پارتی لە نێوان دوو هەڵوێستدا

پەیمان عێزەدین
لە بەغدا ئەمە دووجارە و کەسیش نازانێ چەند جاری تری بەدوادا دێت بارەگاکەی پارتی ئەکەوێتە بەر هێرشی خۆپیشاندەران و ئەسوتێندرێت و تێک ئەدرێ بەسەریەکدا و بە دڵنیایی مەترسی بۆ سەر ژیانی کادیران و پاسەوانانی ئەو حیزبە دروست ئەکات بەڵام پارتی لەبەرامبەردا نەک سکاڵا ناکا و کەس بەتاوانبار نازانێ بەڵکو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەفەرمانی مەسعودبارزانی بارەگاکەی خۆی تێک دەدات!!! ، ئەمە لەکاتێکدا کە پارتی ئەیتوانی تەقە لە خۆپیشاندەران بکات ، دەزگا ئەمنیەکانی بخاتەگەڕ و ناو وناونیشان و بنەچەی هەموو ئەوانە بدۆزێتەوە کە لەسەر وێنەی سەرۆک و ڕابەرەکانی پارتی هەڵئەپەڕین و ئاگریان بەرئەدایە بارەگای لقەکە.

لە سلێمانی کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەران بەردئەگرنە لقەکەی پارتی و پەنجەرەکان ئەشکێنن بەڵام لەبەرئەوەی بەرپرس و کادرانی لق لە گیانی خۆیان ترساون بۆیە بەرگری لە خۆیان ئەکەن و بەتەقەی ڕاستی گەنجانی سلێمانی ئەکوژن .

ئەوەی لە سلێمانی و بەغدا ڕویاندا دوو ڕوداوی هێرشکردنن بۆسەربارەگای هەمان حیزب ،لەسلێمانی تەنیا پەنجەرەی لق شکێنراوە و لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران کوژراون و بریندار کراون، لەبەغدا تەواوی لقەکە خاپور ئەکرێ و سوکایەتی بە سەرۆک وبڕیاربەدەستانی پارتی ئەکرێ بەڵام کەس بەتاوانبار نازانن.

هەڵبەتە من لەگەڵ هەڵوێستی دووەمم بۆ هەموو حیزبێک کەهیچ ڕوداوێک هێڵی سوری خەڵک کوشتنی پێنەبەزێنێ بەڵام کەئەم دووفاقیە زۆر ڕونە لەهەڵوێستی هەمان حیزب ئەبینی هەقی خۆمانە بزانین. 

ئاخۆ پارتی کام هەڵوێستەیانی لاڕاستە؟ بۆ کوشتن و گرتن و لێدانی گەنجی کوردی لائاسانە و لەدەرەوەی شارەکانی هەرێم حیزبێکی مەدەنی دژ بە توندو تیژیە؟ ئەگەر پارتی پێی وایە هەڵوێستەکی بەغدای هەڵوێستە ڕاست و مەدەنیەکەیە ،بۆ لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک هەمان حیزب نیە بەهەمان بڕواوە؟

یان لە بنچینەدا بابەتەکە پەیوەندی بە بۆلوانەوە هەیە و پارتی ئەزانێ ئەوەی لە هەرێم بۆی ئەلوێ و لێی قبوڵئەکرێ ، لەعێراق قبوڵکراونیە؟

04/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر