دابەزینی نرخی نەوت و کوردستان

د. شێرکۆ کرمانج

ئێستا لەم چرکە ساتە نرخی نەوتی ئەمریکا گەیشتۆتە ژێر سیفر، واتە فرۆشیار دەبێت پارە بدات بۆ فرۆشتنی نەوت. ئەمە نرخی نەوتی وڵاتانی دیکە ناگرێتەوە بەڵام مانای ئەوە نیە کە نرخی نەوتی وڵاتانی دیکەش دانابەزێت. ئێستا گەیشتۆتە ٢٥ دۆلار بەڵام لەوانەیە زیاتر دابەزێت. با یەک دوو قسە لەسەر ئەم پرسە بکەین.

یەکەم، ئەو دابەزینەی نرخی نەوت کاتیی دەبێت، ئەوە ئەو نەوتەیە کە بەرھەمھاتوەو تا ئێستا نەفرۆشراوەو لە بازاڕەکاندا دەسوڕێتەوە، لەلایەک. لەلایەکی دیکە ئەمریکا کێشەی هەیە لە حەمبارکردنی نەوت بۆیە هەر لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە.

دووەم، پاش چەند ڕۆژێک، یان چەند حەفتەیەک، نەوتی بەرھەمھاتوو لە بازاڕەکاندا نامێنێت‌و نرخی نەوتی ئەمریکی‌و وڵاتانی دیکەش وردە وردە بەرزدەبێتەوە.
سێیەم، پرسیار ئەوەیە داخۆ دوای نەمانی ئەو نەوتە لە بازاڕ ئەوکات نرخی نەوت یەکسەر بەرز دەبێتەوە؟ مەرج نیە چونکە ئەوکاتیش داوا لەسەر نەوت زۆر کەم دەبێت.

 

چوارەم، ئەگەر نرخی نەوت وردە وردە بەرزیش بۆوە بەڵام لەبەرئەوەی داوای لەسەر کەمدەبێت بۆیە نەوت کەم بەرھەمدێت، لەبەرئەوە نرخی نەوت نزم بێت یان بەرز زۆر گرنگ نابێت چونکە کڕین و فرۆشتن نابێت، واتە داهاتی ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوت دەبەستن زۆر زەرەری پێدەکەوێت.

پێنجەم، کێشەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم ھەردووکیان بەڕادەی ٩٠٪ ی داھات پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن، بۆیە ئەمە درێژە بکێشێت ماڵوێرانی بەدواوە دێت.

شەشەم، پێویست بەوە ناکات کە پسپۆڕ بیت بۆئەوەی هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بزانین چونکە هەموومان دەزانین تا جیھان کۆڕۆنە تێپدەپەڕنەکات‌و بازاڕ نەگەڕێتەوە باری خۆی نرخی نەوت هەر کەم دەبێت.

حەوتەم، لەبەرئەوە پرسیاری گرنگ ئەوە نیە کە نرخی نەوت چەندە ئێستا بەڵکو داخۆ تێپەڕاندنی دۆخی کۆڕۆنەڤایرۆس چەندی پێدەچێت. بۆ ئەمەیان چاو لە دەستی زانایان لەلایەک‌و حکومەتەکان‌و دکتۆرو پەرستارەکان لەلایەکی دیکەین.

هەشتەم، لەو پرسیارەی سەرەوەش گرنگتر ئەوەیە داخۆ کوردستانیان‌و عێراقییەکان، هەم وەک گەلان هەم وەک حکومەتەکانیان لە خەوی بێخەمی ڕادەپەڕن، داخۆ زەنگی کۆڕۆنەڤایرۆس‌و دابەزینی نرخی نەوت لە خەوی قوڵ بەخەبەریان دێنێت‌و بیر لە فرەسەرچاوەیی داهات‌و خۆبژێوی‌و پشتبەخۆبەستن دەکەنەوە.

من هیوادارم، پێشموایە هەم خەڵکە هەم حکومەتەکان ئەگەری بەخۆداچوونەوەیان هەیە، بەڵام تەنیا کات دەیسەلمێنێت داخۆ هیوایەکەم لەجێی خۆیەتی یان نا.

حکومەت‌و خەڵک بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانە لە هەموو ئەوەی کە ئێستا هەیەو کراوە دەستپێنەکات هەر هەوڵ‌و هەنگاوێک بهاوێژێت بە مردوی لە دایک دەبێت.


21/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر