ترەوە دەست پێ دەکاتەوە و سەرهەڵئەداتەوە تا ئامانجە رەواکانیان نەهێنە دی.

داخوازی خۆپیشاندەران، سەرەڕای رەوایی، لە ناوەرۆکدا داخوزای هەمو میللەتە لە پێناوی  ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، دوارۆژی روناک تەنها بە خوێندن دێتە دی و سەرکەوتنی خوێنکار بەستراوە بە دابینکردنی پێویستیەکانی خوێندنەوە. 

خوێندکاری سەرکەوتو، هیچ کاتێ لە جەوەی بێ دەرامەتی و نەگونجاو و دڵەراوکێدا سەرکەوتو نابێت، هەر کاتێ دوارۆژی خوێندکار تاریک بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە دورۆژی گەل و نیشتیمانیش روناک نابێت.

گرنگ و پێویستە هەر هەمومان پشتگیری داخوازیەکانی خوێنکاران بین، لەو روانگەیەوە کە ئایندەی گەشی گەلەکەمان لە بەشێکی زۆری لە داخوازیەکانی ئەواندا خۆی ئەبینێنەوە..

بە دەسەڵاتداران کوردستان هەوڵ نەدەن کە ئەم خۆپیشاندانە بەهێزو ترس دابمرکێنەوە و بەزۆر کپی بکەنەوە، چونکە بە دڵنییاوە سبەینێ نا دوسبەی بە شێوەی تر و لە کات و ساتی تردا سەرهەڵئەداتەوە.


27/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر