کوردبونی سەرۆک کۆماری عیراق چی لە دۆخی کورد ئەگۆڕێت ؟

پەیمان عێزەدین


هەر چوار ساڵ جارێک زۆرینەمان ئەکەوینەوە ناو قوڵایی ئەو بازنە بچوکەی تێڕوانینی سیاسی کە ساڵانێکە پارتی و یەکێتی ئێمەیان تیا قەتیس کردووە ، بەمەرجێک ئەگەر دیقەت لە ڕۆڵ و ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار بدەین لەدەستوری عیراقدا ئەوا ئاسان تێئەگەین کە ڕۆڵی سەرەکی سەرۆکی کۆمار ڕۆڵێکی تەشریفاتیە و ئەرکی سەرەکیشی پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عیراقە وەک ئەوەی لە ماددەی ٦٧ ی دەستوری عیراقدا هاتووە.

لە ڕوی دەسەڵاتەکانیشیەوە کە لە ماددەی ٧٣ ی دەستوردا باسکراوەو  دەسەڵاتەکانی دەستنیشان کردوە کە بریتین لە :

- دەرکردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. 
- پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەریان.
- پەسەندکردن و دەرچواندنی ئەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن .
- بانگهێشت کردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بۆ گرێدانی یەکەم دانیشتنیان.
- بەخشینی میدالیا و نیشان لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران .
- رازامەندیدان لەسەر باڵیۆزی وڵاتان .
- دەرکردنی مەرسومە کۆماریەکان .
- پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان .
- هەڵدەستێ بە ئەرکی سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکان لە بۆنەکان و بۆ مەبەستی تەشریفاتی .
جا بە وردبونەوە لە دەسەڵاتانە ئەبێ بەرچاوڕونبین لەوەی کە نەک تەنیا بە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی هیچ لە دۆخی کورد ناگۆڕێ بەڵکو گواستنەوەی ململانێکە بۆ نێوان کورد و نەتەوەکانی تری عیراقیش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
خۆ ئەگەر لەناو دەق و ماددە دەستوریەکانیش بێینە دەرەوە و ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی پێشوو بکەینە پێوەر ،ئەوا نە لە سەردەمی سەرۆکایەتی مام جەلال و نە دکتۆر فوئاد مەعسوم و نە دکتۆر بەرهەمدا هیچ گۆڕنکاری لە دۆخی کورددا ڕوینەداوە .
بۆ نمونە بەهۆی کوردبونی سەرۆک کۆمارەوە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ هیچ تیژڕەوی یا چونەپێشەوەی بەخۆیەوە نەبینی ، سەرۆک کۆمار کورد بێ یا عەرەب ناتوانن  ئەنجومەنی نوێنەران ناچار بکەن بە زیادکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ،هەروەک چۆن ناشتوانن ئەنجومەنی وەزیران والێبکەن بێ گوێدانە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و شاردنەوەی لە عیراق ، بەشە بودجەکەی بە تەواوی و لەکاتی خۆیدا بنێرن.
لە ڕوی مافە نەتەوەییەکانیشەوە سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە و لەئێستاشدا هەر ناتوانێ دان بە سەربەخۆیی هەرێم و ریفراندۆمەکەیدا بنێت.
هەموشمان ئەبینین کە سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە هێرشی تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کورساتان ڕابگرێت.

هەموو ئەمانەش پەیوەندی دور و نزیکیان بە باشی و خراپی ، زیرەکی و گێلێتی ، پاکی و گەندەڵی سەرۆک کۆمارەوە نیە ، ئەمانە شتگەلێکن کە دەستوردەستنیشانیان ئەکات ،بۆیە  سەرۆک کۆمار کورد بێ یا عەرەب یا تورکمان هیچ لە دۆخی کورد ناگۆڕێ ئەوەندە نەبێ کە کەسێتیەکی تری وەک پاپای ڤاتیکان سەردانی عیراق بکات و سەرۆک کورد بێ بۆ چەند ڕۆژێک هەستی شۆڕشگێڕی و گوڕوتینی کوردایەتیمان بەرزئەبێتەوە کە ئەمەش بەداخەوە زیاتر ئەمانلکێنێ بەو هەستە ساختەیەی کە تەنیاو تەنیا خزمەت بە مانەوەی پارتی و یەکێتی ئەکات.

ئەوەی لە ئێستادا دوژمنی سەرسەختی دادپەروەری و یەکسانی و دیومکراسیەتە لە هەرێمی کوردستاندا ، یەکبون و تەبایی و هاوڕا بونی پارتی و یەکێتیە چونکە بنەمای یەکبونی ئەو دوو پارتە بەژەوەندی ئابوری و دابەشکردنی خێروبێری هەرێمە لە نێوانیاندا نەک خۆشگوزەرانی خەڵک و سەروەری یاسا و قەدەغەکردنی قۆرخکاری و گەندەڵی ئاشکرا ، ئێستاش خاڵی ناکۆکییان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ پەیوەندی بە مافی کورد و ئایندەی ئەم گەلەوە نیە لە عیراقدا ، پارتی و یەکێتی وەک دەستکەوتێکی ماددی چاویان لەو پۆستەیە و تەنیا بەژەوەندی ئابوریە کە ئەتوانێ درز بخاتە نێوان ئەو دوانە .

هیوادارم نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی نەچنە ژێر کاریگەری هەستی نەتەوایەتی ساختەوە و دڵنیابن لەوەی ئەو پۆستە هیچ پەیوەندیەکی بە مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە نیە ، سەرۆکی کۆمار لە ڕوی مەعنەویەوە رەمزی عیراقە و لە ڕوی ماددیەوە قازانجە بۆ یەکێتی یا پارتی ئەگەر کورد بێ .


24/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر