خەمساردی و پەرتەوازەیی ڕۆڵی کورد لە جێبەجێنەکردنی سیڤەر

د. شێرکۆ کرمانج

بەشی چوارەم (بەشەکانی دیکە لە یەکەم کۆمێنت دانراون)

 
لە ١٩٠٨ کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی کوردی لەلایەن ناسیونالیستە کوردەکان لە ئیستەمبۆڵ دامەزرێنرابوو کە نزیکەی پێنج سەد ئەندامی هەبوو، شەریف پاشا کە دواتر بوو بە نوێنەری کورد لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس ئەندامی جەمعیەتەکە بوو. پێش دەستپێکردنی شەڕ پێدەچێت شەریف پاشا لەگەڵ ئینگلیزەکان لەسەر خەت بووبێت بە مەبەستی زەمانەتکردنی پشتیوانی بۆ کوردەکانی ژێر دەستی عوسمانییەکان بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون، بۆیە زوو کۆڵدەدات‌و لەو کاتە یەکلاکەرەوە مەیدانەکە جێدەهێڵێت‌و ساڵانی شەڕ، ساڵانی بڕیاردان لە چارەنوسی گەلانی ناوچەکە، دەچێت لە مۆنتی کارلۆ نیشتەجێ دەبێت. لە پێش کۆتایی شەڕ، شەریف پاشا دووبارە پەیوەندی بە پیرسی کۆکس، فەرماندەیەکی هێزە بەریتانییەکان لە میزۆپۆتامیا کە دواتر بوو بە نوێنەری باڵای بەریتانی لە عێراق، بەمەبەستی دانانی ئینتیدابی بەریتانی بەسەر کوردستان دا وەک ئەوەی بەسەر میزۆپۆتامیادا جێبەجێکرابوو. لەو سەروبەندەدا شێخ مەحمود، سەرکردەیەکی ناسراو لە باشوری کوردستان، هەمان داوا پێش بە بەریتانییەکان دەکات.

 
لە ٢٢ ی مارس ١٩١٩، شەریف پاشا لە یاداشتنامەیەکدا، بۆ یەکەمینجار لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی گرنگدا کە تێیدا بڕیارگەلی یەکلاوەرەی تێدادەدرا، داواکانی گەلی کوردی خستەڕوو، گوتی "ئێمە داوای سەربەخۆبوونی خۆمان دەکەین، ئەمەش مافێکی ڕەوای قانونی خۆمانە، تەنیا ئەم سەربەخۆبوونەشە ڕێگامان دەداتێ لە پێناو پێشکەوتن‌و گەیشتن بە شارستانیەتدا کۆششبکەین، هەروەها بتوانین بەهرە لە سامانەکانی وڵاتەکەمان وەربگرین‌و لەگەڵ درواسێکانماندا بە ئاشتی بژین." سەرۆکی ئەمریکا، وودرۆ ویڵسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڵۆید جۆرج‌و سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، جۆرجیس کلیمانسۆ لە کۆنگرەکە ئامادەبوون. پێدەچێت یاداشنامەکە یەکێک لە هۆکارەکانی جێگیرکردنی ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بن لەناو پەیمانی سیڤەر.

 
شەریف پاشا لەلایەن بەشێکی گرنگ‌و بەرچاو لە نوخبەی سیاسی کوردی ئەوکات وەک نوێنەر تەماشادەکرا، لەوانە کۆمەڵە سیاسییەکانی تەعاون‌و تەرەقی کورد، تەعالی کوردستان، هیوا، تەشکیلاتی ئیجتیماعی، فیرقەی دیموکراتی کورد، جەمعیەتی ئیستقلالی کوردستان. هاوکات کۆمەڵێک کەسایەتی لە باکوری کوردستان، وەک شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵای نەهری‌و ئەمین عالی بەدرخان، بەرپرسە بەریتانی‌و فەڕەنسییەکان ئاگاداردەکەنەوە کە شەریف پاشا نوێنەری ئەوان‌و کوردە لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس. شێخ مەحمود لە باشور بە فەرمیتر شەریف پاشا بە نوێنەری خۆیان دەناسێنن لە یاداشتێکدا، بەڵام ناگات بە کۆنفرانسەکە.

 
پێش پەسەندکردنی داواکانی کورد لە پەیمانی سیڤەر، ئەگەرچی ناتەواویش بوون، یەکڕیزیی نێوماڵی کورد تێکدەچێت. چەند کوردێک، لەوانە شێخ عەبدولقادر، بە نامەیەک کۆنگرەی پاریس ئاگاداردەکەنەوە کە ئەوان داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن‌ لەناو دەوڵەتی عوسمانی‌و سەربەخۆییان ناوێت. پێدەچێت سۆز بۆ خەلافەتی ئیسلامی لەپشت ئەم هەڵوێستەی شێخ عەبدولقادر بووبێت. شەریف پاشاش توڕەدەبێت‌و پێش مۆرکردنی پەیمانەکە پاریس جێدەهێڵێت‌و هاوپەیمانەکان ئاگاداردەکاتەوە کە ئەو چیدیکە نوێنەری کوردان نیە، ئەمەش کوردی بێ نوێنەر کرد لە سیڤەر.

 
لەپاڵ ئەمە، بوونی ژمارەیەک پێش مەرج‌و پاش مەرج لە پەیوەند بە دامەزراندنی ناوچە ئۆتۆنۆمەکەی کوردستان‌و دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکەی هەندێک لە کوردەکانی ساردکردبۆوە بەتایبەتی بەو سنورەی کە بۆ ناوچە ئۆتۆنۆمەکە دیاریکرابوو کە بەشێکی زۆری لە باکوری کوردستانی دابوو بە ئەرمەنەکان‌و بەشی ڕۆژئاوای زێی فوراتیشی خستبووە سەر تورکیاو هەندێک ناوچەش ئەگەری درانی بە ئێران هەبوو. ئەو کوردستانەی کە لە سیڤەر وەک ناوچەی ئۆتۆنۆم دانی پێنرابوو ٢٠٪ ی ڕووبەری کوردستانی عوسمانی بوو. ئەگەر کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی بخرێتە سەر، ئەوە کوردستانە ئۆتۆنۆمەکەی سیڤەر لە ١٥٪ ی ڕووبەری کوردستانی گەورە دەردەچوو.

 
هاوکات، هاوپەیمانەکان هەندێک ڕوماڵی سەرپێیشیان کردبوو، بۆیان دەرکەوتبوو ئەو ناوچانەی بۆ ئەرمەنیەکان دیاریکراوە لەڕاستیدا ئەرمەنی تێیدا کەمینەیەکی بچوکن‌و سەپاندنی دەوڵەتێکی ئەرمەنی بەسەر زۆرینەیەکی موسڵمانی کوردو تورک ئەرکێکی سەخت‌و شکستخواردوە. لەو یاداشتنامانەش کە نوێنەرەکانی کوردو ئەرمەن لە سیڤەر خسبوویانەڕوو ململانێکان بە زەقی دەردەکەوتن. نوێنەرانی کوردو ئەرمەن پێکهاتبوون لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی لە داواکانی یەکدی بکەن‌و کێشەی سنور نەبێتە مایەی نەوەستانیان لە دژی تورکەکان بەڵام پێناچێت ئەمە لێک تێگەیشتنانە دڵنەوایی هاوپەیمانەکانی دابێتەوە. بەهەرحاڵ، دانی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە پێدەچێت هۆکارێک بووبێت بۆ نزیکبوونەوەی کورد لە تورکە موسڵمانەکان لە دژی ئەرمەنییە کریستانەکان.

 
ململانێی کوردەکان لەگەڵ ئەرمەنییەکان لەسەر خاک، هاوکات، شەڕو ململانێکانی سمکۆی شکاک‌و کوردانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ کرستیانەکانی دەوروبەری گۆلی ورمێ لەوانەیە وێنەیەکی نێگەتیڤی بۆ کورد لای هاوپەیمانان دروستکردبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکرێت کە لەو سەروبەندا پرسی دین‌و پاراستنی کەمینە دینییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاواییەکان زۆر گرنگ بووە. ئەمەش پێدەچێت کوردی خستبێتە سەنگەرێک لە دژی ڕۆژئاواییەکان نەک هاوسەرنگەری ڕۆژئاواییەکان بووبێت بەدژی عوسمانی‌و کەمالیستە موسڵمانەکان. ئەم خاڵە هێندەی دیکە پڕبایەخ دەبێت ئەگەر ئەوە وەبیربهێنرێتەوە کە لەگەڵ هاتنی بەریتانییەکان بۆ ناوچەکە لە ١٩١٥ دا، کوردەکانی باشوری کوردستان بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود هاوسەنگەری عوسمانییەکان بوون لە شوعەیبە، لە نزیک بەسرە، لەدژی بەریتانییەکان کەچی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، عەرەبەکان ڕاستەوخۆ هاوشانی بەریتانییەکان لە شەڕدابوون بۆ دەرپەڕاندنی عوسمانییەکان لە حیجازو شام. دەکرێت ئەمە هۆکارێک بووبێت بۆ پەسەندکردنی عەرەبەکان بەسەر کوردەکان لە پەیوەند بە لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق لەبری سەربەخۆیی.

 
کوردستان وەک مێزۆپۆتامیا (عێراق) ‌و سوریا یەکسەر نەخرایە ژێر ئینتیدابی بەریتانی یان فەڕەنسی لەوانەیە یەکێک لە فاکتەر هەرە سەرەکییەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کوردستان بێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژی مۆرکردنی ئاگربەستی مودرۆس لە خوار زنجیرە چیاکانی حەمرین بوون، واتە نەگەیشتبوونە کوردستان، ئەمەش وایکرد کە هاوپەیمانان بڕیاری سەپاندنی ئینتیداب بەسەر ئەو ناوچانە نەسەپێنن چونکە دەوڵەتی عوسمانی بە بەشێک لە سنوری دەوڵەتەکەی دوای شەڕی دەناساند. هاوپەیمانان پێیانوابوو هەنگاوێکی لەو جۆرە لەوانەیە هەڵگیرسانەوەی شەڕی لێبکەوێتەوە.

 
خاڵی دوازدەی بەیانە چواردە خاڵییەکەی وودرۆ ویلسن بوو بە مایەی چەند ڕاپەڕین لە شوێنی جیاجیا لە کوردستان بەڵام ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ کە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی کوردا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی نەک هەر بە کورد نا بەڵکو بە مافی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نا کەچی هێندە نەبووە هاندەر بۆ ڕاپەڕین‌و بەرجەستەکردنی لەسەر ئەرزی واقیع. کوردەکانی دەرسیمی لێدەرچێت کە لەژێر سەرکردایەتی سەید ڕەزا کە یەکسەر دوای مۆرکردنی سیڤەر ڕاپەڕین‌و داوای سەربەخۆییان کرد بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕاپەڕینەکە لە سنوری کوردە عەلەوییەکان دەرنەچوو و ناوچەکانی وان‌و دیاربەکری نەگرتەوە ئیدی دوای نزیکەی ساڵێک هێزەکانی کەمالیستەکان ڕاپەڕینەکەیان دامرکاندەوە.

 
کوردەکانی باکور زیاتر چاوەڕوانی ئەم‌و ئەودا بوون کە بەندەکانی سیڤەریان بۆ جێبەجێبکەن. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە تورکە کەمالیستەکان لەگەڵ مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر هەموو هەوڵ‌و تەقەلایەکیان دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکە. تورکەکان بە خەستی‌و بە سەختی لە شەڕدابوون لەگەڵ یۆنانیەکان‌و فەڕەنسەییەکان، هاوکات، لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت‌و لە ململانێدا بوون لەگەڵ بەریتانیەکان‌و هەر زووش ئیتالییەکانیان لە گۆڕەپان وەدەرنا. بێجگە لەمە چەندین ڕاپەڕین‌و یاخیبوونی ناوخۆیان سەرکوتکردو سوڵتانی عوسمانیان پەراوێزخست بەڕادەیەک کە ئیعتیرافی نێودەوڵەتیشیان لێسەندەوە.

 
پێچەوانەی کوردەکان کە لە دەرەوەی وڵات چالاکبوون بۆ ڕازیکردنی ئەم لایەن‌و ئەو لایەن، دیارە ئەمەش زۆر بە کرچوکاڵی، تورکەکان لەناوەوەی وڵات هەم زوو هەم بە چڕیی دەستبەکاربوون. مستەفا کەمال لە ماوەی چەند مانگێکدا چەندین کۆنگرەی بەست کە دامەزراندنی پەرلەمان‌و حکومەت‌و سوپای لێکەوتەوە. کەمالیستەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی دەوڵەتداری زوو دامەزراوەو هۆکارو میکانیزمەکانی دەوڵەت‌و هۆکارەکانی پەیوندیان خستەوەکار، وەک تەلەگرام‌و شەمەندەفەر.

کوردەکان لە کاتی شەڕو لە دوای شەڕ، کە دەسەڵاتی عوسمانی بەرەو هەڵشوەشانەوە دەچوو، هەوڵێکی جدی وایان نەدا کە ناوچەکانی خۆیان بخەنەژێر دەستی خۆیان‌و ئیدارەیەک دامەزرێنن‌و لەو پێگەیەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە سازان‌و مامەڵەو شەڕ بکەن. زیاتر لە چاوەڕوانی هێزە هاوپەیمانەکان بوون کە شتێکیان بۆ بکەن. دیار پشتیوانی نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە بەڵام کوردەکان دەبوو لەناوخۆوە ئیدارەو کیانێک دامەزرێنن‌و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن ئینجا چاوەڕوانی پشتیوانی دەرەکی بکەن. تورکەکان لە کوردەکان سەرکەوتوتر بوون چونکە لەسەر بنەمای لەناوەوە بنیاتنان‌و لە دەرەوە دانپێنان ئیشیان کرد. تورکەکان هەردووکیان بەدەستهێناو کوردەکانیش لە هەردوو بوار شکستیان هێنا.

 
لەناوەوە کارنەکردنی کوردەکان ڕێگەی خۆشکرد بۆ تورکە کەمالیستەکان کە ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە لە ئاکامی نەبوونی دامەزراوە لۆکاڵییەکان هاتبووە پێش. بۆ ئەم مەبەستە کەمالیستەکان هەر زوو خشین بەرەو ویلایەتە کوردنشینەکان‌و لەڕێگەی پڕوپاگەندەیەکی چڕیشەوە هەوڵی سەرنجڕاکێشانی کوردەکانیان دەدا، کە تاڕادەیەکی چاک سەرکەوتوبوون. گوتاری هاودینی‌و هاوچارەنوسی‌و هاومێژووییان وەگەڕخستبوو بۆ زەمانەتکردنی کوردەکان‌و وەگەڕخستنیان بەدژی هاوپەیمانان بە تایبەتی یۆنانییەکان. هاوکات کەمالیستەکان لە سەروبەندی سیڤەرو دواتریش دنیایەک بەڵێنیان بە کوردەکان دا لە بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە بگرە تا دەگاتە ئۆتۆنۆمی. کوردێکی بەرچاو کەوتنە ژێر کاریگەریی گوتارەکانی کەمالیستەکان بەتایبەتی ئاغاو دەرەبەگەکان کە کەمالیستەکان لە پەرلەمانەکەی خۆی جێگەی بۆ کردبوونەوە. بەواتایەکی دیکە، لەکاتێکدا کە کەمالیستەکان پڕۆئەکتیڤ بوون کوردەکان پاسیڤ یان ڕیئەکتیڤ بوون.

 
لەوکاتەی کە دەبوو دوای سیڤەر کوردانی باکور لەو شوێنەی کە دەبوا ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی لێ دابمەزرێت چالاکبن‌و خۆڕێکخەن‌و دەسەڵات‌و دامەزراوەی دەوڵەت دامەزرێنن کەچی کەمالیستەکان نەک هەر لەو ناوچانە چالاکبوون‌و دژایەتی هەموو بوونێکی دامەزراوەیی کوردیان دەکرد کەچی لە ناوچەکانی باشوری کوردستانیش چالاکبوون بۆ سەرنجڕاکێشانی کوردەکان‌و دژایەتیکردنی نفوزی بەریتانییەکان. ئەم کردارانەی کەمالیستەکان‌و کەمکرداری کوردەکان کەمالیستەکانی دەستپێشخەرو کوردی پاشکۆخستبوو‌، بەریتانییەکانیشی پاشەکشە پێ خستبوو. بەواتایەکی دیکە وای لە بەریتانییەکان کردبوو کە لە جیاتی بیرکردنەوە لە دامەزراندنی کیانێکی کوردی لە باشور لە هەوڵی لکاندنی باشوری کوردستان بن بە عێراق هەم بۆ پارستنی عێراق هەم بۆ کەمکردنەوەی نفوزی کەمالیستەکان لەناو کوردەکان.

 
خشانی کەمالیستەکان بۆ ئەو شوێنانەی کە وەک ناوچەی ئۆتۆنۆم لە پەیمانی سیڤەر دیاریکرابوون ڕێگری لە هەر هەوڵێک کرد بۆ جێبەجێکردنی پەیمانەکە، کە بەشێکی پەیوەندی بە پاسیڤبوونی کوردەوە بوو. کەمالیستەکان پێش کوردەکان، لە باکوری کوردستان، دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان ڕێکخستەوە. ئەوان لە پرۆئەکتیڤبوونیان بەردەوام بوون ئەویش بە ناردنی هەندێک لە هێزەکانیان بۆ باشوری کوردستان، بەمەش بەریتانی‌و کوردەکانیان خستە دۆخی بەرگریکردن. هێزەکانی کەمالیستەکان لە ڕەواندزو ڕانیەوە بگرە تا نزیک کۆیە بوون‌و چالاکیان هەبوو، بۆ ئەمەش سودیان لەو دەنگە ناڕازیانە وەردەگرت کە لە دەڤەرەکەدا لە دژی بەریتانییەکان پەیداببوون. بەڵێنی ئۆتۆنۆمیان بە گوێی خەڵکی ئەوێش دەچرپاند. ئەزموونی دەوڵەتداری‌و ڕێکخستنەوەو دامەزراندنەوەو کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە زەقی لە بەراوردکردنی تورکەکان بە کوردەکان دەردەکەوێت. کوردەکان بۆ سەپاندنی بڕگەو ماددەکانی سیڤەر لە بێ ئەزموونیدا لە هێرشکردن کەوتبوونە حالەتی بەرگریکردن‌و پاشکۆیەتی کردن، کەمالیستەکانیش ڕێک بە پێچەوانە، نەک هەر نەیانهێشت کوردەکان جڵەوی ڕووداوەکان بگرنە دەست بەڵکو لە ململانێیەکی سەختدابوون کە جڵەوەکە لە دەست هاوپەیمانەکانیش دەربێنن. هەر زوو وەک ئاماژەی پێکرا لە ململانێکانیان لەگەڵ فەڕەنسی‌و ئیتاڵی‌و یۆنانییەکان سەرکەوتوبوون، ئەوەی لە گۆڕەپانەکە مابوو بەریتانییەکان بوون کە لە هەمووان زیاتر لە پرسی کورد تێوەگلابوون.



10/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر